سارا ئه‌حمه‌دیان: میوزیکی كوردی ره‌سه‌نترین میوزیکی ئێرانه‌

سارا ئه‌حمه‌دیان: میوزیکی كوردی ره‌سه‌نترین میوزیکی ئێرانه‌
سارا ئه‌حمه‌دیان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ف ژەنە سه‌ركه‌وتوو و ناسراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ شاری كرمانشا هاتۆته‌ دنیا و هه‌ر له‌وێش ده‌ستی به‌ ژه‌نینی ده‌ف كردووه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند تیپی هونه‌ری جیاجیا كاری كردووه‌ و له‌گه‌ڵ گروپی بێسارانی سه‌ردانی باشووری كوردستانی كردووه‌ و له‌ كۆنسێرته‌كانی گرووپی ناوبراودا به‌ ژه‌نینی چه‌ند ئامێرێكی مۆسیقی به‌شدار بووه‌، له‌ ده‌رفه‌تێكدا چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی كرد، ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه‌.

* سه‌‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاری هونه‌ریت چۆن و كه‌ی بوو؟
- من له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه‌ ده‌ستم به‌ ژه‌نینی ده‌ف كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند ئامێری دیكه‌ش كارم كردووه‌، به‌ڵام پسپۆری خۆم ژه‌نینی ده‌فه‌.
* ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆژهه‌ڵات و به‌ شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین موزیك له‌ كام به‌ش زیاتر پێشكه‌وتووه‌؟
- كوردستان به‌ گشتی پێشینه‌یه‌كی مێژوویی زۆر كۆنی هه‌یه‌ و خاوه‌نی پێشینه‌ی ده‌ستییه‌ كه‌ هه‌ڵگیراو وپارێزراون، فه‌رهه‌نگ و مۆسیقای سوننه‌تی له‌ كوردستان به‌ شێوازی جیاجیا پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌و بواره‌ ده‌بینین مۆسیقا و مه‌قامی ره‌سه‌نی كوردی سه‌نگی خۆی هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م مۆسیقایه‌ كه‌ رۆژ دوای رۆژ له‌ پێشكه‌وتندایه‌ قابیلی ئه‌وه‌یه‌ سوودی لێ وه‌ربگیرێت و په‌ره‌ی زیاتری پێ بدرێت.
* له‌ ئێران مۆسیقای سووننه‌تی ره‌واجی هه‌یه‌ ئێوه‌ چۆن سوودتان له‌ مۆسیقای ئێرانی وه‌رگرتووه‌؟
- ئێستا له‌ ئێران مۆسیقا جۆراوجۆره‌كان ره‌واج و جه‌ماوه‌ری زۆریان هه‌یه‌، به‌ڵام مۆسیقای ره‌سه‌نی ئێرانی تا ئێستاش ئه‌و مۆسیقا سوننه‌تییه‌یه‌ كه‌ ئوستاد و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی هه‌وڵی پێشخستنی ده‌ده‌ن له‌ پاڵ ئه‌و مۆسیقا حیهانیانه‌ی كه‌ باسم كردن و هیچ كاتێك ره‌سه‌نایه‌تی خۆیان فه‌رامۆش ناكه‌ن و به‌ زیندوویی ده‌هێڵنه‌وه‌، منیش تا ئێستا سوودم له‌ مۆسیقای سوننه‌تی وه‌رگرتووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزم له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ئاشنای بووم.
* هه‌ست ده‌كه‌ن هیچ نزیك بوونێك له‌ نێوان مۆسیقای كوردی و ئێرانی هه‌یه‌؟
- مۆسیقای كوردی ره‌سه‌نترین و فراوانترین مۆسیقای لۆكاڵی بووه‌ له‌ ئێران، پیاوانی كوردستان مۆسیقا و گۆرانی زیندوو و جیاوازیان بۆ ئافره‌تانی كوردی وتووه‌ به‌تایبه‌تی له‌و ئاهه‌نگ و مه‌راسیمانه‌ی كه‌ ساز كراوه‌، له‌ بواری سۆفیگه‌ریی و ته‌نانه‌ت له‌ مه‌راسیمی‌ پرسه‌كانیشدا سوود له‌ مۆسیقا وه‌رگیراوه‌، ده‌توانین بڵێین مۆسیقای ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان بناغه‌یان زۆر له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن، بۆ نموونه‌ ده‌بینین مۆسیقای كوردستانی عێراق و زۆر له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ یه‌ك ریشه‌یان هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا مه‌قاماتی كوردی جۆراوجۆری هه‌یه‌ وه‌ك به‌یات، سیاچه‌مانه‌، هوره‌، ئه‌گه‌رچی زۆر جار ده‌بینین به‌ گشتی‌ مۆسیقای كوردی ده‌خرێته‌ ژێر كاریگه‌ری مۆسیقای سوننه‌تی ئێرانییه‌وه‌، مۆسیقا و مه‌قامی كوردی له‌ ده‌وروبه‌ر و له‌ ناوخۆی كوردستان به‌ چێوازی جیاجیا پارێزراو بووه‌، سه‌سه‌نترره‌ڕای ئه‌مه‌ش مۆسیقای كوردی یه‌كێكه‌ له‌ ره‌سه‌نترین مۆسیقاكانی ئێران كه‌ گۆزارشتی له‌ سه‌رده‌م و روودواو و مێژووی كوردی كردووه‌ و ئه‌م ره‌سه‌نایه‌تییه‌ش له‌ نێو فۆلكلۆری كوردی پاراستووه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی من مۆسیقای ئێرانی 7 ده‌ستگا پێكهاتووه‌ كه‌ ناونیشان و بابه‌تی ئه‌م ده‌ستگایه‌ مه‌رج و شێوازه‌كانی له‌ ئاوازی (قه‌تارەی) كوردی وه‌رگیراوه‌ كه‌ ئێمه‌ بە ده‌ستگای ژێدار ناویان ده‌به‌ین، مامۆستای مه‌زن محه‌مه‌دی ماملێ توانیی ئاواز بۆ حه‌یرانی كوردی دابنێت و تێكه‌ڵ به‌م ده‌ستگایانه‌ی بكات، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌ستێكی هاوبه‌شی مۆسیقی له‌ نێوان مۆسیقای سوننه‌تی كوردی و ئێرانی هه‌یه‌ و هه‌ستی پێده‌كرێت.
* ئێستا خه‌ڵك زیاتر رووی له‌ گۆرانی خێرایه‌، چۆن بتوانین گۆرانی ره‌سه‌نی كوردی زیندوو بكه‌ینه‌وه‌ له‌ زهنی تاكی كورد؟
- ئێستا جۆره‌ها مۆسیقا له‌ كوردستان بوونیان هه‌یه‌ و ئه‌م جۆره‌ مۆسیقایانه‌ش هه‌وادار و جه‌ماوه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ وردی له‌م دیارده‌یه‌ بڕوانین و به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ مۆسیقای كوردی ره‌نگه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ دوور نییه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر مۆسیقای كوردی درووست بكات، نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ ئێمه‌ خاوه‌ن چه‌ندین ئوستادی پایه‌ به‌رزین له‌ بواری مۆسیقا و گۆرانی كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ زیندوویی و ره‌سه‌نایه‌تی ده‌مینێته‌وه‌ وه‌ك عه‌لی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ك و چه‌ندانی دیكه‌، به‌ڕای من ئه‌گه‌ر بتوانین گه‌نجانی ئه‌مڕۆ به‌ به‌رهه‌می ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ ئاشنا بكه‌ین و مه‌قامه‌ كۆنه‌كان زیندوو بكه‌ینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك زانستی و درووستی، ئه‌وا ده‌توانین مۆسیقای كوردی چه‌ندین جار له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پێشی بخه‌ین، هه‌روه‌ها مۆسیقای كوردی كه‌ ئێستا په‌رت و بڵاوه‌ كۆ بكه‌ینه‌وه‌ و زیندوو بێته‌وه‌ له‌ زهنی تاكی كورد و ئه‌و ره‌سه‌نایه‌تییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌.
* له‌ باشووری كوردستان (كوردستانی عێراق) هونه‌ری كوردی له‌ به‌رده‌وامیدایه‌ ئایا پێتوایه‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ وه‌ك پێویست بووه‌؟
-بێگومان ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت له‌ باشووری كوردستان هونه‌ری كوردی له‌ پێشڤه‌چوونی به‌رده‌وامدایه‌، ئه‌مه‌ش بۆ چالاكی هونه‌ری به‌رده‌وام و درێژه‌پێدان به‌ كاری هونه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كار كردنی به‌رده‌وام و هه‌وڵدان بۆ سوود وه‌رگرتن له‌وه‌ی ئێستا له‌به‌ر ده‌ستدایه‌، ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌ری به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی مۆسیقای كوردی زیاتر كردووه‌.
* بوونی ئافره‌ت له‌ هونه‌ری كوردی چۆن ده‌بینن به‌تایبه‌تی له‌ بواری مۆسیقای سونه‌تی؟
-ئێستا بوونی ئافره‌ت له‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ری كوردی باشتر بووه‌، به‌ڵام ئێستا و له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا و له‌به‌ر گرفت و كێشه‌ی ناوخۆی و گرفتی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ست ده‌كرێ بوونی ئافره‌تان له‌ بواری مۆسیقا و گۆرانی كوردی وه‌ك پێویست نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ ئێستا به‌شێك له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندان چالاكی هونه‌ریی زۆریان هه‌یه‌ و بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و پێشڤه‌چوونه‌ی هونه‌ری كوردی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین كه‌ زیاتر له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئافره‌تان بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ و كاری خۆیان بكه‌ن و له‌ سنووردارییه‌ ئێستا هه‌یه‌ ده‌ربازیان بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ ئێرانن كه‌ توانای هونه‌رییان زۆره‌ بتوانن تواناكانیان ده‌ربخه‌ن.
* ئایا تێكه‌ڵاو بوون و نزیك بوون له‌ هونه‌ری عه‌ره‌بی و فارسی زیانی به‌ هونه‌ری كوردی نه‌گه‌یاندووه‌؟
-له‌ باره‌ی پێوه‌ندی نێوان مۆسیقای كوردی و عه‌ره‌بی ده‌توانم بڵێم ئه‌و هه‌سته‌ی له‌ مۆسیقای كوردی هه‌یه‌ ناكرێ به‌ یه‌كجاری جیایان بكه‌ینه‌وه و دوور نییه‌ به‌ هۆی تێكه‌ڵاوی ونزیكی جوگرافیی له‌ یه‌كترییه‌وه‌ جۆرێك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كتری هه‌بێت، له‌ هه‌مان كاتدا ناتوانین بڵێین زۆر له‌ یه‌كتر نزیكه‌ یان هاوشێوه‌یه‌ی یه‌كتره‌ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر مۆسیقا و هونه‌رێك تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌.

Top