حه‌لیمه‌ بولند په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات

حه‌لیمه‌ بولند په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا چه‌ند وێنه‌یه‌كی خانمه‌ راگه‌یاندنكاری به‌ناوبانگی كوێتی حه‌لیمه‌ بولند له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی لیبیا موعه‌مه‌ر قه‌زافی بڵاوكرایه‌وه‌، دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیش چه‌ند قسه‌وقسه‌لۆك ده‌رباره‌ی دیداره‌كه‌یان له‌ میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌ و تۆمه‌تی جیاجیا خرایه‌ پاڵ حه‌لیمه‌.
هه‌ندێك له‌ میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ حه‌لیمه‌ منداڵێكی له‌ قه‌زافی هه‌یه‌ و تاقمێك زێڕ و ئه‌ڵماسی پێشكه‌ش كردووه‌ و چه‌ندین تۆمه‌تی دیكه‌ی له‌و بابه‌ته‌، به‌ڵام حه‌لیمه‌ له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئاسمانی دوبه‌ی هه‌موو نهێنییه‌كانی دركاند و ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م تۆمه‌تانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك راست بن و به‌ دوور له‌ راستی له‌ قه‌ڵه‌می دان و به‌ هێرشێكی ناحه‌زانی خۆی زانی و وتی: جارێكیان قه‌زافی كۆمه‌ڵێك ئه‌ڵماسی پێشكه‌ش كردم وه‌ك رێزلێنانێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی نازناوی باشترین بێژه‌ری عه‌ره‌بی كه‌ نرخیان ده‌گه‌یشته‌ نزیكی یه‌ك ملیۆن دۆلار و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پێشكه‌شی كردم، جا نازانم هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رۆكێك وێنه‌ بگرێت ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ باسی بكه‌ن یان مه‌رجه‌ وێنه‌گرتن له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پاره‌ و په‌یوه‌ندیی نهێنی بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت واته‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ند و راگه‌یاندنكاره‌كانی دیكه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌.
حه‌لیمه‌ له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێ دابێت جوانیی خۆی به‌كاربهێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ چه‌ند مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت و راكێشانی سه‌رنجی پیاوان به‌و نازه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌كانیدا ده‌یكات و وتی : من هه‌میشه‌ به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ ژیان ده‌ڕوانم و ئه‌گه‌ر گرفتێكیشم هه‌بێت حه‌ز ناكه‌م بینه‌ر هه‌ستی پێ بكات، من به‌ سروشت وام حه‌ز ده‌كه‌م له‌ كاتی پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌ بینه‌ر به‌ ته‌واوی ئاگای له‌ به‌رنامه‌كه‌م بێت و سه‌رنجی بۆ به‌رنامه‌كه‌ رابكێشم، نه‌ك بۆخۆم.
Top