گولێ: پێچه‌وانه‌ی خەڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان خانه‌واده‌كـــه‌م پاڵپشتم بوون

گولێ: پێچه‌وانه‌ی خەڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان خانه‌واده‌كـــه‌م پاڵپشتم بوون
زۆرێك لەهونەرمەندانی كورد و بەتایبەتیش هونەرمەندانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌ ئه‌وروپا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هونه‌رمه‌ندانی باكووری كوردستانیش به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپا به‌رده‌وامن خزمەت بەهونەری كوردی و زۆریشیان پاراستنی ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری كوردی به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیانیان زانیوه‌، هونەرمەند گولێش یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ لە ئەوروپا دەژیێت و به‌رده‌وام خزمه‌تی به‌ هونه‌ری كوردی كردووه‌ و بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌ تواناكان، بەدەنگە خۆشەكەی خۆی جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەر له‌ كوردستان و له‌نێو ره‌وه‌ندی كوردی له‌ هه‌نده‌ران.

گولێ ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تاكانی هاتنه‌ نێو بواری گۆرانی وتن ده‌ستپێكی خۆی له‌و بواره‌ده‌ ده‌ڵێ: وه‌ك زۆربه‌ی گۆرانیبێژه‌ كورده‌كان چ ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان ده‌ژین یان ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن وه‌ك ئێمه‌، هه‌ر له‌ منداڵێیه‌وه‌ حه‌ز و خولیای گۆرانی وتنم هه‌بوو، به‌جۆرێك له‌و كاته‌ی كه‌ توانای قسه‌ كردنم هه‌بووه‌ له‌و كاته‌شه‌وه‌ حه‌زم له‌ گۆرانی وتن بووه‌ و له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكدا لاسایی هونه‌رمه‌ندانم ده‌كرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ گۆرانی وتن سه‌مام ده‌كرد، چونكه‌ من له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ر په‌روه‌ری ناوچه‌ی خنوسی شاری ئه‌رزه‌رۆم چاوم به‌ دونیا هه‌ڵهێناوه‌ و هاوكاری كردنی خانه‌واده‌كه‌م رۆڵێكی زۆر گرنگی هه‌بوو له‌وه‌ی كه‌ پێش بكه‌وم و بتوانم ئاستی هونه‌ری خۆم به‌رز بكه‌مه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئۆنده‌ر ده‌نیزی كوڕی برام كه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ ته‌مه‌ن له‌ منیش بچووكتره‌ و خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م (میدیا) زۆر پاڵپشت و هاریكارم بوو، چونكه‌ ئه‌وانیش له‌ خانه‌واده‌ی ئێمه‌ هونه‌رمه‌ند بوون و كاری هونه‌رییان كردووه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامن، ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشییه‌ دوای ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ریشم پێكهێنا ئه‌م پاڵپشتیه‌ به‌رده‌وام و هاوسه‌ریشم رێگر نه‌بوو به‌ڵكو هاریكار بوو له‌وه‌ی درێژه‌ به‌ كاری هونه‌ری بده‌م و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماندوو بوونی خۆم ئه‌گه‌ر هاوكاری ئه‌مانه‌ نه‌بووایه‌ من نه‌مده‌توانی به‌رده‌وامی بده‌مه‌ كاره‌كانی خۆم.
ئه‌م كچه‌ هونه‌رمه‌نده‌ی باكووری كوردستان شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خانه‌واده‌كه‌یان رێگر نه‌بوون له‌وه‌ی روو له‌ بواری گۆرانی وتن بكات، چونكه‌ ئه‌و له‌ ده‌ڤه‌رێك په‌روه‌رده‌ بوو كه‌ زۆر وابه‌سته‌ دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، به‌ڵام خانه‌واده‌كه‌ی هیچ كاتێك ئاسته‌نگیان بۆی درووست نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ هانده‌ری بووین بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ گۆرانی وتن بدات.
ده‌رباره‌ی هونه‌ری كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گولێ پێیوایه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان داگیر كراوه‌ و دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر چه‌ند پارچه‌یه‌ك و به‌ چه‌ند میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك دابه‌شكراون كه‌ هه‌ر یه‌كیان خاوه‌ن هونه‌ر و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی جیایه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بكه‌وێته‌ ژێ كاریگه‌ری كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌م میلله‌تانه‌شه‌وه‌ پێم وایه‌ كارێكی ئاساییه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ئێمه‌یه‌.
گولێ پێیوایه‌ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ چه‌ند هۆكارێك كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كیان بوونی نه‌بێت زه‌حمه‌ته‌ هونه‌رمه‌ند بتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت و دڵی جه‌ماوه‌ر رازی بكات یان ببێته‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری خۆی، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: زۆر جار خه‌ڵك سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌د بۆ خودی خۆی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام پێموایه‌ جگه‌ له‌ ماندووبوونی خودی هونه‌رمه‌ند پێویسته‌ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ش ره‌چاو بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند ته‌واو بكرێت ئه‌وانیش هونه‌رمه‌ند و ئاواز و شیعره‌، پێویسته‌ ئه‌م سێیانه‌ گونجانێكی ته‌واویان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتنی گۆرانی كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند ته‌واو ده‌بێت.
ده‌رباره‌ی خه‌ون و ئاواته‌كانی بۆ داهاتوو گولێ ده‌ڵێ: ئێمه‌ی كورد له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی جه‌نگ و كاولكارییه‌كانی جه‌نگه‌كانه‌وه‌ ئازاری زۆرمان چه‌شتووه‌ و ناڵاندوومانه‌، بۆیه‌ منیش وه‌ك هه‌ر كوردێك نه‌مانی جه‌نگ و وێرانكاری له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ر له‌ هه‌مووشیان له‌ كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ خه‌ون و ئاواته‌ هه‌میشییه‌كانم بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ئیدی به‌ ئاشتی و شادی بژین.



Top