چواره‌مین فیستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی كۆتایی هاتی

چواره‌مین فیستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی كۆتایی هاتی
ساڵانه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی خێزانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مای هه‌ولێر فیستیڤاڵی كورته‌ فیلمی نا بۆ توندوتیژی ساز ده‌كات و فیلمه‌ به‌شداربووه‌كانی گوزارشت له‌ په‌یامی نه‌هێشتنی توندوتیژی و یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌م ساڵیش له‌ رۆژانی 26-27/11/2013 له‌ هۆڵی پێشه‌وا چواره‌مین فیستیڤاڵی كورته‌ فیلمی توندوتیژی به‌ نمایش كردنی 18 فیلم ساز كرا و له‌ كۆی نزیكه‌ی 60-70 فیلمی هاتوو بۆ فیستیڤاڵ ئه‌م فیلمانه‌ هه‌ڵبژێردران دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی جیاواز بوو له‌ فیستیڤاڵی ئه‌م ساڵ له‌گه‌‌ڵ ساڵانی رابردوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میوانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی نه‌بوو و ته‌نیا هی پارێزگاكانی هه‌رێم بوون و ماوه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ش ته‌نیا دوو رۆژ بوو به‌مه‌ش ژماره‌ی فیلمه‌ نمایشكراوه‌كان كه‌متر بوو له‌ ساڵانی رابردوو.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌ك رێز گرتن له‌ كار و چالاكی چه‌ند ئافره‌تێكی‌ سینه‌ماكار و بۆ زیاتر هاندانی ئافره‌تان، له‌ ده‌ستپێكی فیستڤاڵدا لیژنه‌ی باڵای فیستیڤاڵ رێزی له‌ چوار ئافره‌تی هونه‌رمه‌ند نا، ئه‌وانیش بریتی بوون له‌: به‌یان عوسمان، سوهام حه‌سه‌ن، جوانه‌ سه‌عید و بینا قه‌ره‌داغی، وه‌ك رێز لێنانێك بۆ به‌شداری كردنیان له‌ كاری نواندن له‌ فیلم و دراما و شانۆ.
سه‌باره‌ت به‌م رێزلێنانه‌ خانمه‌ ئه‌كته‌ری به‌یان عوسمان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م رێزلێنانه‌ مایه‌ خۆشحاڵیی منه‌ و هه‌وڵێكی بۆ هاندانی زیاتر ئافره‌تان بۆ ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن به‌رده‌وام بن له‌ كاری هونه‌ر، چونكه‌‌ له‌ كوردستان ئافره‌تی زۆر به‌ توانا هه‌ن ئه‌گه‌ر بوار و هاوكاری هه‌بێت و كه‌سانێك هه‌بن كه‌ ده‌ستیان بگرن و تواناكانیان ده‌ربخه‌ن ئه‌وا ده‌توانن له‌ بواری نواندن به‌ گشتی داهێنانی زۆر بكه‌ن، هه‌روه‌ها خاتو سوهام حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ بواری نواندندا كار ده‌كات و سه‌ره‌ڕای ئه‌و گرفت و ئاسته‌نگانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ رووبه‌روویان بۆوه‌ ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌ كاری نواندن و له‌ كۆتاییدا بوونی خۆم سه‌لماند، بۆیه‌ زۆر خۆشحاڵم به‌م رێزلێنانه‌.
لیژنه‌یه‌كی دادوه‌ری دانرا بوو‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌ به‌شداربووه‌كان كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان ناسر حه‌سه‌ن وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان خاتوو مهاباد و هونه‌رمه‌ند محمد عه‌لی ئه‌تروشی و فیلمه‌ به‌شداربووه‌كان چه‌ند خه‌ڵاتێكیان بۆ ته‌رخان كرا بوو له‌وانه‌، خه‌ڵاتی تایبه‌تی لیژنه‌ی دادوه‌ران‌، و چوار خه‌ڵاتی تریش له‌وانه‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر و باشترین سیناریۆ و باشترین فیلم و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت، و به‌ قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌مای هه‌ولێر بۆیه‌ باشترین ئافره‌تیان داناوه‌، چونكه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئافره‌ت.
خه‌ڵات براوه‌كانیش به‌مه‌ شێوه‌یه‌ بوون:
باشترین ده‌رهێنان سامی كاكه‌ له‌ فیلمی (دوانیگا)
باشترین فیلمی دوكیومنتی فیلمی(خاتونی به‌دبه‌خت) له‌ ده‌رهێنان خالد حه‌مه‌لاو.
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ ئۆزگان كوچك له‌ فیلمی (په‌پوك).
باشترین مۆنتاژ بۆ سۆران ئیبراهیم له‌ فیلمی (رازی بوی یان رازی نه‌بووی).
باشترین كچه‌ ئه‌كته‌ر بۆ هه‌ڵاڵه‌ حوسێن زاده‌ له‌ فیلمی كازیوه‌ی له‌ ده‌رهێنانی شیرین محه‌مه‌د فه‌ره‌ج زاده‌
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لیژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین بیرۆكه درا به‌ فیلمی‌ (ماره‌ كردنی كچان له‌سه‌ر بێشكه‌) له‌ ده‌رهێنانی تۆفان ئه‌بوبه‌كر.
Top