ئالین: ئه‌گه‌ر شاره‌زای كه‌لتووری میلله‌تێك نه‌بیت ناتوانیت به‌ زمانیان گۆرانی بڵێیت

ئالین: ئه‌گه‌ر شاره‌زای كه‌لتووری میلله‌تێك نه‌بیت ناتوانیت به‌ زمانیان گۆرانی بڵێیت
خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ئالین به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك سه‌ردانی كوردستانی كرد و به‌شداریی له‌ كۆنسێرتێكی گۆرانی كرد، هه‌روه‌ها به‌شداریی له‌ چه‌ند به‌رنامه‌ و چالاكیی هونه‌ری كرد و بڕیار وایه‌ دووباره‌ سه‌ردانی كوردستان بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی هونه‌ری.

ئالین سه‌باره‌ت به‌ هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی رۆژئاوا بۆهه‌رێمی كوردستان و پێشوازی كردنی بێ وێنه‌ی حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان له‌ خوشك و براكانیان ده‌ڵێت: دوای زیاتر له‌ 60 ساڵ به‌سه‌ر داپڵۆسینی كوردانی رۆژئاوا و بێبه‌ش كردنیان له‌ مافی بوون، ئێستا ده‌رفه‌تێكی مێژوویی و بێ وێنه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و هه‌ركوردێك له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان دڵی خۆشە به‌وه‌ی كوردانی رۆژئاواش وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئازاد بن و قامیشلۆ ببێته‌ پایته‌ختی رۆژئاوا و ئومێدێكی زۆرمان بۆ دروست بوو به‌ ئازادی و رزگار بوون له‌ رژێمی دیكتاتۆر، به‌ڵام مخابن له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ رۆژئاوا روویاندا بوونه‌ مایه‌ی خه‌مباری و دڵگرانیی هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، چونكه‌ ئه‌و كوردانه‌ی ئێستا له‌ رۆژئاوا ماون ئه‌مانه‌ كه‌سانی قاره‌مانن و زۆرداری و سه‌ختیی ژیان و كوشتن و بڕین و شه‌هید قبوڵ ده‌كه‌ن له‌پێناوی ئه‌وه‌ی خاكی خۆیان جێنه‌هێڵن، من لێره‌وه‌ سه‌ری رێز و نه‌وازشیان بۆ داده‌نوێنم، من خۆشحاڵم كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌یان لێده‌كه‌ن و یارمه‌تییان ده‌ده‌ن، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بچێت كه‌ نابێ رۆژئاوای كوردستان چۆڵ بكرێت و هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی زیاتریان خاكی خۆیان جێبهێڵن ئه‌وه‌نده‌ كێشه‌كانمان زیاتر ده‌بێت و چاره‌سه‌ركردنی و گه‌یشتنمان به‌ مافه‌كانمان زیاتر دوا ده‌كه‌وێت بۆ به‌ر له‌ 60 ساڵ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌، بۆیه‌ هیوادارم ته‌نیا بیر له‌ جێهێشتنی وڵات نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ باجی ده‌ربه‌ده‌ری و كوشتن و كۆچ و برسییه‌تی، ته‌نیا سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتنه‌ به‌ خه‌ون و هێنانه‌دی ئاواته‌كانمانه‌، هه‌روه‌ها لێره‌ به‌ پێویستی ده‌زانم زۆر سوپاسی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ت و گشت خه‌ڵكی باشووری كوردستان بكه‌م بۆ ئه‌و پێشوازی و خزمه‌ته‌ی پێشكه‌شیان كرد به‌ خوشك و براكانیان .
هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی كوردانی رۆژئاوا كاری زۆریان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ك ساز كردنی كۆنسێرتی هونه‌ری له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان و سه‌ردانی كه‌مپه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ شێوازی جیاجیا له‌ رێگای میدیاكانه‌وه‌ پاڵپشتی خۆیان بۆیان ده‌ربڕی، له‌م باره‌یه‌وه‌ ئالین ده‌ڵێ: هونه‌ر خۆی جۆرێكه‌ له‌ شۆڕش، چونكه‌ كه‌سانێك به‌ چه‌ك و خه‌باتی چه‌كداری شۆڕش ده‌كه‌ن، كه‌سانێكی تر به‌ خوێندن و زانست و زانین، هه‌ندێكیش به‌ قه‌ڵه‌م شۆڕشگێڕن، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندیش به‌ ده‌نگی خۆی شۆڕشگێڕه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له‌ دۆخێكی له‌و جۆره‌دا رۆڵی خۆیان ببینن بۆ وشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و هاوكاری كردنی ئاواره‌كان، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ هونه‌رمه‌ندان به‌ ده‌نگ و هونه‌ری خۆیان داوای پته‌وتركردنی یه‌كگرتن و یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد و هێزه‌ سیاسییه‌كانی بكه‌ن كه‌ ئێستا بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌موو شتێكی دیكه‌ گرنگتره‌ ئه‌گه‌ر ته‌نیا به‌ یه‌ك سروودیش بێت كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م سرووده‌ كاریگه‌ری له‌ زۆر لایه‌نی ماددی زیاتر و كاریگه‌رتر بێت، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت به‌ گۆرانییه‌ك كه‌سێك ئاوا بكات له‌ هه‌مان كاتدا بیڕووخێنیت، بێگومان ئه‌م هه‌نگاوه‌ هیوای كوردانی رۆژئاوا زیاتر ده‌كات به‌ داهاتوویه‌كی گه‌ش و پڕشنگدار، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی بتوانن له‌ رووی ماددییه‌وه‌ هاوكاری بكه‌ن با درێغی نه‌كه‌ن یان به‌ سازكردنی ئاهه‌نگ كه‌ داهاته‌كه‌ی بۆ ئاواره‌كان بێت، زۆر له‌ هاوڕێیان داوایان لێكردم گۆرانی بۆ كوردانی رۆژئاوا بڵێم و پێیان وتم: بۆچی تا ئێستا بێده‌نگیت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه‌ و پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند بزانێت ئایا ئه‌و گۆرانییه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌گونجێت و كاریگه‌ریی چۆن ده‌بێت و ئایا بۆ كه‌سێكی دیاریكراو بێت؟ بۆیه‌ زۆر جار ئازادییه‌كی ته‌واوی نییه‌ له‌ كار كردن ئه‌و كاته‌ش ئه‌گه‌ر زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ كار نه‌كه‌یت ره‌نگه‌ زۆركاری خراپیش دروست ببن.
ئالین جگه‌ له‌ كاری هونه‌ری له‌ بواری پزیشكیی ده‌رمانسازی كار ده‌كات، به‌ڵام وا ناسراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر رێكوپێك كاته‌كانی خۆی دابه‌شكردووه‌ و توانیویه‌تی گونجانێك دروست بكات له‌نێوان كاری هونه‌ری و پزیشكیدا، له‌ 2011 سێیه‌م سیدی خۆی ته‌واو كرد، به‌ڵام دوای رووداوه‌كانی سوریا دایك و باوكی روویان له‌ هه‌ولێر كرد و له‌ هه‌ولێر دایكی تووشی نه‌خۆشی بوو، له‌م باره‌یه‌وه‌ ئالین ده‌ڵێ: نه‌خۆش كه‌وتن و دواتر كۆچی دوایی دایكم بووه‌ هۆی ئەوەی بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیاتر له‌ هه‌موو كارێكی هونه‌ری دووربكه‌ومه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌كه‌م ئاماده‌ بوو، ماوه‌ی چوار مانگه‌ ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرۆدته‌وه‌، ئه‌و سۆز و به‌ڵێنانه‌ی به‌ جه‌ماوه‌رم دابوون به‌رده‌وامم له‌سه‌ریان، له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ من زۆر پێشكه‌وتووم و كاری زۆرم ئه‌نجامداوه‌ و په‌یوه‌ندیی زۆر به‌هێزم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری رۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ڵمانیا هه‌یه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من به‌ 5 زمان گۆرانی ده‌ڵێم له‌وانه‌ زمانی ئه‌ڵمانی زۆریان پێخۆش بوو، وه‌زیری رۆشنبیری ئه‌ڵمانی پێی وتم یه‌كه‌م جاره‌ له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی كورد و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش كه‌سێك ببینم به‌و هه‌موو زمانه‌ گۆرانیی بڵێ و له‌رووی فۆنه‌تیكه‌وه‌ زۆر به‌باشی گۆرانییه‌كان ده‌ڵێیت وه‌ك زمانی دایك، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ی ئه‌ڵمانی مایه‌ی سه‌رنج و گرنگی پێدانه‌، له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ڵمانی نین و به‌ زمانی ئه‌وان گۆرانیی ده‌ڵێن رێزیان لێده‌گیرێت و یارمه‌تی ده‌درێن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ڵمانی گۆرانییه‌كی تایبه‌تی بۆ منداڵان بۆم ئاماده‌ كرد به‌ هه‌ردوو زمانی ئه‌ڵمانی و كوردی، له‌لایه‌كی دیكه‌ من گۆرانییه‌كم به‌ زمانی ئینگلیزی ئاماده‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین ئه‌ستێره‌كانی گۆرانی و موزیكی ئه‌ڵمانی، من ئه‌م گۆرانییه‌ وه‌ك دیارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ گه‌لی كورد ده‌كه‌م و هیوادام ببێته‌ هه‌نگاوێك بۆ نزیك كردنه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی و ئه‌ڵمانی، هه‌روه‌ها گۆرانییه‌كی تایبه‌تم بۆ كوردانی رۆژئاوا و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستایان وتووه‌ و به‌ كلیپ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
ئالین ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌ڵمانی و بانگهێشتكردنی بۆ ئاهه‌نگه‌كان ده‌ڵێت: من سه‌ره‌تا كاری زۆرم ئه‌نجامدا تا له‌وێ ناسرام و ئێستاش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كورد ناسراوم له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ زۆر ئاهه‌نگ به‌شداریی بكه‌م، ناسین و گۆرانیی وتن به‌ زمانی ئه‌ڵمانی وایكردووه‌ كه‌ شاره‌زاییه‌كی زۆرم له‌ كه‌لتووریان هه‌بێت، چونكه‌ من به‌ر له‌وه‌ی گۆرانیی بڵێم هه‌وڵ ده‌ده‌م بچمه‌ نێو رۆحی ئه‌و میلله‌ته‌ و زۆر شاره‌زایان بم، بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ویستی كۆمه‌ڵگاكه‌یان گۆرانیی بڵێم و ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌م ناتوانم گۆرانییه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی بڵێم و حه‌قی خۆی پێناده‌م و پێموایه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو له‌ ئه‌ڵمانیاش وه‌ك كوردستان بناسرێم.





Top