سه‌میره‌ سه‌عید: له‌ هیچ شـتێك په‌شیمان نیم

سه‌میره‌ سه‌عید: له‌ هیچ شـتێك په‌شیمان نیم
سه‌میره‌ سه‌عید یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی هونه‌ری و ژیانی ئاسایی خۆیدا به‌ هێمن ناسراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆر به‌ سه‌ركه‌وتوویی پێ بگات، گۆرانییه‌كانی ئیقاعێكی خێرا و تامێكی هونه‌ریی هاوچه‌رخی تێدایه‌، كه‌چی ئه‌و هه‌میشه‌ به‌دوای شتی نوێدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌رچه‌نده‌ ناوبانگی زۆره‌ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆریشه‌، به‌ڵام به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ژیانی ناسه‌قامگیره‌ بۆیه‌ دوو دڵه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ میسر بمێنێته‌وه‌ یان بگه‌ڕێته‌وه‌ مه‌غریب یانیش له‌ له‌نده‌ن بژیت له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی، له‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌میره‌ باس له‌چه‌ند لایه‌نێكی ژیانی خۆی ده‌كات.



* بۆچی به‌شداریت له‌ به‌رنامه‌ی (زه‌ ڤۆیس)دا نه‌كرد كه‌چی به‌شداریت له‌ (صوت الحیاة‌)دا كرد؟
- حه‌زم ده‌كرد به‌شدار بم، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نەڕە‌خسا، سه‌باره‌ت به‌ كه‌ناڵی (الحیاة)، ئه‌مه‌ له‌ كاتێك بوو دوای ئه‌وه‌یه‌ (شادی)ی كوڕم چووه‌ له‌نده‌ن بۆ ته‌واو كردنی خوێندنی و یه‌كه‌م جار بوو دوای حه‌ڤده‌ ساڵ لێم دووركه‌وێته‌وه‌، من كاتێكی زۆرم به‌ده‌سته‌وه‌ بوو بۆیه‌ رازی بووم به‌شداری بكه‌م له‌و كه‌ناڵه‌، زۆر كه‌س وایان بڵاو كرده‌وه‌ گوایه‌ من په‌شیمانم به‌شداریم له‌ به‌رنامه‌ی (زه‌ ڤۆیس) دا نه‌كردووه‌، به‌ڵام هیچ شتێك نییه‌ له‌ ژیانم لێی په‌شیمان بم.
* ئه‌ی سه‌یری به‌رنامه‌كه‌ت ده‌كرد؟
- بێگومان، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ نایابه‌كان و چه‌ندین به‌هره‌ی هونه‌ری ده‌ناسێنێت، به‌ڵام به‌رنامه‌ی (صوت الحیاة‌) تایبه‌ته‌ به‌ به‌هره‌ میسرییه‌كان واته‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی میسره‌ و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك به‌شدارییان تێدا كرد كه‌ من به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بووم بۆ بینینیان له‌وانه‌ ئاوازدانه‌ر حلمی به‌كر و هونه‌رمه‌ند هانی شاكر.
* بیرت له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌ساڵه‌ نه‌سری پێشكه‌ش بكه‌یت؟
- به‌ڵێ بیرۆكه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا پێشكه‌شی هیچ كه‌ناڵێكم نه‌كردووه‌، ئه‌ساڵه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ی، من زۆر خۆشم ده‌وێ و زۆریش سه‌رسامم به‌ راستگۆییه‌كه‌ی.
* چی له‌ ژیان فێر بوویت؟
- ژیان فێری ئه‌وه‌ی كردم كه‌ ده‌ست نه‌خه‌مه‌ نێو كاروباری هیچ كه‌سێكەوە و رێگاش نه‌ده‌م هیچ كه‌سێك ده‌ست بخاته‌ نێو كاروباری تایبه‌تی منه‌وه‌، شوره‌یه‌كم بۆ ژیانی خۆم داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میدیاكان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌واڵه‌كانی من نه‌گوازنه‌وه‌، چونكه‌ من به‌ سروشت زۆر له‌ خۆم ده‌ترسم هه‌ر بۆیه‌ش زۆر راستگۆم له‌ كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌مدا.
* كه‌واته‌ تۆ زۆر چالاكی له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ( فه‌یسبوك و تویتەر‌) ؟
- ئه‌وه‌ی راستی بێت، من سه‌ره‌تا له‌ تویته‌ر شتم ده‌نووسی و به‌رده‌وام بوونم هه‌بوو ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ پروپاگه‌نده‌ بوو بۆ به‌رنامه‌ی (صوت الحیاة‌) و ئه‌گه‌ر زیاتر چالاك بم ئه‌وا ئه‌و وێنانه‌ بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ كاره‌كه‌مه‌وه‌، رقم له‌ شتی ناشیرین و خراپه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌ تویته‌ر ده‌ینووسن، چونكه‌ وه‌ك ده‌یبینم تویته‌ریان كردۆته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی حیساباتی كۆنیان.
* هۆكاری چی بوو ئه‌لبوومه‌كه‌ت بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ دواكه‌وت؟
- چه‌ند گرفتێكم هه‌بوو و كاتێك گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ر محن جابر كۆتایی پێهات، به‌ قۆناغێكدا تێپه‌ڕیم كه‌ زۆر دوودڵ بووم له‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌م به‌رهه‌م بهێنم یان نه‌؟ دواتر شۆڕش و به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ستیان پێكرد و بارودۆخ به‌ ته‌واوی گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات بۆیه‌ ئه‌لبوومه‌كه‌شم دواكه‌وت.
* دوای شۆڕشی میسر و تێكچوونی بارودۆخه‌كه‌ به‌ گشتی بیر له‌وه‌ ناكه‌یته‌وه‌ به‌ یه‌كجاری بگه‌ڕێیته‌وه‌ مه‌غریب و میسر جێ بهێڵیت؟
- من هیچ كاتێك مه‌غریبم جێنه‌هێشتووه‌، هه‌میشه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌م و خزم و كه‌س و خوشك وبراكانیشم له‌ ریبات‌ ده‌ژین، به‌ڵام ئێستا بیرۆكه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاری بۆ مه‌غریب دوور نییه‌ ته‌نانه‌ت خوشكێكم له‌ ئه‌مریكایه‌ ئه‌ویش بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موومان له‌ مه‌غریب كۆببینه‌وه‌.
* بیرت له‌ فرۆشتنی موڵكه‌كانی میسر نه‌كردۆته‌وه‌؟
- تا ئێستا هیچ شتێكم نه‌فرۆشتووه‌، خانوویه‌كم له‌ قاهیره‌ هه‌یه‌ و یه‌كێكیش له‌ مه‌غریب، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ رۆژگار بگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی راستی بێت من ئێستا له‌ حاڵه‌تی سه‌قامگیردا ناژیم و نازانم له‌ قاهیره‌ ده‌مێنمه‌وه‌ یان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ مه‌غریب یانیش له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌م له‌ له‌نده‌ن ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م.
* تا چه‌ند گه‌شبینیت به‌ بارودۆخی ئێستای وڵاتانی عه‌ره‌بی؟
- من هه‌میشه‌ گه‌شبینم و هیچ كاتێك گه‌شبینی خۆم نه‌شاردۆته‌وه‌، به‌ڵام گه‌شبینی به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌ و پێویسته‌ كار بكه‌ین بۆ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانمان، پێموایه‌ بارودۆخی سیاسی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ره‌و باشتر ناڕوات ئه‌گه‌ر ئازادی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراسی نه‌یه‌نه‌ دی، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌رفه‌تی كاری یه‌كسانیان بۆ بڕه‌خسێت.
* ترسی ئه‌وه‌ت نییه‌ توندڕۆكان هونه‌ر بشێوێنن؟
- ترسم له‌ هونه‌ر نییه‌، چونكه‌ هونه‌ر هه‌میشه‌ ئامڕازێكه‌ بۆ به‌رگری و هه‌میشه‌ توانای به‌رگری و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌بووه‌، من دژی توندڕۆییم و كه‌سێكی میانڕۆم له‌ هه‌موو شتێكدا و دڵنیام هونه‌ر زۆر به‌هێزتره‌ له‌ توندڕه‌وی و توندڕۆكان.
* وه‌ك مرۆڤێك تا چه‌ند له‌ دواڕۆژی خۆت ده‌ترسیت؟
- نه‌خێر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ ترسه‌م نییه‌، چونكه‌ بۆ هه‌موومان ژیان گه‌شتێكه‌ و هه‌رچۆنێك بێت و بۆ كوێ بچیت هه‌ركۆتایی دێت و من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ مردن ناترسم، راسته‌ پێشتر ئه‌و ترسه‌م هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا بیر له‌وه‌ ناكه‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی پێگه‌یشتنه‌ كه‌ من له‌ ناخی خۆمدا هه‌ستی پێده‌كه‌م.
* به‌هۆی خوێندنی له‌ له‌نده‌ن (شادی)ی كوڕت ناچاربوو لێت دووركه‌وێته‌وه‌، كاریگه‌ریی ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ چۆن بوو له‌سه‌ر سه‌میره‌ سه‌عید؟
- له‌ سه‌ره‌تا زۆر زۆر ناخۆش بوو به‌تایبه‌تی كه‌ دوای حه‌ڤده‌ ساڵ ئه‌مە جاری یه‌كه‌مه‌ شادی لێم دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ یه‌كه‌م جار چووه‌ له‌نده‌ن من ماوه‌ی سێ مانگ له‌گه‌ڵی مامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رای بهێنم له‌سه‌ر ژیانی له‌نده‌ن ئینجا گه‌ڕامه‌وه‌ میسر، به‌ڵام كاتێك چوومه‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ستم به‌ بۆشاییه‌كی زۆر كرد و بۆ ماوه‌یه‌ك ژیانێكی ناخۆش و دووره‌ په‌رێزیم به‌سه‌ر برد، چونكه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی كه‌ شادی جێیهێشت تووشی خه‌می كردم كه‌ یه‌كه‌م جار بوو هه‌ستی پێبكه‌م، ئێستا تا رادده‌یه‌ك له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ی راهاتووم، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژیم هه‌رئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند كار و به‌رنامه‌ی هونه‌ری داببڕێم، هه‌ر ئه‌ویش بوو وایكرد رازی بم له‌ به‌رنامه‌ی (صوت الحیاة‌)دا به‌شداری بكه‌م.

پرۆفایل:


له‌ دایكبووی ساڵی 1959ی مه‌غریبه‌، له‌ هه‌شت ساڵی ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌و ئێستا له‌ میسر ده‌ژیت.
ساڵی1970 له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵێدا یه‌كه‌م ئه‌لبوومی بڵاوكرده‌وه‌ و ساڵی 1977 له‌ ئیمارات یه‌كه‌م ئه‌لبوومی به‌ زاراوه‌ی كه‌نداوی بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ ژیانیدا 46 ئه‌لبووم و 500 گۆرانی پێشكه‌ش كردووه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی جیاجیای به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌وانه‌ خه‌ڵاتی (BBC International Music Awards)، هه‌روه‌ها شا محه‌مه‌دی شه‌شه‌م خه‌ڵاتی (وسام القائد)ی پێشكه‌ش كرد.
دووجار هاوسه‌رگیری كردووه‌ و له‌ هه‌ردووكیان جیابۆته‌وه‌، كوڕێكی هه‌یه‌ له‌ هاوسه‌ری دووه‌می به‌ناوی شادی.




Top