كانجانا به‌ هه‌موو دیمه‌نێك رازی نییه‌

كانجانا به‌ هه‌موو دیمه‌نێك رازی نییه‌
ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی بۆلیۆد كانجانا رانۆت به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ فیلمه‌كانیدا زۆر سنوور ده‌به‌زێنێت و گوێ به‌ قسه‌ و ره‌خنه‌كانی كۆمه‌ڵگا نادات، چونكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ هیندییه‌كان پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی كانجانا ئه‌نجامی ده‌دات زۆر دووره‌ له‌ دابونه‌ریتی هیندی و هیچ كاتێك بۆلیۆد پشتی به‌و جۆره‌ فیلمانه‌ نه‌به‌ستووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش كانجانا دوودڵه‌ له‌ نواندنی چه‌ند دیمه‌نێكی وروژێنه‌ر له‌ فیلمه‌ نوێیه‌كه‌ی (Rajjo) و دوور نییه‌ ره‌تی بكاته‌وه‌، چونكه‌ پێویسته‌ له‌ دیمه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ كوڕێكی هه‌رزه‌كار ده‌ركه‌وێت ئه‌ویش ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ره‌تیشی نه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا چه‌ند مه‌رجێكی تایبه‌تی ده‌بێت، چونكه‌ رازی نییه‌ له‌ دیمه‌نێكدا به‌شدار بێت كه‌ خۆشه‌ویستی تێدا بێت له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ، هه‌روه‌ها كانجانا پێشتریش بێزاریی خۆی ده‌ربڕی بوو له‌ سیناریۆی فیلمه‌كه‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلمه‌كه‌ ناچار بوون سیناریۆكه‌ی بگۆڕن، ئه‌وه‌ی زیاتر كانجانای بێزار كرد بوونی ئه‌ستێره‌ی هه‌رزه‌كاری هیندی باراس ئه‌رۆرایه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆریش هه‌وڵیدا خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كه‌، به‌ڵام زۆر شه‌رمی ده‌كرد و تووشی دڵته‌نگی هاته‌وه‌ و نه‌یتوانی وه‌ك پێویست ڕۆڵه‌كه‌ی بگێڕیت و به‌ ده‌رهێنه‌ری راگه‌یاند باراس وه‌ك منداڵ وایه‌ بۆ بینه‌ران نه‌ك كه‌سێك له‌ خۆشه‌ویستیی بزانێت، هه‌روه‌ها له‌ رووی یاساییشه‌وه‌ ته‌مه‌نی رێگای پێنادات له‌م‌ جۆره‌ دیمه‌نانه‌ ده‌ركه‌وێت. به‌پێی قسه‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ له‌كاتی وێنه‌گرتنی دیمه‌نه‌كاندا باراس وه‌ك منداڵی كانجانا ده‌هاته‌ به‌رچاو و ئه‌ویش تووشی بارودۆخێكی ده‌روونیی ناخۆش بۆوه‌.
Top