ئیلهام مەدفەعی:ئەگەر هۆنراوەیەکی جوانم دەست بکەوێ کارێکی جوان بۆ کوردستان ده‌كه‌م

ئیلهام مەدفەعی:ئەگەر هۆنراوەیەکی جوانم دەست بکەوێ کارێکی جوان بۆ کوردستان ده‌كه‌م
یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ ستایلێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ تێكه‌ڵ كردنی گیتارژه‌نینی رۆژئاوایی به‌ گۆرانی فۆلكلۆری عێراقیدا ده‌بینێته‌وه‌ و تا رادده‌یه‌كی زۆر تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌جۆرێك ناوی ئیلهام مه‌دفه‌عی به‌ گیتاری رۆژئاوایی به‌ ئه‌دا و ده‌نگیشه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌و شێوازه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ئیلهام له‌سه‌ری به‌رده‌وام بوو و په‌ره‌ی پێدا به‌ كارێكی زۆر گه‌وره‌ داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نه‌بووه‌ و له‌ ده‌ره‌نجامی شه‌ونخوونی و ماندووبوونێكی زۆره‌وه‌ هاتووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی موفره‌داتی مۆسیقای رۆژهه‌ڵاتی بۆ مۆسیقایه‌كی رۆژئاوایی ته‌نانه‌ت داهێنانێكی نوێی دروستكرد كه‌ ئێستا به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ ناسراوه‌ له‌وانه‌ش ئه‌و ئیقاعانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مقاماتی عێراقی ئه‌نجامی ده‌دات، شاره‌زایی ئیلهام له‌م شێوازه‌ رۆژئاواییه‌ وای كرد كه‌ ئیلهام خۆی بڵێ: من مرۆڤێكی رۆژئاواییم به‌ گیانێكی عێراقی، رۆژی 19/9/2013 له‌ شاری سلێمانی ئاهه‌نگێكی ساز كرد، له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌م ئاهه‌نگەدا‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد.
دیمانه‌/ هه‌وراز چنگیانی



* ئەمە چەندەمین جارە دێیتە شاری سلێمانی؟
- بە خۆشحاڵییەوە من چەند جاری تر هاتوومەتە سلێمانی،بەڵام سه‌ردانه‌كانم هونه‌ری نه‌بوون به‌ڵكو وەکو سەردانی ئاسایی و بۆ بینینی چه‌ند هاوڕێ و دۆستێكم كه‌ لێره‌ن.
* ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كۆنسێرت و كاری هونه‌ری ئه‌مه‌ چه‌نده‌م ئاهه‌نگه‌ له‌ سلێمانی سازی ده‌كه‌ی؟
- من لە ساڵانی حەفتاکاندا لەگەڵ هاوڕێیان و ئازیزانم سەردانی زانکۆی سلێمانیمان کردووە و چەندین کۆنسێرتمان ئەنجام داوە لەو شارە ئازیزە و خۆشحاڵم کە ئێستا ئەو یادگارە باس دەکەم كه‌ له‌ یادگاریمدا زیندوو ده‌بنه‌وه‌، به‌ڕاستی رۆژگارێکی زۆر جوان و خۆش بوو، جگه‌ له‌ چه‌ند كۆنسێرتێك تاکو ئێستا هیچ‌کارێکی دیكه‌ی هونەریم لە کوردستان ئەنجام نەداوە.
* بە بۆچوونی ئێوە ساڵانی حەفتاكان له‌گه‌ڵ 2013 له‌ چ روویه‌كه‌وه‌ جیاوازییان هه‌یه‌؟
- بە شێوازێکی زۆر گۆڕانکاری بەسەر کوردستاندا هاتووە ئەمه‌ نیشانەی پێشکەوتنە و وا دەردەخات شان با شانی وڵاتانی پێشکەوتوو کاردەکات و به‌ره‌و پێشكه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێ،بۆ ئێمەی عێراقی ئه‌مه‌ شتێکی جیاوازە به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا کە ئەم پێشکەوتنە لە کوردستان دەبینین زۆر پێی خۆشحاڵ ده‌بین.
* وەک هونەرمەندێکی عێراقی و ناسراوی جیهانی شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە، بۆچوونی تۆ چییە سەبارەت بەو شارە و ئه‌و نازناوه‌؟
- ئەو شارە پێناسەی خۆی کردووە لە پێشکەوتنی ڕۆشنبیری خۆیدا ئێستا دەبینم چەندین زانکۆی تێدا کراوەتەوە کە خزمەت بە گەنج و لاوانی ئەم وڵاتە دەکات،کەم نییە لە پارێزگایەکدا 6 زانکۆی جیاجیا هەبێت
* لە ماوەی ڕابردوودا ئەو هونەرمەندە کوردانە کێبوون کە هاوڕێت بوون؟
- بێگومان هاوڕیی خۆشەویست و ئازیزم هەبووە لە هونەرمەندانی کورد یەکێک لەوانە خوالێخۆشبوو حەمە جەزا بوو کە لە ساڵی حەفتاکاندا لە شەقڵاوە چاومان بە یەکتری کەوت و هاوڕێیەتی و دۆستایەتیمان دەستی پێکرد.
* پیناسەی کورد و کوردستان چییە لای تۆ؟
- کوردستان هەمیشە و هەموو کاتێک لە خوێنمدا دەژی لەبەرئەوەی من لە بنەڕەتدا کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم، باوکم دزەییە و دایکیشم شێروانییە، زۆربەی هاوینەکانی خۆم لە کوردستان بەسەربردووە لە شەقڵاوە و حاجی ئۆمه‌ران و ناوچه‌كانی دیكه‌ وخوشک و براو کەسوکاریشم دەهاتن و خۆشترین کاتیشمان بەسەر دەبرد به‌یه‌كه‌وه‌ لەو کاتانەدا سەردانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکامان نەدەکرد تەنها سەردانی ناوچەکانی کوردستانمان دەکرد، چونكه‌ بە بۆچوونی من ئەو سروشتە جوانەی لەو سەردەمەدا هەبوو زۆر جوانتر بوو لە ئێستا کە زۆربەی کراوە بە باڵەخانە، بەڵام کە سەیری چیاکان و تاڤگەکانی کوردستان دەکەم هەستێکی خۆش و جوانم پێدەبەخشێت.
* ئەوەندە سەرسامی بە سروشتی کورستان هیچ بەرهەمێکت هەیە بۆ کوردستان؟
- بەداخەوە تاکو ئێستا شتێکی تایبەتم نییە بۆ کوردستان، بەڵام خۆشحاڵ دەبم ئەگەر هۆنراوەیەکی بە پێز و جوانم دەست بکەوێ کارێکی جوان دەکەم بۆ کوردستان .
* گوێ لە ئاواز و گۆرانی کوردی دەگری؟
- من زۆر سەرسامم بە ئاوازی ڕەسەنی کوردی کە زۆر کات گوێیان لێ دەگرم بەتایبەت هونەرمەند و هاوڕێی خۆشەوسیتم عومەر دزەیی لە بەرنامه‌شماندایە پێکەوە کۆنسێرتێک ئەنجام بدەین ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، ئەگەر ڕێکبخرێت ئەو کۆنسێرتە ئەرکێکی گەورەم لەسەر شان لادەچێت.
* چ جیاوازیەک دەبینی لە نێوان نەوەی ڕابردوو نەوەی ئێستا؟
- لەم سەردەمەدا پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبینرێ لە میدیا و هونەردا وەکو زیاد بوونی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، چونکە هونەرمەندان ده توانن زیاترکارەکانی خۆیان پەخش بکەن ئەوەش ڕێگایەکی فراوانی کردەوە بۆ هونەرمەندان بۆ ئەوەی بێنە ناو مەیدانی هونەری بۆیە دەتوانن بە ئاسانترین شێوە دەنگیان بگەیەنن بە هاوادارانی خۆیان، بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا بەو شێوەیە نەبوو زۆر بە ئەستەم دەمان توانی کارەکانی خۆمان له‌ تەلەفزیۆن پەخش بکەین.
* ئەو کار ئاسانی و پێشکەوتنەی کە ئێستا هەیە یارمەتیدەرە یان زیان بەخشە بۆ هونەرمەندان ؟
-بێگومان یارمەتیدەرە بۆ کارەکانیان .
* لە کۆتاییدا چ ‌پەیامێکت هەیە بۆ گەلی کورد و کوردستان؟
- گەلی کورد ئازیز و خۆشەویست و براو ڕۆحی راسەقینەی منن حەز دەکەم لێرە له کوردستان بژیم
* ئەمە ئاواتی تۆیە یان بەرنامەی داهاتووتە کە لە کوردستان بژی؟
- هەرچەندە تەمەنێکی زۆرم بەسەر بردووە و کاتێکی زۆرم لەدەست چووە بەڵام کات ماوە بۆ ئەوەی لە کوردستاندا باقی ژیانم بەسەر بەرم بە تایبەتی کە ئێست هه‌ولێربۆتە پایتەختی گەشتیاری و ڕۆشنبیری و لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە.



Top