گورانیبێژێكی ناوداری عه‌ره‌ب: ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستانه‌‌ی له‌ هه‌ولێر روویدا، ئامانجی تێكدانی ره‌وشی ئارام و جوانی هه‌رێمی كوردستان و پایته‌خته‌ جوانه‌كه‌یه‌تی

گورانیبێژێكی ناوداری عه‌ره‌ب: ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستانه‌‌ی له‌ هه‌ولێر روویدا، ئامانجی تێكدانی ره‌وشی ئارام و جوانی هه‌رێمی كوردستان و پایته‌خته‌ جوانه‌كه‌یه‌تی
ژنه‌ هونه‌رمه‌ندی سوری، مه‌یاده‌ حه‌ناوی، به‌توندی ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێی هه‌ولێری مه‌حكوم كرد، و رایگه‌یاند, ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجام داوه‌، خه‌ڵكانی دژ به‌ مرۆڤ و دینن، وتیشی، من هۆش و دڵم لای هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌تایبه‌تیش لای هه‌ولێره‌، له‌ خوای گه‌وره‌ ده‌پاڕێمه‌وه‌ ره‌وشی ئه‌و ناوچه‌ جوانه‌ هه‌میشه‌ به‌ ئارامی و به‌ جوانی بمێنێته‌وه‌.



مه‌یاده‌ حه‌ناوی له‌و په‌یامه‌یدا رایگه‌یاند:“زۆر به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ ئامانجی تێكدانی ره‌وشی ئارام و جوانی هه‌رێمی كوردستان و پایته‌خته‌ جوانه‌كه‌یه‌تی، ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجام داوه‌، خه‌ڵكانی تاریكیپه‌رست و دژ به‌ مرۆڤ و دینن، چاویان به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی كوردستان هه‌ڵنایه‌”.



حه‌ناوی ئه‌وه‌شی وت: “من هۆش و دڵم لای هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌تایبه‌تیش لای هه‌ولێره‌، له‌ خوای گه‌وره‌ ده‌پاڕێمه‌وه‌ ره‌وشی ئه‌و ناوچه‌ جوانه‌ هه‌میشه‌ به‌ ئارامی و به‌ جوانی بمێنێته‌وه‌، شه‌هیده‌كان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بن و برینداره‌كانیش به‌ زووترین كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو ژیانی خۆیان."



ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هیواشی خواست ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیانه‌وه‌ن، به‌ زووترین كات بكه‌ونه‌ ده‌ست یاسا و عه‌داله‌ت و به‌ سزای شایه‌ن به‌و تاوانه‌یان بگه‌ن.



ئاماژه‌یدا:“خه‌ڵكی كوردستان قوربانیی زۆریان داوه‌ تا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌م رۆژه‌ و شایه‌نی ژیانێكی ئارام و پێشكه‌وتوون، بۆیه‌ دڵنیام ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌، ره‌وڕه‌وه‌ و كاروانی پێشكه‌وتنی گه‌لی كوردستان راناگرێت و هه‌ر به‌ ئامانجی خۆیان ده‌گه‌ن."



هونه‌رمه‌ند مه‌یاده‌ حه‌ناوی گۆرانیبێژێكی ناوداری عه‌ره‌بییه‌ و له‌جیهانی عه‌ره‌بی هه‌واداری زۆری هه‌یه‌، ئه‌مساڵ گۆرانیییه‌كی به‌ناوی كوردستان تۆماركرد، كه‌ له‌ هۆنراوه‌ی شاعیری عه‌ره‌ب و عێراقی محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری بوو و ئاوازی هه‌ڵكه‌وت زاهیر بوو.
Top