نزار سه‌لامی:هه‌ندێك دراما دۆبلاژكراوه‌كان بۆ پێشكه‌ش كردن ناگونجێن
* ئێستا خه‌ریكی چیت و چی نوێت هه‌یه؟
- فیلمێكی سینه‌ماییم ئاماده‌یه بۆ نمایش كردن كه بڕیاروایه به‌م نزیكانه نمایش بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه له كوێ نمایش ده‌كرێت.
* ئه‌ی بۆچی له مانگی ره‌مه‌زان له هیچ به‌رهه‌مێك ده‌رنه‌كه‌وتیت؟
- له راستیدا سه‌رقاڵی كاری كۆمپانیا بووم، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك پێیان گوتم بۆ به‌شداری كردن له چه‌ند كارێكدا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم حه‌زم نه‌كرد، بڕیارمدا له هیچیان به‌شدار نه‌بم.
* له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداریت نه‌كرد وه‌ك ئه‌كته‌ر،وه‌ك بینه‌رێك دراماكانی ره‌مه‌زانت چۆن بینی ؟
- هه‌ڵبه‌ت دیاره له هه‌ر شوێنێك چۆن كاری باش هه‌یه به‌م شێوه‌یه كاری خراپیش ده‌بێت، سه‌باره‌ت به دراماكانی مانگی ره‌مه‌زان خۆشحاڵم كه ئه‌م ساڵ كاره‌كان خراپ نه‌بوون و ئاستیان باش بوو، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م، هیوادارم بتوانین به‌رده‌وام درامای باش پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی بینه‌رانمان بكه‌ین.
* پێتوایه ئێستا ته‌نیا له مانگی ره‌مه‌زان درامای كوردی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت؟
- ئه‌مه راسته، به‌ڵام تا ئێستاش كۆمپانیاكانمان له توانایاندا نییه بتوانن ساڵانه 3-4 دراما به‌رهه‌م بهێنن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌ن كادیری باشین له هه‌موو روویه‌كه‌وه، خۆشحاڵین كه ئێستا ورده ورده كۆمپانیاش هه‌یه كه له‌م بواره‌دا كار ده‌كات و جێگای خۆیه‌تی ده‌ستخۆشییان لێ بكه‌ین.
* پێتوایه بۆ ئێستای كوردستان به‌رهه‌مهێنانی دراما زیاتر كاری كۆمپانیاكانه یان كاری كه‌ناڵه‌كانه؟
- به‌رای من پێش هه‌موو شتێك پێویستە وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رێخۆشكه‌ر بێت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه دراما به‌رهه‌م ده‌هێنن، دواتر پێویسته كه‌ناڵه‌كانیش له‌و بواره‌دا هاوكار بن، چونكه به‌رهه‌مهێنانی دراما كارێكی ئاسان نییه.
*بۆچی خه‌ڵك سه‌یری درامای بیانی ده‌كات به دۆبلاژ كه‌چی پشتیان له درامای كوردی كردووه وئاماده نین بینه‌ری بن؟
- هه‌ندێك دراما هه‌یه ته‌نیا مه‌به‌ست لێیان كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌یه ئه‌گینا له‌رووی هونه‌رییه‌وه هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ری تێدا نییه له هه‌مان كاتدا هیچ خزمه‌تێك به ئێمه ناكات، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئاماژه به شتێك بكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌ندێك هه‌ڵه له‌و درامایانه‌دا هه‌یه له دراما كوردییه‌كاندا هه‌بوایه شار به ده‌ریان ده‌كردین و تا یه‌ك ساڵ ره‌خنه‌یان لێده‌گرتین و هه‌رایان له‌سه‌ر ده‌كردین، ئاشكرایه كه دراما كوردییه‌كان ئاستیان له زۆر له‌و كارانه به‌رزتره كه نمایش ده‌كرێن، بۆیه پێموایه هه‌ندێك دراما هه‌یه بۆ نمایش كردن ناشێت و پێویسته فلته‌رێك هه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی نمایش ده‌كرێن، ئه‌گینا كاری زۆر نزمتر له‌وانه‌ی ئێستا نمایش ده‌كرێن كه ئه‌مه بۆ نه‌وه‌كانی ئێمه‌ش باش نییه و فێره شه‌ڕ و شمشێر ده‌بن ئه‌مانه‌ش خزمه‌ت به ئێمه ناكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ته‌ركیز بكه‌ینە سه‌ر بازاڕه‌كان ده‌بینین له یاریی منداڵان زیاتر شمشێر ده‌فرۆشن و منداڵانیش زیاتر حه‌ز له كڕینی جلوبه‌رگی یابانی ده‌كه‌ن.
*تۆ خۆت تا چه‌ند بینه‌ری زنجیره دراماكانیت؟
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتم نییه زۆر كه‌م سه‌یریان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها حه‌ز به سه‌یر كردنیشیان ناكه‌م.
*قه‌ت داوات لێكراوه به ده‌نگ به‌شداری هیچیان بكه‌یت؟
- به‌ڵێ له زنجیره درامای (جه‌نگیز خان) داوام لێكراوه به‌شدار بم، به‌ڵام رێك نه‌كه‌وتین.
* ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئێستا داوات لێ بكرێت به‌شداری ده‌كه‌یت یان نا و بۆچی ؟
- بۆ نا، ئه‌گه‌ر كاره‌كه جوان بێت و بزانم خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌كات.
*ره‌خنه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌كته‌رانی كورد ده‌كرێت گوایه وه‌ك پێویست ناچنه نێو قووڵایی ئه‌و رۆڵانه‌ی ده‌یبینن و جۆرێك له ته‌سه‌نوعیان پێوه دیاره، رات چییه به‌رامبه‌ر به‌و ره‌خنه‌یه؟
- هه‌ڵبه‌ته كه هه‌ندێك جار ئه‌و قسانه ده‌كرێن راسته، به‌ڵام ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕۆڵ بینینی ئه‌و ئه‌كته‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ی كاری له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئه‌گه‌ر بتوانم باسی خۆم بكه‌م هه‌وڵمداوه ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه ده‌یبینم زۆر له كه‌سایه‌تیی خۆم نزیك بكه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها هه‌وڵمداوه كه نواندن بكه‌م به‌جۆرێك كه زۆر ئاسایی بێت و تووشی شڵه‌ژان نه‌بم، جا چه‌ند تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووم ئه‌وه جێگای خۆشحاڵییه و هیوادارم په‌یامی خۆم گه‌یاندبێت.
* له شانۆ و دراما و سینه‌مادا له كامیان زیاتر ئێمه پێشكه‌وتووین ؟
- پێموایه له هه‌رسێ بواره‌كه هه‌نگاوی باشم ناوه و كاره‌كانم خۆیان دیارن، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئێمه ساڵانه فیلمه‌كانمان له وڵاتان به‌شدار ده‌بن له فیستیڤاڵه‌كان و خه‌ڵاتیش به‌ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش جێگای شانازییه بۆ هه‌مووان، چونكه ئه‌و فیلمانه به ناوی كورده‌وه به‌شدار ده‌بن، وه‌ك دراماش كاری باش كراوه و ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به شانۆش ئه‌وه له‌به‌ر چاوه كه چالاكی باش هه‌یه و به هه‌مان شێوه‌ی سینه‌ما له وڵاتانی ده‌ره‌وه و لەفیستیڤاڵه‌كانیش به‌شداری ده‌كه‌ن.
*ئایا نزار سه‌لامی بیر له‌وه ده‌كاته‌وه رۆژێك له رۆژان رۆڵێكی كۆمیدی ببینێت ؟
- تا ئێستا پێشنیاری له‌و جۆره‌م پێشكه‌ش نه‌كراوه بۆیه ناتوانم له ئێستادا هیچ بڵێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارێك بێت بتوانم له رێگایه‌وه خزمه‌ت به سینه‌ما و درامای كوردی بكه‌م ئه‌وا خۆشحاڵ ده‌بم كه بتوانم به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام كۆمیدیا به مانا ته‌واوه‌كه‌ی.
*بۆچی له كۆمیدیاش، نه‌مانتوانیوه بگه‌ینه ئاستێكی به‌رز؟
- چونكه من له كۆمیدیا به‌شداریم نه‌كردووه، بۆیه ناتوانم هیچ شتێك بڵێم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، بێگومان له بواری كۆمیدیاش كار كراوه، به‌ڵام له چ ئاستێكه ئه‌وا بینه‌ر ده‌توانێت بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، پێم باشه راپرسی له‌سه‌ر ئه‌و كارانه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك بزانن له‌چ ئاستێكدایه و ئه‌و فیلم و درامایانه‌ی كه بینه‌ر بینویانه و بۆچوونیان ده‌رباره‌ی هه‌بووه ده‌كرێ قسه وباسی له‌سه‌ر بكه‌ین.
* له سینه‌ما و درامادا به‌شداریت هه‌بووه ئایا له كامیان زیاتر خۆت ده‌بینییه‌وه؟
- به خۆشحاڵییه‌وه جه‌ماوه‌ر رازی بوون له‌سه‌ر كاره‌كانمان له هه‌ردوو بواره‌كه‌دا كه تا ئێستا به‌شداریم تێیدا كردووه.
* ئه‌ی له شانۆ؟
-له شانۆدا كارم نه‌كردووه و تا ئێستاش بیرم له‌وه نه‌كردۆته‌وه له شانۆدا به‌شداری بكه‌م.
*ئه‌ی له ریكلامدا به‌شداریت كردووه؟
- پێم وتراوه و داوام لێكراوه و نه‌مكردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ریكلامه‌كه باش و په‌سه‌ند بێت ئه‌وا به‌شداری تێدا ده‌كه‌م، به‌لامه‌وه ئه‌مه زۆر ئاساییه و له هه‌موو دنیادا ئه‌مه هه‌یه و منیش ره‌تی ناكه‌مه‌وه، بۆ به‌شداری كردن له پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیش به هه‌مان شێوه، ئه‌گه‌رچی پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كارێكی ئاسایی نییه و هه‌وڵ و ماندووبوونی پێویسته.