ئەمیتاب باتشان:پیاوێكی تەمـبەڵ نیم وحەز لە دانیشتن ناكەم

ئەمیتاب باتشان:پیاوێكی تەمـبەڵ نیم وحەز لە دانیشتن ناكەم
هونەرمەندی ناوداری هیندی ئەمیتاب باتشان لە 11ی ئوكتۆبەری ساڵی 1942 لە الله ئاباد لەدایك بوو، یەكەم فیلمی بە ناوی(Saat Hindustan) بوو، لە ساڵی 1969 دوای بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆر بەهێزەوە چووە ناو پەرلەمان، بەڵام سەرەڕای لێهاتوویی و شارەزایی لە بواری سیاسەتدا خۆی لەم بوارەدا نەدۆزییەوە وەك ئەوەی بڵێی بۆ هونەر خوڵقابێت هەر لەبەر ئەوەش وازی لە كورسییەكەی هێنا و گەڕایەوە نێو بواری هونەری و هەوادارانی سینەمای هیندی.ئەمیتاب لە بواری سینەمادا هەست بە ئارامییەكی زۆر دەكات تەنانەت كاتێك ژیانی هاوسەریشی پێكهێنا لە دەرەوەی هونەر نەبوو، هاوسەرەكەی هونەرمەند (جیا)یە كە بە رۆڵە كۆمەڵایەتییە سەركەوتووەكان ناسراوە و لە لایەن جەماوەریشەوە زۆر خۆشەویستە، ئەمیتاب كوڕێك و كچێكی هەیە، كوڕەكەیشی لەسەر رێڕەوی باوكی بەردەوام بوو لە جیهانی هونەری تا وای لێهات بە شای بۆڵیۆد ناسرا، لە دیمانەیەكدا ئەمیتاب باسی لە چەند پرسی هونەری و تایبەتی خۆی دەكات.



* تۆش یەكێكی لەو هونەرمەندانەی كە بە هەر شێوەیەك بێت رووتان لە سیاسەت كردووە، ئایا ئەمە بڕوا بە خۆبوونە یان قۆزتنەوەی خۆشەویستیی جەماوەرە؟
- من سەركەوتوو نیم لە سیاسەتدا و هیچ كاتێكیش وەك پێویست لەو مەیدانە شارەزا نەبووم، تەنیا لەبەر سۆز و خۆشەویستی سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوو راجیف گاندی و ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوانماندا هەبوو رووم لە سیاسەت كرد و بیر لەوەش ناكەمەوە جارێكی تر روو لەو بوارە بكەمەوە.
* یەكێك لەو نازناوانەی كە بە تۆ بەخشراون (ئیمپراتۆر) بوو هەست بە چی دەكەیت و ئایا تۆ ئیمپراتۆریت؟
- ئەمە شەڕەفێكی گەورەیە بۆ من كاتێك ئەو نازناوەی بە من بەخشی، هەرچەندە من ئیمپراتۆر نیم.
*كۆمپانیای (he floated) بە بارێكی دارایی سەختدا تێپەڕ دەبوو و خەریك بوو ئیفلاس بوونی خۆی رابگەیەنێ، بەڵام لەناكاودا بارودۆخی گۆڕا پێت وایە ئەمە چۆن بوو؟
- كاتێك من هاتمە كۆمپانیاكە بڕوای من بە بەڕێوەبەرەكانی زیاتر بوو كە پێشتر لەوێ بوون، بەڵام بە بڕوا بەخۆبوون مرۆڤ دەتوانێت هەموو كارێك بكات ئەگەر هەرچەند زەحمەت و قورسیش بێت.
* تۆ یەكێكی لە ئەستێرە سینەماییە دەگمەنەكانی هیندستان كە لەگەڵ چەندین نەوە كارت كردووە و ئێستاش بەردەوامی بە هەمان ورەی جارانەوە، نهێنی ئەمە لەچیدایە؟
- تا ئەو رۆژەی توانام هەبێت بەردەوام دەبم، من زۆر دڵخۆشم بەوەی تا ئێستاش رۆڵی سینەمایی گەورەم پێشكەش دەكرێت هەرچەندە لەرووی كاركردنەوە بە سی ساڵ لە هەندێكیان گەورەترم، ئێستا هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم، چونكە پیاوێكی تەمبەڵ نیم و حەز لە دانیشتن ناكەم.
* زۆر كەس ئەوانەی شارەزای تۆ بوون دەڵێن كەسێكی خۆش باوەڕ و دڵسافە ئەمە تا چەند راستە؟
- نازانم و ناتوانم وەسفی خۆم بكەم، دەبێ خەڵك حوكم لەسەر ئەوە بدات.
* ئەمیتاب كەی پەست و خەمبار دەبێت؟
- هەندێك كات هەبوون كە تێیدا هەستم بە دڵتەنگی دەكرد، بەڵام ویژدانم رێگای پێنەدام ئیفلاس بوون رابگەیەنم، زۆر بە جددی كارمان كرد و قەرزەكانمان دایەوە، من بڕوایەكی زۆرم بەوە هەیە كە خوا بۆی نووسیوم، لە هەمان كاتدا بڕوای تەواوم بە تواناكانی خۆم هەیە.
* ئایا راستە كە سینەمای هیندی كۆپی كراوەی سینەمای رۆژئاوایە و هەرچییەك لەوێ هەبێت ئێوە لە هیندستان دووبارەی دەكەنەوە بە شێوازی خۆتان؟
- من پێموایە ئێمە تەقلیدی رۆژئاوا ناكەین، سیستەمی پەرلەمانی ئێمە بەشێوەی بەریتانی دامەزراوە و تا ئێستاش هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، سینەمای هیندی تاكە شتە لە هیندستان كە هیچ شتێك كاری تێنەكردووە، چونكە هەموو شتەكان لە رەوشت و فەرهەنگ و زانستی ئەفسانەكانمانەوە وەرگرتووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەگەر بزانین هەر شتێك لە دەرەوە هەیە و سوودی ئێمەی تێدایە وەری دەگرین.
* بۆچی رەخنەت لەو كەسانە گرت كە پێشبینی ئەوەیان كردبوو فیلمی هیندی خەڵاتی ئۆسكاری رۆژئاوایی بەدەست بهێنێت؟
- پێویستە بە پێوەری رۆژئاوایی حوكم لەسەر فیلمەكانمان نەدەین، ژمارەی ئەو كەسانەی سەیری فیلمی هیندی دەكەن و حەزی لێدەكەن زۆرە ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ سەركەوتنی ئەم فیلمانە لە هەموو ماڵێكی جیهان.* چۆن وەڵامی ئەو رەخنانە دەدەیتەوە كە دوای ژنهێنانی كوڕەكەت ئاراستەت كرابوون بەتایبەتی كە ئەستێرەكانی بۆڵیۆدت بانگهێشت نەكردبوو بۆ ئاهەنگەكە؟
-پڕوپاگەندەو رەخنە بەلای منەوە گرنگ نییە، كاتێك لەسەرەتای كاروانی هونەری بووم بەلامەوە گرنگ نەبوو ئێستا چۆن گرنگی پێدەدەم.




Top