شەجەریان، تامەزرۆی كۆنسێرتێكە لە ئێران

شەجەریان، تامەزرۆی كۆنسێرتێكە لە ئێران
هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی دوای قەدەخەكردنی دەنگ و رەنگی، ئاماژەی بەوەكرد كە تامەزرۆیە بۆ كۆنسێرتێك كە لە وڵاتەكەی خۆی سازی بكات. نیگەرانی خۆیشی لە ئاوازی ئێستای ئێرانی دەربڕی.

محەممەد رەزا شەجەریان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند "ئەوە بۆ چەند ساڵێكە تەنیا ئەلبومی گۆرانییەكانم لە ئێران بڵاوكراوەتەوە و تامەزرۆی ئەوەم ئەگەر بارودۆخ بڕەخسێت جارێكی دیكە كۆنسێرت بكەم".

شەجەریان لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە دەوڵەتی تازەی ئێران رێكلام بەناوی ئەوەوە دەكات بۆ كرانەوەی موزیك لە ئێراندا، گوتی"ناتوانم هیوایەكم هەبێت، بەڵام هیوادارم موزیك رێگەی خۆی درێژە پێبدات".

شەجەریان باسی لە موزیكی ژێرزەمینی كرد و روونیكردەوە "موزیك نابێت چاودێریی بەسەرەوە بێت، بەڵكو دەبێت خەڵك خۆیان بڕیار بدەن گوێ لە چی بگرن. بڵاوكردنەوەی موزیك دەبێت ئازاد بێت و حكومەت نابێت رێگر بێت لە بەردەم موزیكدا لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی درووستبوونی موزیكی ژێرزەمینی".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا نیگەرانی خۆی لە ئاوازی ئێستای ئێرانی دەربڕی‌و گوتی "ئەوەی كە پێویستە فێری قوتابییەكانی خۆمم كردووە و لەمەودوا ئەوانن كە دەبێت رێگەی خۆیان هەڵبژێرن و درێژەی پێبدەن".

بەناوبانگترین مامۆستای ئاوازی ئێران لە پاش رووداوەكانی ساڵی 2009 و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، راشكاوانە ناڕەزایەتی خۆی لەسەر هەڵسوكەوتی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران دەربڕی و بە گۆرانییەك دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی خەڵكی ناڕازی ئێڕان. هەر لەو كاتەوە رەخنەی تووندی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئاڕاستە كرا و دەنگ و رەنگی لە میدیاكانی ئێران قەدەخە كرا و رێگەی پێنەدراوە لە ئێران كۆنسێرت بكات.




رووداو
Top