یوسرا: هاوسه‌ره‌كه‌م نایه‌وێ له‌گه‌ڵم ده‌ركه‌وێت

یوسرا: هاوسه‌ره‌كه‌م نایه‌وێ له‌گه‌ڵم ده‌ركه‌وێت
خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی میسری یوسرا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك هه‌ر ئافره‌تێكی دیكه‌ حه‌ز بە مۆده‌ ده‌كات و به‌رده‌وام به‌دوای هه‌واڵه‌كانیدا و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیدا بگونجێن. له‌وه‌ڵامی هۆكاری گۆڕینی ره‌نگی قژی بۆ ره‌ش وتی: هه‌میشه‌ حه‌ز له‌ گۆڕانكاری ده‌كه‌م و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر رقم له‌ رۆتینی رۆژانه‌یه‌ بۆیه‌ قژم ره‌ش كرد، هه‌روه‌ها رۆڵم له‌ دوایین زنجیره‌ درامادا وای ده‌خواست كه‌ قژم ره‌ش بێت، من هه‌میشه‌ ده‌مه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی جوان و گونجاو ده‌ركه‌وم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ راهاتووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو بمبنێت، یوسرا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و هیچ كاتێك له‌ ته‌مه‌ن و پیر بوون نه‌ترساوه‌، به‌ڵام هه‌ر قۆناغێكی ته‌مه‌ن گۆڕانكاری دروست ده‌كات و وا له‌مرۆڤ ده‌كات شاره‌زایی له‌ ئه‌زموونه‌كانی پێشووتری وه‌ربگرێت.
یوسرا كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی سینه‌مای میسری داده‌نرێت ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندی من و هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر باشه‌ و ژیانی هاوسه‌رێتیمان پێی ناوه‌ته‌ 16 ساڵییه‌وه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان ته‌نیا هاوسه‌رگیری نییه‌، ئێمه‌ ئێستا به‌ر له‌ هه‌ر شتێكی دیكه‌ هاوڕێین، به‌ڵام ئه‌و حه‌ز ناكات كه‌ له‌گه‌ڵم ده‌ركه‌وێت و به‌وه‌ راهاتووه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م كامیراكان ده‌رنه‌كه‌وێت وخۆیشی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی داوه‌.
Top