حەسەن شەریف:كەسایەتیی بەرزی هونەرمەند ناسنامەی هونەرەكەیەتی
حەسەن شەریف یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بەرهەمەكانیان بە زیندوویی دەمێننەوە سەبارەت بەمە دەڵێ: هەر هونەرمەندێك جەماوەری تایبەتیی خۆی هەیە، هونەری من زیاتر لە بواری نەتەوەیی و فۆلكلۆریدا بووە و لەبەر ئەوەی میللەتەكەم بە چەند بارودۆخێكی ناسكدا تێپەڕیوە من ناچار بووم شیعرە كلاسیكییەكان بڵێمەوە ومەلای جزیری و فەقێ تەیران لەگەڵ خۆمدا بە هونەر بیانژێینم، هەرچەندە لە من بەرزتر بوون و پێویستە كارێكی وا بكەم كە زیاتر ئەمانە بناسرێن و كارێكی هەمە رەنگ پێشكەش بكەم، چونكە زۆر لە لاوەكانمان تەنانەت قوتابیانی زانكۆش نازانن مەلای جزیری و عەلی حەریری و فەقێ تەیران كێن، من تەنیا دەمەوێ خزمەت بكەم و بەم خزمەت كردنەوەش هەموو جەماوەر لە خۆم رازی دەكەم جا لە هەر تەمەنێك بن .، هەرچەندە شیعری كۆن و نوێ جیاوازییان نییە، چونكە (ئاڤ و ئاڤ) فەقێی تەیران 300 ساڵ بەر لە ئێستا گوتوویەتی دوای ئەو ماوە زۆرە من كردووم بە گۆرانی، دوای بڵاوبوونەوەی بە سەدان نامە و ئیمێلم بۆ هات داوای خاوەنی ئەم شیعرەیان دەكرد و پرسیاری خاوەنەكەیان دەكرد ئەمەش مایەی دڵخۆشی منە، چونكە ئەو ئامانجەی من دەمویست پێكرا.
حەسەن شەریف وەك مرۆڤێكی ئاسایی و وەك هونەرمەند خاوەن كەسایەتییەكی بەرزە و لە هەر شوێنێك بێت كەسایەتیی خۆی پاراستووە، لەم بارەیەوە پێیوایە كە كەسایەتیی مرۆڤ پەیوەست نییە بە كات و جوگرافیایەكی دیاریكراوەوە ئەوەندەی بەستراوە بە خودی كەسەكەوە و دەڵێت: مرۆڤ لە هەر شوێنێك بێت بەر لە هەر شتێكی پێویستە لە چوارچێوەی كەسایەتیی خۆیدا بمێنێت، من لە كوردستان دەستم بە كاری هونەری و پەیوەندیشم بە ریزەكانی شۆڕشەوە كردووە، كارەسات و مەینەتییەكانی كوردم بینیوە، هەروەها لە وڵات دوور كەوتوومەتەوە و جارێكی تر بە دیداری وڵات شادبوومەتەوە، و لە هەر شوێنێك بووبم هەمان سەنگی خۆم راگرتووە، بێگومان ئەوانەی ناتوانن هەمان كەسایەتییان هەبێت جا بە هەرشێوەیەك و بە هەر هۆیەك بووبێت ئەوا كاریگەری لەسەر كەسایەتیی خۆیان دەبێت وهونەرەكەشیان سووك دەبێت و لە هەمان ئاستدا نامینێتەوە بەڵكو دادەبەزێت، ئەمەش پەیوەستە بە خودی ئەو هونەرمەندەوە .
حەسەنی پێشمەرگە و هونەرمەند دەربارەی هونەری كوردی لە پارچەكانی تری كوردستان دەڵێت: هەست دەكەم گۆرانی و موزیك لە باكووری كوردستان پێشكەوتووە، لە لایەنی گرووپ و رەسەنایەتی و ئۆرجیناڵی گوتن و دەركەوتن و كۆكردنەوەی ئەرشیف،زۆر جار دەبینین ئەو گرووپانە ئامێرێكی موزیكی رۆژئاواییان هێناوە لە موزیكی كوردیدا بەكاریانهێناوە بەمەش مرۆڤێكی ئەوروپی دەتوانێت گوێی لێبگرێت و هونەری كوردی پێ بزانێت، لە باشووری كوردستان هەندێك لەو دەنگخۆشانە هەن كە ئەو كارانەی بە كلتووری كوردییەوە بەستراونەتەوە نەدەبوایە بەرەو ئەو هەڵەیەی بەرن، لێرە گوێی خەڵك بە موزیكی بیانی داگیركراوە و ئەو گۆرانیبێژانە ئێستا دەست پێدەكەن زۆر سەرسامن بە هونەری وڵاتانی دەوروبەری كوردستان بەتایبەتی توركیا كە هونەرەكانی كاریگەرییەكی زۆری هەیە من ئەمە بە پێشكەوتن دانانێم، رێزم بۆ هەندێك لە هونەرمەندان هەیە. دەبێ ئەوەش بزانین كە هونەری كوردی هەر لە كۆنەوە هونەرێكی قووڵ بووە وئەو روحییەتەی كە تا ئێستاش ماوە، لە رەسەنایەتیی ئەو هونەرەوە سەرچاوەی گرتووە.
سەبارەت بەو بارودۆخە جیاوازانەی كە گوزەری كردن لە ژیانی هونەری و تایبەتمەندێتی هەر قۆناغ و سەردەمێك و كاریگەریان بەسەر كار و چالاكییە هونەریەكانی خۆی، هونەرمەند و پێشمەرگە حەسەن شەریف دەڵێ:
ئێمە كاتی خۆی لە رێگای هونەرەوە بە دەنگی خۆمانەوە بووین بە خزمەتكارێك بۆ دەربڕینی دەرد و ئێش و ئازاری میللەتەكەمان وشۆڕشەكەی، بە گوێرەی بارودۆخی ئەو كات تواناكانی شۆڕش لە رووی میدیاكانەوە سنووردار بوون تەنیا رادیۆمان هەبوو لەگەڵ ساز كردنی چەند ئاهەنگێكی نەتەوەیی و حزبی، كاتێك ئێمە دوای ئەنفال روومان لە كەمپەكانی باكووری كوردستان كرد لە دیاربەكر لەوێ خەڵكی دیكەی پارچەیەكی دیكەی كوردستانمان ناسی، بۆ من لە رووی هونەرەوە ئەمە هەنگاوێكی زۆر گەورە بوو بەتایبەتی لە بەرهەمی هیرۆشیما كە لە كارەساتی كیمیا بارانكردنی هەڵەبجە تۆمارم كردبوو، دوای ئەوە قۆناغی راپەڕین دەستی پێكرد كە ئەمەش هەنگاوێكی دیكە بوو، دوای راپەڕین من چوار ساڵ لێرە مامەوە ئینجا رووم لە هەندەران كرد، لەوێ من توانیم سوود لە تەكنیك و پێشكەوتن وەربگرم بۆ هونەرەكەم و بوونی خۆم لەنێو كوردەكانی هەموو ناوچەكانی كوردستان بسەلمێنم و ناوبانگێك بۆ خۆم دروست بكەم، هەرچەندە پێش بكەوین و بەرەو دەوڵەت بوون بچین، ئەوا دەرفەتی پێشكەوتن و ناوبانگی هونەریش زیاتر دەبێت.