كوردستان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك فیلمدا نیشان ده‌درێ

كوردستان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك فیلمدا نیشان ده‌درێ
سینه‌مای كوردی تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ نمایش كردن و نیشاندانی دیمه‌نه‌ تراژیدی و كاره‌ساته‌كانی میلله‌تی كورد به‌ستووه‌ وه‌ك سیناریۆی زۆربه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ی تا ئێستا له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ پێشكه‌ش كراون، ئه‌مه‌ش پرسیارێك ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكرێته‌ بابه‌تی فیلمه‌ كوردییه‌كان، چونكه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی بێبه‌ش نییه‌ له‌ بوونی ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات له‌ رێگای سینه‌ماوه‌ گوزارشتیان لێ بكرێت.
ئه‌نفال و و كیمیاباران و كۆڕه‌و سیناریۆی چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی بوونە و هه‌ر یه‌كێك به‌شێوه‌یه‌كی جیا، سینه‌ماكارانی كوردی رۆژهه‌ڵاتیش له‌ دوای راپه‌رین و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێیی ده‌ستیان دیاربووه‌ له‌ پێشخستنی سینه‌مای كوردی، كه‌ زۆر جار پشتیان به‌ تراژیدیا و كاره‌ساته‌كان به‌ستووه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌و ته‌كنیك و شاره‌زاییه‌ی كه‌ له‌ ئێران به‌دەستیان هێناوه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ سینه‌مای ئێرانی، ڤیان مایی سینه‌ماكار پێیوایه‌ مه‌رج نییه‌ ته‌نیا پشت به‌ كاره‌ساته‌كان ببه‌ستین بۆ پێشخستنی سینه‌مای كوردی و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: من پێموایه‌ تراژیدیا و كاره‌سات لایه‌نێكی سلبی و ناخۆشی مێژووی میلله‌تی كوردن و ده‌كرێ ببن به‌ بابه‌تی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان، به‌ڵام من وای ده‌بینم ته‌نیا به‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نابین كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ربخه‌ین و نیشانی جیهانی بده‌ین كه‌ تێیدا میلله‌تی ئێمه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌ و ئازار دراوه‌ و به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ ره‌فتاری به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌شێكی زۆری ژیانی ئێمه‌ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م كاره‌سات و تراژیدیا گه‌ورانه‌ بوون، مێژووی كوردستان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌ چه‌ند فیلمێكدا باس بكرێ و نیشان بدرێ، سینه‌ماكارانی رۆژهه‌ڵات ره‌نگه‌ له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بن به‌تایبه‌تی لایه‌نی ته‌كنیكی، به‌ڵام له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ پێموایه‌ زۆر جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ و سلبی هه‌بێت، پێویــــسته‌ گرنگی به‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ بده‌ین كه‌ ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا بوونی هه‌یه‌ و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر كردن هه‌یه‌.
Top