نەوال ئەلزوغبی: گرنگ ئەوەیە هونەرمەند سوود لە كەوتنەكانی وەربگرێت

نەوال ئەلزوغبی:  گرنگ ئەوەیە هونەرمەند سوود لە كەوتنەكانی وەربگرێت
یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە هاوتەمەنی چەند نەوەیەكی هونەرمەندانی لوبنانی بووە و لە سەرەتای هاتنە ناوەوەی جیهانی گۆرانی تا ئێستا بەردەوام بووە و توانیویەتی بە هەمان ئاست بمێنێتەوە و جەماوەریشی رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە
هەر لە تەمەنێكی زوودا لە ماڵەوە گۆرانیی دەچڕی، بەڵام وەك پیشە لە ساڵی 1991 كە هێشتا هەرزەكار بوو، یەكەم ئاهەنگی لە دەڤەرەكەی خۆیان ساز كرد، هەر لەو ئاهەنگەشدا خۆشەویستی ئیلی لە دڵی نەوالدا چەكەرەی كرد وەك یەكەم و دوایین خۆشەویستی لە ژیانیدا




نەوال كە بە هەموو شێواز و ستایل و رەنگەكانی گۆرانی لوبنانی دەڵێت و بە گوتنی گۆرانیی میللی نوێی لوبنانی ناسراوە لە نێو هونەرمەندانی لوبنانی، تا راددەیەكی زۆر جیاوازە لە ئەندامانی خێزانەكەی هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووە، چونكە بەهرەی گۆرانی لەو كچە بەدی كراوە كە گەیشتە تەمەنی هەرزەكاریش ئەم حەزەی زیاتر چەكەرەی كرد بەتایبەتی دوای هاندانی دەوروبەر لەم بارەیەوە دەڵێت: هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەوروبەرم سەرسام بوون بە دەنگی من و بەردەوام پێیان دەگوتم دەنگت زۆر خۆشە و هانیان دەدام، بۆیە لە ئاهەنگ و كۆبوونەوەكانی خێزانی لەسەر داوای كەسوكارم گۆرانیم دەگوت، بە هەمان شێوە لەو ئاهەنگانەی كە لە ناوچەكەمان ساز دەكرا، كاتێك گەورە بووم بەشداریم كرد لە بەرنامەی (ستودیو الفن) كە تایبەت بوو بە دۆزینەوەی بەهرە هونەرییەكان و رەزامەندیی لیژنەی ناوبژیوانانم بە دەستهێنا و هەموو ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانان ئاماژەیان بە خۆشیی دەنگ و لێهاتوویی من كرد لە هەمان كاتدا داوایان لێكردم كە بەردەوام بم و زیاتر هەوڵ بدەم و خۆم ماندوو بكەم بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەوم.

بۆ یەكەم جاریش كە هاتمە سەر تەختەی شانۆ لە دیۆیەك بوو لەگەڵ هونەرمەند وائیل كفوری بەناوی (مین حبیبی انا) هەرچەندە یەكەم جار بوو، بەڵام من زۆر دڵنیابووم لە سەركەوتنی بەهۆی بەهرە و حەز و خولیام بۆ گۆرانی.

نەوال پێی وایە هونەرمەندی سەركەوتوو پێویستە خاوەن دەنگێكی خۆش و توانای ئەداكردنێكی بەهێز بێت چونكە چۆنیەتی ئەدا كردنی گۆرانی ودەنگخۆشی بە مەرجە سەرەكییەكانی سەركەوتنی هونەرمەندێك دادەنرێن، هەروەها جوانی و شێوەی دەركەوتن و بە هێزی لە بەرامبەر جەماوەر ئەمانەش تەواوكەرن بۆ ئەوەی هونەرمەند بە سەركەوتوو دابنرێت .

نەوال وای دەبینێت كە هەموو شتێك باجی خۆی هەیە لەوانەش سەركەوتن و ناوبانگی بەتایبەتی بۆ هونەرمەندان، پڕوپاگەندە و قسە وقسەلۆكیش بەو باجە دادەنێت كە هونەرمەند پێویستە بیدات و دەڵێ: هونەرمەند و كەسانی بەناوبانگ هەمیشە دووچاری پڕوپاگەندە و قسەی هەڵبەستراو دەبنەوە، بۆیە هیچ گرنگییەك بە پڕوپاگەندە نادەم و بیریشی لێناكەمەوە و تەنیا لە هەندێك حاڵەت نەبێ ئەگەرنا بە پێویستی نازانم وەڵامیشیان بدەمەوە و خۆم نابەمە رێزی ئەو كەسانەی كە خۆیان بەو كارانەوە خەریك دەكەن.

سەبارەت بەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە ڕێی هونەرمەندان نەوال دووپاتی دەكاتەوە كە گرفتی هونەرمەندان لە یەكتری نزیكە بەتایبەتی لەو ناوچەیەی ئێمە و رۆژهەڵات بە گشتی و دەڵێت:ئێمە گرفتەكانمان لە یەكتری نزیكە ئەگەرچی رەنگە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی

دیكە یان ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاواز بێت، بۆ نموونە پڕوپاگەندە كە بەرامبەر بە هونەرمەندان دەكرێت تەنیا بە مەبەستی ناوزڕاندن و شكاندنی هونەرمەندە و رەنگە هەندێك جار كاریگەریی خۆیشی هەبێت لەسەر كەسایەتیی هونەرمەند، یاخو نەپاراستنی مافی هونەرمەندان یان نەبوونی كۆمپانیای هونەری بەشێوەیەك كە پشتگیری تەواوی هونەرمەندان بكەن، ئەمانە هەموویان گرفتن و رووبەڕووی هونەرمەند دەبێتەوە، بەڵام هونەرمەندان بەردەوامن لە كاری خۆیان، چونكە جەماوەر گەورەترین سەرمایەیە بۆ هونەرمەند، وەك دەبینین ئێستا شەپۆڵێكی كارە نزم و بێ ئاستەكان بڵاوبۆتەوە كە هەموو سنوورێكیان بەزاندووە و رێز لە هەست و چاوی بینەر ناگرن.

بێگومان جەماوەر باشیان دەناسێت و لە هونەری رەسەنیان جیادەكاتەوە بۆیە دەبینین بەرهەمەكانیان تەمەنی زۆر كورتە بەپێچەوانە كاری هونەرمەندان كە بە زیندوویی دەمێننەوە و دەبنە هۆی بەردەوامی هونەرمەند و پێشكەش كردنی كاری باشتر.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا هونەرمەند چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لەكاری هونەری و لە جەماوەر دانەبڕێت نەوال دەڵێت: هیچ هونەرمەندێك نییە لە ژیانیدا هەمیشە سەركەوتوو بووبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە كاتێك دەكەوێ سوودی لێ ببینێت و پلانێكی باش دابنێت بۆ دووبارە سەركەوتن،مەرج نییە هونەرمەند بەردەوام بەرهەم و كلیپی نوێی هەبێت، زۆر جار وا پێویست دەكات هونەرمەند بەرهەمێكی باش و سەركەوتوو پێشكەش بكات و كلیپیشی بۆ بكات ئەم بەرهەمە سەركەوتووە كە بە زیندوویی لای جەماوەر بمێنێتەوە زۆر باشترە لەوەی هونەرمەند لە ساڵێكدا چەند بەرهەمێك پێشكەش بكات، هەر كارێك من ئەنجامی بدەم تەواوی كات و تواناكانی خۆمی بۆ تەرخان دەكەم بۆ ئەوەی جەماوەرم لێی رازی بێت و دڵی پێی خۆش بێت، پێویستە هونەرمەند زۆربەی كات بەپێی خواست و ویستی جەماوەر كاری هونەری ئەنجام بدات و بزانێت جەماوەر چی لێی دەوێ ئەویش پێشكەشیان بكات ئەمەش وەك رێز گرتنێكە لە جەماوەر و نیشانە خۆشەویستییە، چونكە جەماوەر سەچاوەی بەردەوام بوون و گەورەترین سەرمایەی هونەرمەند و نیشانەی سەركەوتنی هونەرمەندە بۆیە ناكرێ بە پێچەوانەی ویستی جەماوەر كار بكات یان كارێك بكات كاریگەریی سلبی لەسەر دەروونی جەماوەر هەبێت و بە دڵی نەبێت، بەتایبەتی لە كلیپەكاندا پێویستە رەچاوی جەماوەر بكات.

نەوال گۆرانی و مۆسیقا بە پیشەسازی وەسف دەكات و پێیوایە هەموو بەشەكانی بە یەكەوە بەستراون و تەواوكەری یەكترن و هیچیان بەبێ بەشەكانی دیكە سەركەوتوو نابێت، ئاشكرایە هەر كارێكی هونەریش ئەگەر سەرمایەیەكی باشی هەبێت سەركەوتوو دەبێت، چونكە بە باشترین شێوە وێنەی دەگیرێت و ریكلامی باشی بۆ دەكرێت بەمەش بە ئاسانی دەگاتە دەستی جەماوەر لە هەر شوێنێك بێت، ئەم كارانەی باسیشم كردن پێیان دەوترێت پیشەسازی لە هونەری گۆرانی و مۆسیقا كە هەموویان بە یەكەوە بەستراون.

پرۆفایل:

نەوال ئەلزوغبی لە 29ی یۆلیۆی ساڵی 1972 لە ناوچەی جبیلی لوبنان لە دایكبووە، دوو برا و خوشكێكی هەیە.

ئارەزووی مەلەوانی و تێنس و خوێندنەوەیە

ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئیلی دیب پێكهێنا، بەڵام دوای 15 ساڵ جیابوونەوەی دوای ئەوەی بوون بە خاوەنی كچێك و دوو كوڕ.

ساڵی 1988 لە تەمەنی 16 ساڵیدا بۆ یەكەم جار دەستی بە گۆرانیی وتن كرد.

یەكەم ئەلبوومی لە ساڵی 1992 بڵاوكردەوە بەناوی ( وحیاتی عندك) كە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا

تا ئێستا چەندین خەڵات و نازناوی هونەری لە لوبنان و وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێناوە.











Top