سه‌عدون یونس:ئه‌وانه‌ی له‌ دراما كار ده‌كه‌ن پێویسته‌ له‌ منه‌وه‌ فێر بن

سه‌عدون یونس:ئه‌وانه‌ی له‌ دراما كار ده‌كه‌ن پێویسته‌ له‌ منه‌وه‌ فێر بن
به‌م دواییه‌ هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ر سه‌عدون یونس رۆڵی پاڵه‌وانی له‌ فیلمی ئه‌مریكانۆ كه‌ فیلمێكی كۆمیدییه‌ بینی و له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماكانی هه‌ولێر نمایش كرا، سه‌باره‌ت به‌م ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی له‌ سینه‌ما و كاره‌كانی داهاتووی و تێبینییه‌كانی له‌سه‌ر سینه‌مای كوردی بۆ گوڵان هاته‌ دوان.

سه‌ره‌تا ره‌جه‌بی پاقڵه‌خۆرو به‌شداری كردنی له‌ فیلمی ئه‌مریكانۆ به‌ ئه‌زموونێكی نوێ داده‌نێت و ئاشكرای ده‌كات كه‌ بیرۆكه‌ی ئه‌م كاره‌ ده‌مێكه‌ گه‌ڵاڵه‌ی كردبوو له‌لای و ده‌ڵێت: من زۆر شاره‌زای شێوازی كاركردنی سینه‌ما نه‌بووم، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌م كاره‌دا بینیم و بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ زۆر ئاسانە و له‌ شێوه‌ی‌ درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدایە، به‌ڵام پاشان پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكه‌یه‌وه‌ كه‌ قه‌باره‌ی گرته‌كان گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌خرێنه‌ سه‌ر شاشه‌، به‌ گشتی ده‌توانم بڵێم له‌ ته‌كنیكه‌وه‌ سینه‌ما جیاوازیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شانۆ و دراما، ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی من ناڵێم خراپ بوو، به‌ڵام ده‌كرا ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر فراوانتر بكرێت و خه‌ڵكی زیاتر بهێنرێتە ناو فیلمه‌كه‌، چونكه‌ سینه‌ما بۆ خه‌ڵكه‌، به‌ڵام كاك حه‌سه‌ن عه‌لی هه‌وڵی نه‌دا خه‌ڵك بهێنێته‌ ناو فیلمه‌كه‌ بۆ نموونه‌ ده‌مانتوانی چه‌ند دیمه‌نێك له‌ گونده‌كان بكه‌ین یان بێین بۆ ناو بازاڕ، له‌م فیلمه‌دا ته‌نانه‌ت خه‌ڵك نه‌یانده‌زانی شوێنی وێنه‌گرتنه‌كه‌ كوێیە، كه‌چی له‌ سینه‌مادا هه‌رچه‌ند خه‌ڵك ئاشنای شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ بن ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌ڵێم ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه‌ كه‌موكوڕی هه‌بوو، سه‌عدون یونس ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ توانای پێشكه‌ش كردنی كاری نوێی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌م فیلمه‌ بۆ من شتێكی تازه‌ بوو و سه‌لماندی كه‌ سه‌عدون هێشتا زۆری ماوه‌، زۆر جاران براده‌ران پێم ده‌ڵێن زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن كار له‌گه‌ڵ تۆدا بكه‌ن، به‌ڵام لێت ده‌ترسێن، تێگه‌یشتن و سه‌ركردایه‌تی كردنت له‌ كاردا زۆر زه‌حمه‌ته‌، من به‌ راشكاوانه‌ ده‌ڵێم باشترین ئه‌كته‌ر له‌ «ئه‌مریكانۆ»كه‌ خۆی رێك خستبێت و هاتبێته‌ به‌رده‌م كامیرا به‌ ئاماده‌باشییه‌كی
ته‌واوه وە‌ من بووم ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری كاری ده‌رهێنانم نەكردووە و ته‌نیا ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم جێبه‌جێ ده‌كرد، به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستكاریم بكردایه‌ زۆر باشتر له‌وه‌ی ده‌ستم نه‌خسته‌ ناو هیچ شتێكه‌وه‌، چونكه‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی من به‌رهه‌مهێنه‌ری كاره‌كه‌ بووم پێویست بوو من له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌ر و له‌ شێوه‌ی وێنه‌گرتن و سیناریۆكه‌ش قسه‌م هه‌بووایه‌، به‌ڵام پێم باشتر بوو من واز له‌و شتانه‌ بهێنم بۆ ئه‌وه‌ی گرێی (سه‌عدون یونس) لای ده‌رهێنه‌ره‌كان چاره‌سه‌ر بێت و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ران بزانن ئه‌م گرێیه‌ زۆر زه‌حمه‌ت نییه‌، به‌ڵام زۆر به‌ راشكاوانه‌ و به‌و په‌ڕی توانابه‌خۆبوونه‌وه‌ ده‌یڵێم ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن له‌ بواری دراما پێویستیان به‌ كۆرس هه‌یه‌ له‌لای سه‌عدون یونس و له‌وه‌وه‌ فێر بن، چونكه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ دراما ته‌نیا به‌ خوێندن نایه‌ته‌ دی.
سیناریۆی فیلمی (ئه‌مریكانۆ) تارادده‌یه‌ك نادیاری پێوه‌ دیاره‌ و به‌ قسه‌ی سه‌عدون یونس بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كۆتایی هاتووه‌، چونكه‌ به‌شێكی دیكه‌ی هه‌یه‌ و ناكرێ به‌و جۆره‌ كۆتایی بێت، ده‌كرا به‌ دوو كاتژمێر ته‌واو بێت، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان باش بوو بیكه‌ین به‌ دوو به‌ش له‌ ئێستاوه‌ سیناریۆی به‌شی دووه‌م دانراوه‌ و كاری بۆ كراوه‌، ده‌رباره‌ی سیناریۆش ده‌ڵێت: سیناریۆ هونه‌رێكی زۆر قورسه و ورده‌كاری زۆری هه‌یه‌ و من به‌رپرسم به‌رامبه‌ر به‌و قسه‌یه‌ له‌ سینه‌ما و درامای كوردی شتێك نییه‌ به‌ناوی سیناریۆ له‌كاتی كار كردن، ره‌نگه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی بنووسرێته‌وه‌ وه‌ك شێوه‌ی دیمه‌نه‌كان و جووڵانه‌وه‌ی كامێرا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێی كه‌سێك هه‌بێت ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع جێبه‌جێی بكات ئه‌و شتانه‌ وجودیان نییه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌رخسته‌كه‌دا ده‌نووسرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت.
ده‌رباره‌ی یه‌كه‌م ئه‌زموونی سینه‌مایی خۆی و ئایا بۆچی یه‌كه‌م ئه‌زموونی به‌ كارێكی كۆمیدی ده‌ستپێكرد و نه‌ده‌كرا به‌ كارێكی دیكه‌ ده‌ست پێ بكات مامۆستا سه‌عدون ده‌ڵێت: زۆر ئاساییه‌ و ده‌كرا به‌ شتێكی دیكه‌ ده‌ستپێبكه‌م، به‌ڵام چ هه‌یه‌ و چیم پێشكه‌شكراوه‌ ئه‌وه‌م كردووه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ده‌رگاكان له‌به‌رده‌مم كرانه‌وه‌ و گرێیه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بوو، ئێستا ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی و ته‌له‌فزیۆنی پێوه‌ندییان پێوه‌ كردوومه‌ بۆ بینینی ڕۆڵ له‌ كاری نوێدا، به‌ڵام له‌ هه‌نگاوی دووه‌م په‌له‌ ناكه‌م و به‌ وردی له‌ كاره‌كه‌ ده‌ڕوانم و تواناكانم له‌ بواری سینه‌ما بۆ ده‌رهێنه‌ران به‌ ده‌ركه‌وتن، هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێ كاری دووه‌م جیاوازتربێت له‌ كاری یه‌كه‌م.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر زۆر جار به‌ سلبی و ره‌شبینی حوكم له‌سه‌ر كاری هونه‌ری ده‌دات به‌ر له‌وه‌ی كاره‌كه‌ ببینێت و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستیانه‌ی بۆ بكات، سه‌عدون ئه‌مه‌ بۆ نه‌بوونی جه‌ماوه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئێمه‌ نه‌ك ته‌نیا بینه‌ری شانۆمان نییه‌، به‌ڵكو بینه‌ری سینه‌ما و دراماشمان نییه‌، واته‌ بینه‌رمان ‌ به‌ چاوی سینه‌ما نییه‌ كە لێی تێبگات، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا لای زۆر خه‌ڵك سینه‌ما یه‌كێك نییه‌ له‌ شوێنه‌ جوانه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵییه‌ كه‌ بینیمان له‌ هۆڵه‌كانی سینه‌مای فامل مۆڵ و رۆیال مۆڵ بینه‌ری فیلمه‌ كوردییه‌كه‌ له‌ بینه‌ری فیلمه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه‌، هه‌روه‌ها خێزان دووباره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سینه‌ما له‌ نمایشی یه‌كه‌می ئه‌مریكانۆ ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانه‌ به‌ڕێزه‌كان ئاماده‌ بوون كه‌ ئێمه‌ خۆشمان پێشبینیمان نه‌ده‌كرد، هه‌نگاوی گه‌وره‌تر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت، چونكه‌ حكومه‌ت قه‌رزداری كلتووری كوردییه‌ به‌ گشتی، زۆر لام سه‌یره‌ حكومه‌ت قه‌رزه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو شتێك ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ت هه‌ر بیریشی له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ قه‌رزی خۆی له‌ بوارێك بداته‌وه‌ كه‌ هه‌یبه‌تی بۆ تاكی كورد گه‌ڕاندۆته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ وای لێهاتووه‌ ئێمه‌ پێش هه‌موویان من شت به‌ زۆر وه‌رده‌گرین، كاتێك ده‌چمه‌ لای به‌رپرسێك داوای بڕێك پاره‌ی لێده‌كه‌م بۆ كارێك یه‌كسه‌ر پێی ده‌ڵێم : مه‌ڵێ نییه‌ و بڕۆ بۆم په‌یدا بكه‌ واته‌ وه‌رگرتنه‌، من به‌و شێوه‌یه‌ تا ئێستا قسه‌م كردووه‌ و له‌ پرۆژه‌كانی داهاتووش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ شوێنێك نییه‌ بیر له‌ دروستكردنی كه‌سایه‌تیی كوردی بكاته‌وه‌ له‌ رێگای كلتووره‌وه‌.
بۆچی درامای عه‌ره‌بی و كوردی و توركی و كۆری و ئێرانی بینه‌ری هه‌یه‌ كه‌چی درامای كوردی بینه‌ری نییه‌؟ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا سه‌عدون یونس ده‌ڵێت: چونكه‌ تا ئێستا ئه‌و دراما كوردیانه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنرێن ناچنه‌ ناو دڵی بینه‌ری كوردەوە، پێویسته‌ له‌ درامادا هه‌موو شتێك بگوترێت بێ ئه‌وه‌ی له‌ سنوور ده‌رنه‌چێت ئه‌و كاته‌ بینه‌ر زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵك داده‌نیشێت سه‌یری درامایه‌كی كوردی ده‌كات كه‌ هیچ پێوه‌ندی به‌ ژیانی ئه‌وه‌وه‌ ‌نییه‌، یه‌كێك له‌لایه‌نه‌ ناشیرینه‌كانی درامای كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر جار ده‌بردرێته‌ ئاقارێكی سیاسی، خه‌ڵك له‌وه‌ تێر بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌ڵك پێویستی به‌ روون كردنه‌وه‌ و ده‌رخستنی گرفت و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ كه‌ تا ئێستا درامای كوردی خۆی لێیان نه‌داوه‌، هه‌روه‌ها درامای كوردی ئه‌گه‌ر زۆر به‌ ویژدانیش بیكات ده‌یكاته‌ یه‌كسانی بۆ دراما و بۆ پاره‌كه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ به‌لای پاره‌كه‌یه‌، چونكه‌ تا ئێستا سیستمێك دانه‌نراوه‌ بۆ رێكخستنی ژیانی رۆشنبیرانی ئه‌و وڵاته‌ و دابین كردنی ژیانی داهێنه‌رانی كورد.
له‌ باره‌ی كۆمیدیاش ده‌ڵێ: كۆمیدیایه‌ك كه‌ ئامانجی هه‌بێ له‌لای ئێمه‌ زۆر كه‌مه‌، هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كۆمیدیایه‌ك دروست بكه‌ن و زۆربه‌ی ئه‌كته‌ران به‌تایبه‌تی له‌ ته‌له‌فزیۆن ته‌نیا مه‌به‌ستیان ده‌ستكه‌وتنی پاره‌یه‌، نه‌ك پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ خستنه‌ سه‌ر لێوی خه‌ڵك.
Top