هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی میسری مه‌حمود قابیل:خۆشه‌ویستی ژیانم له‌ میلله‌تی كورد به‌دی كرد

هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی میسری مه‌حمود قابیل:خۆشه‌ویستی ژیانم له‌ میلله‌تی كورد به‌دی كرد
به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك هونه‌رمه‌ندی ناوداری میسری مه‌حمود قابیل وه‌ك باڵیۆزی نیازپاكی رێكخراوی یۆنیسێف سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخی ئاواره‌ سوریه‌كانی كه‌مپی دۆمیز بێت، له‌ ده‌رفه‌تێكدا چه‌ند پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ی كرد كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه‌.



•سه‌ره‌تا با به‌ كاره‌كانی ره‌مه‌زانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ئایا هیچ كارێكت هه‌بوو له‌ مانگی ره‌مه‌زان؟
-به‌ڵێ درامایه‌كم هه‌بوو كه‌ له‌ چیرۆكی فه‌یسه‌ڵ نه‌دا و ده‌رهێنانی عادل له‌حسه‌ و به‌رهه‌مهێنانی (صوت القاهرة) بوو، دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش كاتژمێرمان وێنه‌گرت دواتر شۆڕش ده‌ستی پێكرد بۆیه‌ راگیرا.
* حه‌ز ده‌كه‌ین بزانین هۆكاری ئه‌م سه‌ردانه‌ت بۆ كوردستان چی بوو به حوكمی ئه‌وه‌ی باڵیۆزی یونسێفی بۆ نیاز پاكی، چونكه‌ سه‌ردانه‌كه‌ت له‌ چوارچێوه‌یه‌كی هونه‌ری نییه‌؟
-من باڵیۆزی نیازپاكی هه‌رێمی رێكخراوی یونسێفم بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا به‌و پێیه‌ش هه‌رگرفت و قه‌یرانێكی مرۆڤایه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌دا پێوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، مه‌به‌ستی سه‌ردانم بۆ كوردستان ئه‌وه‌ بوو سه‌ردانی كه‌مپی په‌نابه‌رانی سوری له‌ دۆمیز بكه‌م و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخی منداڵان بم كه‌ له‌وێن به‌تایبه‌تی له‌ بواری پاكوخاوێنی و بوونی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ و داو و ده‌رمان و پاراستنی گیانی ئه‌و منداڵان، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كه‌مپه‌كه‌م كرد، به‌داخه‌وه‌ بارودۆخیان باش نه‌بوو و من ته‌حه‌فوزی زۆرم له‌سه‌ری هه‌بوو، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی باس له‌و ته‌حه‌فوزانه‌ بكه‌م، به‌ پێویستی ده‌زانم سوپاسێكی بێ پایانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌م، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای سه‌ختییه‌كان هه‌موو ئاسانكاریه‌كیان دابین كردووه‌ بۆ هه‌موو رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كان و من ئه‌مه‌م له‌ نزیكه‌وه‌ بینی و هه‌ستم پێی كرد دوای كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌مپه‌كه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تییان ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ هه‌ر كاتێك ئاوی خواردنه‌وه‌ كه‌م ببێت رێگا به‌ ئاواره‌كان و رێكخراوه‌كان ده‌ده‌ن بۆ دابینكردنی ئاو و هه‌موو پێداویستییه‌كانیان ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ فشارێكی زۆر درووست ده‌كات له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌رووی ئابورییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای زۆری ژماره‌ی ئاواره‌كان ئه‌وان رێگایان به‌ گه‌نجه‌كان ده‌ده‌ن له‌ كه‌مپه‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و كار بكه‌ن بۆ په‌یدا كردنی بژێوی ژیانیان و به‌ ئاسانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو كه‌مپه‌كه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ توركیا كه‌ وڵاتێكی هاوسنووری هه‌رێم و سوریایه‌ به‌ پێناسی تایبه‌ت نه‌بێت رێگا به‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌نابه‌ران نادات.
* ته‌حه‌فوزاته‌كانت چی بوون ده‌رباره‌ی كه‌مپه‌كه‌؟
-كه‌مپه‌كه‌ بۆ 25 هه‌زار كه‌س درووست كراوه‌، به‌ڵام ده‌بینین ئێستا نزیكه‌ 160 هه‌زار كه‌سی تێدایه‌ واته‌ شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تواناكه‌ی خۆی خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێیه‌ ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆری درووست كردووه‌ و زۆر ئاساییه‌ كه‌ ئاو و خۆراك به‌شیان نه‌كات؟
*وه‌ك یونسیف چیتان كردووه‌؟
- دوای ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ بارودۆخیانمان بینی داوامان له‌ وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان كردووه‌ بۆ دابین كردنی ئاو و داو وده‌رمانی زیاتر بۆ ئه‌م كه‌مپه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانی بیانپارێزی، له‌مه‌ش گرنگتره‌ پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌یه‌ بۆ منداڵه‌كان، چونكه‌ نه‌وه‌یه‌كی ته‌واو خوێندنیان له‌ ده‌ست ده‌چێت و بێ خوێندن ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ و بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م گرفته‌ش پێویستمان به‌ قوتابخانه‌ هه‌یه‌ بۆ كه‌مپه‌كه‌ به‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانییه‌وه‌، یونسیف كوتانی بۆ زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار كه‌س دابین كردووه‌ دژی سۆرێژه‌ و نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌ و بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان، من له‌ رێگای ئێوه‌وه‌ بانگه‌وازێك ئاڕاسته‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م كه‌ بزانن مرۆڤایه‌تی هه‌زاران منداڵ و كه‌سوكاریان ئیهان ده‌كرێت.
* چیتان دیت كه‌ زۆر كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر ئێوه‌؟
- ئێمه‌ له‌ژێر خێمه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌یه‌ك دانیشتین كه‌ پله‌ی گه‌رمای له‌ سه‌رووی 60 پله‌ بوو، پیاوه‌كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری گورچیلكی ئه‌نجامدابوو و توانای كار كردنی نه‌بوو و ئافره‌تێك ئه‌ركی به‌خێوكردنی 7 منداڵی له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆ شێوان میوانداری كردین ئه‌مه‌ش گه‌ورترین نموونه‌ی مه‌ردایه‌تی بوو.
*به‌ده‌ر له‌ كاری خێرخوازیت وه‌ك مرۆڤێك چی به‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌‌كان ده‌ڵێی؟
- داوایان لێده‌كه‌م كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌م ئافره‌ت مه‌رد و ده‌ستكراوه‌ بن و سه‌رمایه‌ی خۆیان له‌ شوێنی راست به‌كاربهێنن و له‌جیاتی كڕینی چه‌ك با گیانی منداڵه‌كان بكڕنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ دواڕۆژن، هه‌روه‌ها داوا له‌ حكومه‌تی به‌غدا ده‌كه‌م كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ نموونه‌ له‌و بواره‌.
* له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانت كوردستانت چۆن بینی؟
- زۆر له‌ براده‌رانم كه‌ زانییان سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌م پێیان گوتم چۆن سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند پێیان گوتم ئاساییه‌ بڕۆ هه‌ولێر له‌وانه‌ش عه‌لی به‌درخان كه‌ كورده‌، به‌ڵام لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم كه‌ دایكم كورده‌، عه‌لی دڵنیای كردمه‌وه‌ كه‌ بارودۆخی هه‌ولێر زۆر زۆر ئاساییه‌ و زۆریش باسی كوردستانی بۆ كردم و گوتی هه‌ر بچیت بۆ هه‌ولێر ئه‌و وڵاته‌ و خه‌ڵكه‌كه‌یت خۆشده‌وێ و به‌ دوورگه‌ی ئاشتی وه‌سف كرد.
* قسه‌كانی عه‌لی به‌درخان راست ده‌رچوون؟
- به‌ڵێ زۆر زیاتریشم دیت له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بۆی باس كردم، له‌ یه‌كه‌م ساتی كه‌ گه‌یشتم هه‌ستم كرد مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵك زۆر خۆشه‌ له‌گه‌ڵ میوانه‌كانیان و به‌ رێز و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ پێشوازیت لێده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ منیشیان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام رێزیان ده‌گرتم، هه‌روه‌ها كوردستان كه‌شوهه‌وایه‌كی خۆش و فێنكی هه‌یه‌ و هه‌ستم كرد خه‌ڵكه‌كه‌ی ژیانیان خۆشده‌وێ له‌ باوه‌ش گرتنی ئاواره‌كانی سوریاش به‌رزترین نموونه‌یه‌ كه‌ ئه‌م میلله‌تە ژیانی خۆشده‌وێ، چونكه‌ خۆشه‌ویستی كه‌سانی دیكه‌ واته‌ خۆشه‌ویستی ژیان ئه‌مه‌ش سیفه‌تێكی له‌ میلله‌تی كورد به‌دیم كرد.
* ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ هانده‌ر نین بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی هونه‌ری؟
-به‌ڵێ له‌گه‌ڵ عه‌لی به‌درخانیش قسه‌م كردووه‌، چونكه‌ پێشتر ئه‌و پرۆژه‌یه‌كی هه‌بوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمێكی سینه‌مایی ده‌رباره‌ی ژیانی مسته‌فا بارزانی كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕ بوو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان.
* سیاسه‌ت و هونه‌ر تێكه‌ڵ بوون له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟
- به‌ڵێ ئێستا سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به‌ هه‌موو شتێك بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ میسر، له‌ سوریا هونه‌رمه‌ندان بوونه‌ته‌ دووبه‌شه‌وه‌ هه‌ندێكیان دژی ده‌سه‌ڵات و هه‌ندێكیشیان پشتگیری لێده‌كه‌ن، سوپاس بۆ خوا له‌ میسر زۆبه‌ی هونه‌رمه‌ندان له‌گه‌ڵ شۆڕش بوون منیش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م هه‌بوو له‌ گۆڕپانی ته‌حریر بم، به‌شێكی كه‌میان بێده‌نگ بوون، به‌ڵام دژی شۆڕش نه‌بوون، به‌ر له‌ شۆڕشی 30 یۆنیۆ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك بووین پێكهاتبووین له‌ من و ده‌رهێنه‌ر خالد یوسف و به‌رهه‌مهێنه‌ر محه‌مه‌د عه‌دلی و ئه‌دیب به‌ها تاهیر وه‌زاره‌تی رۆشنبیریمان داگیر كرد و ده‌رگاكانمان داخست و وه‌زیریش نه‌یتوانی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت و ئه‌مه سه‌ره‌تای شۆڕشی 30 یۆنیۆ بوو بۆیه‌ ده‌ڵێم هونه‌ر و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ بوون.
* ئایا له‌ نێوان 25ی یه‌نایر و30 یۆنیۆ هونه‌ر له‌ میسر وه‌ستا بوو؟
-نه‌خێر نه‌وه‌ستا بوو، به‌ڵام هێواش بۆوه‌ و ئاسته‌نگی بۆ درووست ده‌كرا بۆ نموونه‌ دراماكه‌ی من راگیرا، له‌ شوێنێك كچه‌ ئه‌كته‌رێك رفێندرا و به‌ردیان تێگرتن، به‌ڵام ئێستا هونه‌رمه‌ندان زۆر خۆشحاڵن و به‌شداریان له‌ شۆڕشی 30 یۆنیۆ كرد زۆر له‌وانه‌ی له‌ شۆڕشی 25ی یه‌نایه‌ردا نه‌كردبوو و هانده‌ری سه‌ره‌كی شۆڕشه‌كه‌ بوون.

Top