سایە لەتیف ئەو كچە كوردەی پلەی سێیەمی لە ئۆڵۆمپیاتی توركیابەدەستهێنا

سایە لەتیف ئەو كچە كوردەی پلەی سێیەمی لە ئۆڵۆمپیاتی توركیابەدەستهێنا
لە ساڵی 2011 كچە كوردێك بەناوی سایە لەتیف بۆ یەكەم جار بەشداری لە نۆیەمین ئۆڵۆمپیاتی نێودەوڵەتی توركی بۆ گۆرانی كرد و لەبەر توانا و لێهاتوویی توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و سێیەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەلایەن میدیاكانی كوردستانەوە گرنگی ئەوتۆی پێ نەدرا تەنانەت تا ئێستاش میدیای كوردی زانیاری ورد و تەواویان نییە دەربارەی چۆنییەتی بەشداری كردنی ئەم كیژۆڵەیە و ئەو سەركەوتنەی لەو ئۆڵۆمپیاتە بە دەستی هێنا و میدیاكان تا راددەیەكی زۆر پێی نامۆن، سایە ئێستا قوتابییە لە پۆلی دوازدەی بنەڕەتی.



سایە دوای تەواو بوونی قوتابخانە و دەرچوونی ئەنجامەكان سەرەڕای ئەوەی كە كاتێكی زۆری بۆ گۆرانی وتن و مەشق كردن تەرخان كردووە، كەچی لە یەكەمەكانی قوتابخانەكەی بوو، سەبارەت بە بەشداری كردنی لە ئۆڵۆمپیاتی نێودەوڵەتی توركیا بۆ گۆرانی سایە دەڵێ: سەرەتا مامۆستاكانمان لە هەولێر بەرنامەیەكیان رێكخست بۆ قوتابییە دەنگخۆشەكان لەو بەرنامەیەدا چەند قوتابییەك دەرچوون كە من یەكێك بووم لەوان، دواتر لەسەر ئاستی عێراق لە هەر قوتابخانەیەك دوو كەس هەڵدەبژێردران، لە توركیا فیناڵی سەر ئاستی عێراقمان ئەنجامدا تێیدا من پلەی یەكەمم بەدەستهێنا ئینجا ساڵی 2011 بەشداریمان كرد لە ئۆلۆمپیاتی توركیا بۆ گۆرانی بە بەشداری 135 وڵات و 1500 قوتابی دەنگخۆش، منیش بە ناوی عێراقەوە بەشدار بووم، لە توركیا ماوەی یەك مانگ ماینەوە، چونكە ماوەی ئۆڵۆمپیاتەكە یەك مانگ بوو. هەر لەو ماوەیەشدا لە 25 شار لە سەرتاسەری توركیا بە شارە كوردییەكانیشەوە كۆنسێرتمان پێشكەش كرد و، لە شارە كوردییەكان من لە نێو جەماوەری كورددا بە زمانی كوردی گۆرانیم گوت، بەڵام لە پێشبڕكێدا بە زمانی توركی گۆرانیم گوت ئەمەش بووە مایەی خۆشحاڵی كوردانی ئەو شارە و زۆریان دەهاتنە لام و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بەوەی كچە كوردێك لەنێو ئەم هەموو بەشداربووەی كە لە سەرتاسەری جیهان ئامادە بوون بە زمانی كوردی گۆرانی بڵێت.
هەرچەندە لە هەموو شارە كوردییەكان بە زمانی كوردی گۆرانی وتووە لە كۆنسێرتەكان، سایە داخبارە بەوەی كە نەیتوانی لە فیناڵی ئۆڵۆمپیات بە زمانی كوردی گۆرانی بڵێ، چونكە ئەو كات بەپێی پەیڕەوی ئۆڵۆمپیاتەكە لە فیناڵ بەشداربووان بۆیان هەبوو تەنیا بە زمانی توركی گۆرانی بڵێن ئەمەش تەنیا بۆ ئەو نەبوو، بەڵكو بۆ هەموو بەشداربووان بوو، هەروەها ئەوانەی لە رۆژی یەكەمی ئۆڵۆمپیاتەكە بەردەوام وانەی هونەریان پێشكەش دەكردین و فێری بنەماكانی موزیكیان دەكردین هەموویان مامۆستای موزیكی توركی بوون، بەڵام لە كۆنسێرتەكان هەمیشە سەرەتا بە زمانی كوردی گۆرانییەكی وتووە ئینجا بە زمانی توركی گۆرانی دووەمی وتووە و دوای ماندووبوونێكی زۆر سایە توانی لە كۆی 135 وڵات و 1500 بەشدار بوو پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت.
سایە ئاماژە بەوە دەكات كە سەرەڕای ئەو و دوو بەشداربووەی دیكە پلەكانی یەكەمیان بەدەستهێنا، بەڵام رێكخەرانی ئۆڵۆمپیاتەكە هاوكارییان نەكردن بۆ بەردەوام بوون و دەڵێ: ئەگەرچی ئێمە پلەكانی یەكەممان بەدەستهێنا و لە هەموو بەرنامە هونەرییەكاندا واباوە یەكەمەكان دواتر كاری هونەرییان بۆ دەكرێ و هاوكاری دەكرێن بەتایبەتی ئەگەر بزانن بەردەوام دەبن لە كاری هونەری، بەڵام ئەمەیان بۆ نەكردین هەرچەندە زۆریش بە پەرۆشەوە بووین بۆ هاوكاری كردنمان، چونكە من خۆم یەكێكم لەوانەی كە بڕیارمداوە بەردەوام بم لە كاری هونەری و ئێستاش خۆم ئامادە دەكەم بۆ تۆمار كردنی بەرهەمێكی نوێ، ئەوان تەنیا بۆ ساڵی دواتر داوەتیان كردین بۆ ئامادبوون لە ئۆڵۆمپیاتەكە وەك میوان و لە چوارچێوەی ئەم میواندارییەش لە شارەكانی توركیا 9 كۆنسێرتمان ئەنجامدا.
ئەوەی سایە بەدەستی هێنا دەسكەوتێكی گەورە بوو كە كچێكی كوردی باكووری كوردستان بتوانێت لە توركیا لەنێو 135 وڵاتدا پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت، بەڵام لە ناوخۆی كوردستان و بەتایبەتی لە میدیای كوردی بە هیچ شێوەیەك باس نەكرا و كەسیش پێی نەزانی تەنیا كەسە نزیكەكانی نەبێت لە كاتێكدا پێویست بوو گرنگییەكی زۆری پێ بدرێت و زیاتر بە خەڵك بناسرێت و كار بكرێت بۆ پەرەپێدانی توانا هونەرییەكانی ئەم كچە و هاوكاری زیاتری بكرێت لەلایەن حكومەت و هونەرمەندانیشەوە، سەبارەت بەم دوورە پەرێزییە لە میدیاكان سایە دەڵێ: رەنگە ئەمە كەمتەرخەمی ئێمە بێت، چونكە كاتێك ئێمە دەرچووین پێویست بوو خۆمان ئەمە بە میدیاكان رابگەیەنین و ئاگاداریان بكەینەوە كە پێشبڕكێیەكی لەو جۆرە ئەنجام دەدرێت و ئێمەش تێیدا بەشدار دەبین، لێرەدا دەمەوێ بڵێم كە سەرەڕای ئەم كەمتەرخەمییە من لە دڵەوە حەز دەكەم بەردەوام بم لە كاری هونەری و مامۆستاكان و ماڵەوەش زۆر هانم دەدەن بەتایبەتی برا گەورەكەم كە زۆر حەز دەكات ببم بە هونەرمەند و بەردەوام بم و جگە لە هاندان هاوكاریشم دەكات، ماڵەوەمان هەمیشە پێم دەڵێن كە من خاوەن بەهرەیەكی هونەری زۆرم و پێویستە بەردەوام بۆ ئەوەی بتوانم لە رێگای هونەرەوە خزمەت بە میللەتی خۆم بكەم، هەروەها لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی تورك دۆیتێكم ئەنجامدا دوای گۆرانییەكە زۆر هانیدام و داوای لێكردم بەردەوام و بەرهەمێكی توركی و عەرەبی پێشكەش بكەم، لە دۆیتەكەش داوای كرد بە زمانی توركی و عەرەبی بێت، بەڵام ئێمە رازی نەبووین ئەوە بوو لە كۆتاییدا بە كوردی و توركی گۆرانیمان گوت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو بەردەوام بوو لە هاندانمان بۆ بەردەوام بوون لە گۆرانی وتن. سەبارەت بە چۆنیەتی بەردەوام بوونی لە كاری هونەری كە ئایا وەك حەز و ئارەزوویەك دەمینێتەوە یان تەواوی ژیانی خۆی بۆ تەرخان دەكات، سایە دەڵێ: بێگومان بە حوكمی ئەوەی ئێستا قوتابیم و لەبەر بچووكی تەمەن لە ئێستادا هونەر بۆ من وەك ئارەزوو، بەڵام بەردەوام لە ماڵەوە بیر لە هونەر دەكەمەوە و براكانم پێم دەڵێن تۆ تەنیا بیرت لای هونەرە و ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر خوێندن و دواڕۆژت، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەم ساڵ لەسەر ئاستی قوتابخانەكەمان بە پلەی دووەم دەرچووم ئەمەش مانای وایە كە هونەرەكەم كاریگەری لەسەر خوێندنم نەبووە.
سایە زۆر سەرسامە بە هەردوو هونەرمەند كەمال محەمەد و كچە هونەرمەندی باشوور رۆژین، ئەگەرچی ستایلیان زۆر لێك جیاوازیشە و لەم بارەیەوە دەڵێ: ستایل و گۆرانییەكانی كەمال زۆر هێمن جوان و ناسكە و هەمیشە حەز دەكەم گۆرانییەكانی بڵێمەوە و شتی لێوە فێر بم، هەروەها زۆر سەرسامم بە كچە گۆرانیبێژ رۆژین هەرچەندە ستایلەكانیان زۆر لە یەكتری جیاوازن، بەڵام من لە دڵەوە حەز دەكەم بگەم بە ئاستی رۆژین و راستەوخۆ ئەمەشم پێی گوتووە، چونكە هەست دەكەم رۆژین بەو ستایلەی كە پێی ناسراوە هەوڵ دەدات گۆرانیی كوردی بە جیهانی دەرەوە بناسێنێت و پێیان بڵێت ئێمەی كوردیش لەرووی هونەرەوە هیچمان لە نەتەوەكانی دیكە كەمتر نییە، هەر رۆژینیش بوو گۆرانییەكەی بۆمن هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە ئۆڵۆمپیات بیڵێم.




Top