ئاراس فاتیح ره‌سوڵ:له‌ سه‌ركه‌وتنی كارێك دڵنیا نه‌بم ئه‌نجامی ناده‌م

ئاراس فاتیح ره‌سوڵ:له‌ سه‌ركه‌وتنی كارێك دڵنیا نه‌بم ئه‌نجامی ناده‌م
تازه‌ترین به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندی گه‌نج ئاراس فاتیح به‌ناوی (كوردستانی من) له‌ هه‌ولێر نمایش كرا،ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌ی له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و په‌خش ده‌كرێت.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ ئاراس فاتیح له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ هوتێل رۆتانا له‌ شاری هه‌ولێر به‌رهه‌مه‌ تازه‌كه‌ی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ شێوه‌ی كورته‌ فیلم ئه‌نجام دراوه‌ و به‌ پێشكه‌وتووترین ئامێری سه‌رده‌میش ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌ی تۆمار كردووه‌.
له‌و پرێس كۆنفڕانسه‌دا ئاراس وتی : ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكی كاری به‌رده‌وامم له‌و سرووده‌ نیشتمانییه‌ دوای ئه‌و ماندوو بوونه‌ی له‌و كاره‌ كێشام ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م كارێكم ئه‌نجامداو هه‌موو كوردستانییه‌ك به‌ جیاوازی بیروبۆچوون و ئینتیما و ئایدۆلۆژیایه‌كه‌وه‌، شانازیی پێوه‌ بكات، چونكه‌ كارێكی كوردستانییه‌ و وه‌ك وه‌فادارییه‌ك بۆ خاكی كوردستان پێشكه‌شم كردووه‌”.
ئاراس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئه‌ركی تۆماركردنی ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و لە وێنەگرتندا كۆپتەریش بەكارهاتووە.. ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شێكە له‌ چالاكییه‌كانی یادی ٢٥ ساڵه‌ی جینۆسایدی دژی كورد.
ئاراس فاتیح كه‌ خۆی ده‌رهێنه‌ره‌ و هه‌میشه‌ بیرۆكه‌كانی مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشانن و هه‌ر خۆیشی خاوه‌نی سیناریۆ و بیرۆكه‌ی ئه‌م كلیپه‌یه‌ ده‌رباره‌ی كلیپه‌كه‌ ده‌ڵێت: سیناریۆی به‌رهه‌مه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك قوتابی كوڕ و كچی كورد به‌ هاوكاری مامۆستاكه‌یان و به‌بێ ئاگاداری كه‌س ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌گێڕن و نزیكه‌ی چوار هه‌زار منداڵیش له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شداری ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌یان كردووه، هه‌روه‌ها له‌ ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفالی گه‌رمیان و بارزان و بالیسان و بادینان و و كه‌سوكاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شدارن ‌.
(كوردستانی من) گۆرانییه‌كی نیشتمانییه‌، به‌شێك له‌ تێكسته‌كه‌ی له‌ نووسینی شاعیری كورد عه‌بدوڵا په‌شێوه‌ و به‌شه‌كانی تریشی هه‌ریه‌كه‌ له‌ هۆگر فاتیح و پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ناسراوه‌، خۆشناو تیلۆش به‌شێكی لێ كردووه‌ به‌ شێوه‌زاری كرمانجی، ئاوازه‌كه‌شی له‌لایه‌ن هۆگر فاتیح ره‌سووڵه‌وه‌ دانراوه‌.
هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌دا ئاراس باسی له‌ بیرۆكه‌ی به‌رهه‌مه‌ نوێیەكه‌ی كرد و وتی ”هه‌موو جیاوازییه‌كانم له‌ خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا كۆكردووه‌ته‌وه‌، بێگومان له‌مه‌شدا قوربانیانی كاره‌سا‌ته‌كانی جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستانم به‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌مووان داناوه‌، تا پێكه‌وه‌ هیوا بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ بخوازن و خه‌ونی مه‌زنی هه‌مووان بێته‌دی.
كاره‌ ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌م ڤیدیۆ كلیپه‌ له‌سه‌ر شێوازی كورته‌ فیلمێكی سینه‌مایی، له‌لایه‌ن ستافێكی كارا و پڕۆفیشناڵه‌وه‌ به‌ تازه‌ترین ته‌كنیك جێبه‌جێ كراوه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م و سیناریۆكه‌ی هونه‌رمه‌ند ئاراس فاتیح خۆیه‌تی و هونه‌رمه‌ند جه‌نگۆ ده‌رهێنه‌ری كاره‌كه‌یه‌ و مه‌نهه‌ل ئه‌نداروشیش به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنه‌.
سیناریۆی ئه‌م كلیپه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ند كچ و كوڕێكی قوتابیی كورد، به‌هاوكاریی مامۆستاكه‌یان كه‌ هونه‌رمه‌ند ئاراس رۆڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ كه‌س بكه‌ن، ئاهه‌نگی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ساز ده‌كه‌ن و چه‌ند كارێكی تێدا كراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ گۆرانیی نیشتمانی و له‌ ڤیدیۆ كلیپی كوردیدا ده‌بینرێن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ و دوای گۆرانیی (كوردستانی من) كه‌ تێكه‌ڵێكه‌ به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی كرمانجی و سۆرانی، بیرۆكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فیلمێكی نمایشی مۆسیقییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ نێو كورددا تا رادده‌یه‌ك نوێیه‌ و سه‌باره‌ت به‌ فیلمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی، ئاراس ده‌ڵێت: ئه‌م فیلمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م فیلمی (نمایشی مۆسیقایی) كه‌ بۆ هه‌موو ته‌مه‌نێكه‌ واته‌ گه‌وره‌ و بچووك، به‌ڵام زیاتر بۆ منداڵانه‌، ئێستا زۆربه‌ی كاره‌ پێویسته‌كانی ئه‌م فیلمه‌ ئاماده‌ كراوه‌، چونكه‌ زه‌حمه‌تترین شت له‌و جۆره‌ فیلمانه‌ هه‌ڵبژاردنی گۆرانییه‌ پێویسته‌ گۆرانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ندێك جیاواز بن واته‌ تایبه‌ت بن بۆ ئه‌و جۆره‌ فیلمانه‌، من تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر گۆرانی جیاجیام هه‌ڵبژاردووه‌ و گشت گۆرانییه‌كانیش ئاماده‌ن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ گۆرانییه‌كان هه‌موویان له‌و فیلمه‌دا به‌كاربهێنم و بیانڵێم، له‌وانه‌یه‌ زۆر جار ‌ كه‌متر له‌ یه‌ك خوله‌كی هه‌ر گۆرانییه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كاربهێنرێت به‌پێی پێویست، گۆرانییه‌كانیش تێكه‌ڵن له‌نێوان گۆرانیی فۆلكلۆری و نوێ، زۆربه‌ی گۆرانییه‌كان ، به‌ڵام هه‌ندێك گۆرانی هه‌یه‌ پێویسته‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ تێیدا به‌شدار بن.
ئاراس ئاماژه‌ به‌ ستافی هونه‌ری فیلمه‌كه‌ ده‌كات وتی: هه‌ڵبژاردنی ستافی هونه‌ری ئه‌م فیلمه‌ كارێكی ئاسان نییه‌ بۆیه‌ تا ئێستا ئه‌مه‌ یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك زۆربه‌ی كاره‌كانی خۆم من سیناریۆكه‌م داناوه‌ و بیرم له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ كاری ده‌رهێنه‌ریش هه‌ر خۆم ئه‌نجامی بده‌م، هه‌رچه‌نده‌ بۆ من زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌شدار بم و ده‌رهێنه‌ریش بم، ئه‌گه‌ر كاری ده‌رهێنه‌ریش خۆم ئه‌نجامی نه‌ده‌م ‌ پێویسته‌ ده‌رهێنه‌رێك هه‌بێت كه‌ له‌ ئاستی ئه‌م كاره‌دا بێت و منیش به‌ گوێره‌ی توانا یارمه‌تی بده‌م یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و یارمه‌تیم بدات له‌ پشت كامیره‌وه‌ له‌و كاته‌ی من ڕۆڵی ئه‌كته‌ری ده‌بینم كه‌ وه‌ك ده‌رهێنه‌ری دووه‌م به‌شدار بێت و ئه‌و كاره‌ی پێویسته‌ من بیكه‌م له‌ پشت كامێرا ئه‌و بیكات، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ش كورد بێت، بۆیه‌ش پشت به‌ ده‌رهێنه‌ری كورد ده‌به‌ستم.
ئاراس ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی دڵنیا نه‌بێت موجازه‌فه‌ ناكات ،له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی كارێك دڵنیا نه‌بم خۆمی لێناده‌م،نابێ ئه‌وه‌شمان بیر بچێت من پێشتر ئه‌زموونی له‌و جۆره‌م هه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌و فیلمه‌ كاته‌كه‌ی دوو كاتژمێره‌ من كه‌سێكم كاره‌كانم به‌ شێوه‌یه‌كی پرۆفشیناڵی ئه‌نجام ده‌ده‌م و ئاماده‌م چه‌ند ساڵێك راوه‌ستم ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی جوان پێشكه‌ش بكه‌م نموونه‌ش من ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوه‌ خه‌ریكی‌ ئه‌و سرووده‌ بووم تاكو هیچ له‌ كه‌موكوڕییه‌كانیم نه‌هێشت و دڵنیا بووم له‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر پێشوازی لێده‌كات ئینجا بڕیارمدا تۆماری بكه‌م و بڵاوی بكه‌مه‌وه‌.





Top