جوانا مەلاح:بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە گۆرانییەكانیان دووبارە بڵێمەوە
جوانا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.
* جەماوەر چی لە هونەرمەند دەخوازێت و مەرجەكانی بە هونەری بوون چین؟
- رەنگە من نەتوانم بڵێم مەرجەكانی بە هونەرمەند بوون چین، بەڵام لە كارە سەرەكی و گرنگەكان بریتین لە بوونی توانای هونەری و دەنگخۆشی واتە بە بەهرە دەنگی خۆش بێت، هەروەها چۆنییەتی وتنەوەی گۆرانی لەبەردەم جەماوەر دەتوانم بڵێم ئەمانە مەرجی سەرەكین بۆ سەركەوتنی هونەرمەند و جەماوەر ئەوەی لێدەخوازێت، جگە لە مانە پێویستە دەنگی بەهێز بێت و بتوانێت چۆن سەرنجی جەماوەر بۆ خۆی رابكێشێت، بۆ ئافرەتانیش جوانی و چۆنیەتی دەركەوتن و مامەڵە كردن لەگەڵ جەماوەر بە مەرج دادەنرێن.
* ئێستا هەست بەوە دەكرێت كە كەسانێك هەن هەوڵ دەدەن بە خۆ نمایش كردن وا لە جەماوەر بكەن زۆر بیر لە دەنگخۆشی و لایەنی هونەری نەكەن ئەمە تا چەند سەركەوتووە؟
- من لەو باوەڕەدانیم ئەمە بە هیچ شێوەیەك سەربكەوێت تا كۆتایی و ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بتوانێت ئەمە بكات ناتوانێت بەردەوام بێت، چونكە بەڕای من جوانی راستەقینەی هەر مرۆڤێك بە هونەرمەندیشەوە بریتی نییە لە جوانی سیما، بەڵكو زیاتر دەبێ گرنگی بە لایەنی رۆحی جوانی بدات و هەرچەندە هونەرمەندی ئافرەت جوان بێت پێویستە راستگۆ و وەفادار بێت بۆ جەماوەر و مەرج نییە گشت ئەو ئافرەتانەی لە هونەردا سەركەوتوون جوان بووبن
* ئێستا گۆرانیبێژی زۆر پەیدا بوون بەتایبەتی ئافرەتان كە مەرج نییە هونەرمەندی سەركەوتوو بن، ئایا لەو زۆرییەی كە هەیە ئاسانە هونەرمەندێك بتوانێت سەركەوێت و ببێتە خاوەن جەماوەر؟
- بە هۆی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن لەم سەردەمەدا بە دەستهێنانی سەركەوتن و پەیدا كردنی جەماوەر بۆ هەر هونەرمەندێك بەتایبەتی بۆ ئافرەتان كارێكی ئاسان نییە، ئەمەش بەهۆی زۆربوونی ئەو كەسانەی كە گۆرانی دەڵێن، زۆر لە ئافرەتان ئێستا لە كەناڵەكان دەردەكەون تەنیا پشت بە خۆنمایش كردن دەبەستن و هیچ مەرجێكی هونەرییان تێدا بەدی ناكرێت كەچی لە هەندێك كەناڵ بەردەوام بەرهەمەكانیان نمایش دەكرێت، ئەگەرچی كارەكانیان كاتیشە، بەڵام كەسانێك هەن گوێیان لێدەگرن.
* گرنگترین ئەو شتانە چین كە رووبەرووی هونەرمەند دەبنە و ئاستەنگی بۆ درووست دەكەن؟
- ئەوەی بیستوومانە كاری هونەری جا هەر شێوەیەك و لە هەر شوێنێك بێت كارێك پڕ لە گرفت و ئاستەنگە، بەشێك لەو گرفتانە پەیوەندییان بە لایەنی هونەرییەوە هەیە بۆ نموونە دۆزینەوەی تێكستێكی جوان كە بۆ ئێستا گونجاو بێت و هەموو تەمەنەكان گوێی لێبگرن و لە جەماوەر نزیكت بكاتەوە و تێیدا سەركەوتوو بی، هەروەها مەسەلەی بڵاوكردنەوە و كار كردنیش لەگەڵ كۆمپانیا هونەرییەكان بۆ بلاوكردنەوەی بەرهەمەكەت بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ ئەمەش كارێكی زەحمەتە، چونكە هونەرمەند و كۆمپانیا هەردووكیان بەدوای شێوەی وادا دەگەڕێن كە بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن بۆیە زۆر جار گرفت لەم بوارەدا و بۆ ئەوەی هونەرمەند سەركەوتوو بێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت پێویستە رووبە رووی ئەم گرفتانە ببێتەوە و خۆیانی بۆ ئامادە بكات، چونكە هونەر كارێكی ئاسان نییە وەك هەندێك كەس پێیان وایە .
* ئێستا زۆر لە هونەرمەندان گۆرانییە كۆنەكان نوێ دەكەنەوە و لە بەرهەمەكانیاندا بڵاویان دەكەنەوە تۆ چی دەڵێی بۆ ئەم دیاردەیە ئایا پێت باشە بەردەوام بێت؟
- من زۆر گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم، بەڵام تا ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە گۆرانییەكانیان دووبارە بڵێمەوە بەتایبەتی تۆمار كردنیان و بڵاوكردنەوەیان لە سیدی، هەرچەندە هەندێك جار لە ئاهەنگەكاندا گۆرانییەكانیان دەڵێمەوە، بەڵام تەنیا لە ئاهەنگەكان، چونكە هەرچۆنێك بیڵێم وەك خۆی نایڵێم لەوانەیە ئەو كات خەڵك گلەییشم لێبكەن و كاریگەری هەبێت بەسەر ناوبانگ و جەماوەرێتی منیشەوە.
* گەلان خاوەن فۆلكلۆری لوبنانی دەوڵەمەندە تا چەند سوودت لێی وەرگرتووە؟
- بێگومان هەر هونەرمەندێك ئەگەر دەستی بە كاری هونەری كرد پێویستە سوود لە هونەرمەندانی پێش خۆی وەربگرێت بە هەمان شێوە نابێ فۆلكلۆریش پشتگوێ بخات، چونكە ئەوانەی پێش ئێمەش گۆرانییان گوتووە بە هەمان شێوە بووە نابێ ئەوەش لە یاد بكەین كە ئێمەی لوبنانی خاوەن فۆلكلۆرێكی دەوڵەمەندین.
* پێت وایە چ هونەرێك رەسەنە؟
- هونەری رەسەن وابەستە نییە بە هیچ كات و زەمانێكی دیاریكراوە، ئەگەر هونەرمەندێك دوای دە ساڵ یان 50 ساڵی دیكەش كارێك پێشكەش بكات و بە زیندوویی لای جەماوەر بمینێتەوە بەڕای من ئەمە كارێكی رەسەنە .
* لە ڤیدیۆ كلیپەكاندا تەقلیدی كەس ناكەیتەوە؟
نەخێر بەهیچ شێوەیەك تەقلیدی كەسم نەكردۆتەوە، چونكە هەر هونەرمەندێك شێوازی تایبەتی خۆی هەیە منیش شێوازی تایبەتی خۆم هەیە لە گۆرانی گوتن بەتایبەتی لە كاتی تۆمار كردنی كلیپ یان دەركەوتن لەسەر تەختەی شانۆ، رەنگە ئەگەر جوولەكانی من و یەكێكی تر لە یەك بچن هەندێك كەس وا لێكی بدەنەوە من تەقلیدی كەسانی ترم كردبێتەوە، هەروەها هونەرمەند لە هەر كلیپێك بە شێوازێكی جیا دەردەكەوێت، هەندێك كلیپ پێویستیان بەوەیە سەمای تێدا بكرێت بە پێچەوانەوە هەندێكی پێویستییان بەوەیە هونەرمەند تێدا بگریت یان خەمبار دەركەوێت.
* هونەرمەندی سەركەوتوو چۆن لە سەرنەكەوتوو جیا دەكرێتەوە؟
- هونەرمەندی سەركەوتوو ئەوەیە كە جەماوەر هەست بكات شتێكی نوێی پێشكەش دەكات واتە هەمیشە كارەكانی لای جەماوەر زیندوون و گوێی لێدەگرێت، بە پێچەوانەوە گۆرانیبێژی سەرنەكەوتوو جا ئافرەت بێت یان پیاو بەلای من ئەو كەسە ئەوەیە كە لە كارێكدا سەردەكەوێت و پێی وایە ئیتر تەواو و تا كۆتایی خۆی بەسەركەوتوو دەزانێت و لە كارەكانی داهاتوویدا خۆی ماندوو ناكات، بەڵام ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە هونەریش وەكو هەموو شتەكانی دیكە بەردەوام لە گۆڕاندایە و جەماوەر هەمیشە شتی نوێی دەوێ.