نوژدار:هونەرمەند پێویستە تینوویەتــی جەماوەر بۆ كاری رەسەن بشكێنێت
نوژداریش وەك زۆربەی هونەرمەندانی دەڤەری بادینان خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە لە دەڤەری سۆران بۆیە چەند گۆرانییەكی سۆرانی گوتووە لەوانە گۆرانی (ئەمان دكتۆر)ی هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك بە هەندێك گۆڕانكاری بچووكەوە، بۆ وتنی ئەم گۆرانییەش نوژدار دەمێك بوو بەدوای گۆرانییەك دەگەڕا بەتایبەتی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان و لە كۆتاییدا گۆرانی (ئەمان دكتۆر) و سەركەوتنێكی دیار و بەرچاوی بە دەستهێنا دواتریش گۆرانی دیكەشی وت.
هەندێك هونەرمەند ساڵانە بەرهەمی نوێ بڵاو دەكەنەوە، هەندێكی تریش ساڵانە زیاتر لە بەرهەمێك بڵاو دەكەنەوە، هەروەها هەندێكی تریش هەن بە چەند ساڵ جارێك ئینجا بەرهەمێك بڵاودەكەنەوە، لەم بارەیەوە نوژدار دەڵێ:هەر بەرهەمێكی هونەری كە هونەرمەند بیەوێ بڵاوی بكاتەوە بیركردنەوەیەكی زۆری دەوێ لەهەمان كاتدا هەڵبژاردنی گۆرانی سەركەوتوو ئاسان نییە و زۆر زەحمەتە بتوانی خەڵك رازی بكەی، من هەمیشە سیاسەتی چۆنایەتی پەیڕەو دەكەم نەك چەندایەتی، بۆ نموونە ئەگەر هونەرمەند لە ساڵێكدا كارێكی سینگڵی باشی هەبێت زۆر باشترە لە بەرهەمێكی بێسەرووبەر و سەنگێكی ئەوتۆی نەبێت شایەنی باس كردن بێت، هونەرمەند دەبێ بتوانێت شتێك پێشكەش بە جەماوەر بكات كە رازییان بكات وتێنوویەتی بشكێنێت نەك ساڵانە بەرهەمێك بڵاو بكاتەوە.
نوژدار زیاتر دەڵێ: لە هەمان كاتدا هونەرمەند هەیە حەز دەكات ساڵانە بەرهەمێك بڵاوبكاتەوە، چونكە هەر هونەرمەندێك شێوازێكی تایبەتی هەیە لە گۆرانی گوتن، هەیە دەیەوێ تەنیا بەردەوام لە شاشەكان دەركەوێـت، من حەز دەكەم هەر كارێك پیشكەش بكەم جیاواز بێت، با ساڵانە تەنیا یەك گۆرانیشم هەبێت، بەڵام لەلایەن جەماوەرە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەمیشە دەیڵێنەوە نەوە بە دوای نەوە، من نامەوێ كۆمەڵە گۆرانییەك پێشكەش بكەم و تەمەنیان زۆر كورت بێت كە لە چەند مانگێك تێنەپەڕێت.
نوژدار پێیوایە پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكان رۆڵی هەبووە لە پێشخستنی هونەری كوردی لەم بارەیەوە دەڵێ: هەموو لایەك دەزانین بە ئەكادیمی بوونی هونەر لە كوردستان شتێكی پێویستە، بۆیەدەتوانم بڵێم دوای دامەزاندنی كۆلێژ و پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكان لە كوردستان گۆرانی ومۆسیقا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و كادرێكی زۆری هونەری پێگەیاندووە، بۆ نموونە چەندین هونەرمەند لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی دهۆك دەركەوتوون ناوبانگیان دەركردووە، جگە لە هونەر لە گشت بوارەكانی ژیاندا خەڵك روو لەئەكادیمیەت دەكات و پێیوایە هیچ شتێك بەبێ زانست كامڵ نین، بۆ نموونە كەسێك دەنگی خۆش و بە توانا بێت پێویستە بەشێوەیەكی زانستی سوود لە تواناكانی خۆی وەربگرێت، چونكە هەر شتێك ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی كاری بۆ نەكرێت، چەندیش باش و بە توانا بێت ناتوانرێت وەك پێویست سوود لەو توانایەی وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر هونەرمەند بەشێوەیەكی ئەكادیمی بێتە نێوكاری هونەرییەوە ئەوا رۆژ دوای رۆژ پێشدەكەوێت، بۆیە هونەر ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی بێت ئەوا تەمەنی ئەو هونەرە درێژتر دەبێت بەپێچەوانەوە هەر گۆرانییەك بێ زانست بێت بێ بناغەیەكی پتەوە و تەمەنی كورت دەبێت من خۆم یەكێكم لەو هونەرمەندانەی كە گرنگییەكی زۆر بە لایەنی ئەكادیمی دەدەم.
هونەرمەند نوژدار وای دەبینێت هونەر پەیامێكە نەوە دوای نەوە دەگەڕێتەوە پێشتر هونەرمەندە مەزنەكان بە سەركەوتوویی ئەم ئەركەیان هەڵگرتووە، هونەرمەندانی دیكەش كە لە دوای ئەوانەوە ئەركەكە لە ئەستۆ دەگرن پێویستە درێژەپێدەری كاری ئەوان بن و بتوانن زۆر بەباشی هەوڵی گرتنەوەی شوێنی ئەوان بدەن و پەیامەكە وەك خۆی بگەیەنن و ئەگەر نەتوانن وەك ئەوانیش بن، ئەگەر نەتوانن هەمان پەیامەكەش بگەیەنن ئەوا هەر هیچ نەبێت كارەكە وەك خۆی راگرن و نەهێڵن ئاستی هونەری كوردی نزم بێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو كە دوای ئەو نەوەی ئێستاش هەن نەوەیەكی دیكەی هونەرمەندان دێن و ئەركەكە لە ئەستۆ دەگرن، بێگومان شێواز و سەردەمی ئەوانیش جیاواز دەبێت لەگەڵ ئێمە ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانە بەسەر ژیان و شێوەی بیر كردنەوەی خەڵكدا دێت و وادەخوازێت هونەرمەندیش خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت.
نوژدار دەربارەی پێویستی بژێوی ژیان بە هونەرەوە دەڵێ: تا ئێستا هونەر نەبووەتە هۆی ئەوەی كە هونەرمەند بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی لە رێگای هونەرەوە پەیدا بكات، ئەگەرچی هەوڵی زۆر لەم بارەیەوە نراوە بۆ پشت بەستنی هونەرمەند بە هونەرەكەی خۆی تا بژێوی ژیانی پەیدا بكات، نەك وەك ئێستا تەنیا هۆكارێك بێت بۆ بەردەوام بوونی هونەرمەند و نەوەستانی لە ئەنجامدانی كاری هونەری، نوژدار ئاماژە بەوەش دەكات كۆبوونەوەی هونەرمەندان لە و بیروڕا گۆڕینەوە سوودی دەبێت بۆ پێشخستنی هونەری كوردی، جا لە شێوەی فیستیڤاڵ بێت یان هەر شێوەیەكی دیكە، بەڵام بەر لەوەی بیر لە سازكردنی فیستیڤاڵ بكرێتەوە پێویستە رێوشوێن و ئامڕازەكانی ساز كردنی فیستیڤاڵێكی سەركەوتوو دابین بكرێن.
نوژدار ئاماژە بەوەش دەكات كە پێویستە هونەرمەند سەنگ و پێگەی خۆی بپارێزێت و نەبوونی بژێویی ژیان نەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هونەرمەند لە هەموو شوێن و هەموو كاتێك گۆرانی بڵێت، چونكە هەر كەسێك كاری هونەری بكات پێویستە شانازی بە خۆی و هونەرەكەی بكات و ئەوەی لە بیر بێت كە میللەتان بە هونەرەكەیانەوە دەناسرێن و زۆر جار هونەر هۆكارێكە بۆ ناساندنی میللەتێك بە جیهان، بۆیە پاراستنی سەنگ و پێگەی هونەرمەند زۆر گرنگە، لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم هەر شوێنێك هونەرمەندی خۆی دەوێ.