هۆزان جانێ:پێویستە هونەرمەند گۆرانی فۆلكلۆر و مۆدێرنیش بڵێت
جانێ بەوە ناسراوە كە هەمیشە دەیەوێ دەربڕی خەم و ئازارەكانی ئافرەتی كورد بێت و دەنگی بەرز بكاتەوە بۆئەوەی بە گشت مافەكانی بگات و پێی وایە ئافرەتی كورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی چەوسانەوە بووە و ئازاری زۆری چەشتووە بە دەست دابونەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكانەوە و تا ئێستاش ئازارەكانی بەردەوامن و دەڵێ:من وەك ئافرەتێك ئەم واقعە تاڵەم بە چاوی خۆم بینیوە و لەگەڵیدا ژیاوم، ئافرەتی كورد بە درێژایی مێژوو قارەمانییەتی نواندووە و شان بە شانی پیاو رووبەڕووی دوژمنان بووەتەوە، بۆیە هەمیشە لە بەرهەمەكانمدا هەوڵمداوە ژیان و خەباتی ئافرەتی كورد بهێنمە زمان و گوزارشت لە مافەكانی بكەم.
جانێ پێیوایە لە كوردستان لەسەر ئەساسی توانا و خزمەت هونەرمەندان هاوكاری ناكرێن و دەڵێ: دەزگا و سازیە هونەرییەكان لە كورستان بەپێی ئارەزووی خۆیان یارمەتی هونەرمەندان دەدەن بێ ئەوەی پێوەرێك هەبێت وەك بەهرە و خزمەت، بۆیە دەبینین كەسانێك هەن هیچ شارەزاییەكیان دەربارەی هونەر و كلتووری كوردی نییە و هیچ شتێكیان پێشكەش بە هونەری كوردی نەكردووە كەچی زیاتر لەوانەی چەندین ساڵە خزمەت دەكەن و هونەری رەسەن پێشكەش دەكەن، پاڵپشتی دەكرێن.
جانێ باس لە فۆلكلۆری كوردی دەكات و بە هۆكارێكی سەرەكی بونیادنانی هونەری كوردی دەزانێت و دەڵێت: فۆلكلۆری بە بناغەیەكی پتەوی گۆرانی و موزیكی كوردییە، تا ئێستا موزیك و گۆرانی كوردی بە دەنگی دەنگبێژان پێشكەش كراوە، من بۆخۆم زۆر بەرهەم و گۆرانی فۆلكلۆریم پێشكەش كردووە و تێیدا سەركەوتوو بووم و بەردەوامیش دەبم لەسەر پێشكەش كردنی، بەڵام لە هەمان كاتدا نابێ هونەرمەندەگەنجەكان فەرامۆش بكات و تەنیا خۆی بە فۆلكلۆرەوە گرێ بدات، بەڵكو پێویستە گۆرانی نوێش پێشكەش بكات بۆ ئەوەی جۆرە پێوەندییەك لەنێوانیاندا هەبێت و هونەر پێویستی بە هەموو ستایلێك هەیە و ناكرێ هونەرمەند كە توانایەكی هونەری زۆری هەبێت هەموو تواناكەی لە یەك بوار یان یەك ستایلدا بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین جەماوەر تاموچێژ لە هونەرەكەی وەربگرن.