گه‌یلان تاهیر:توانیومه‌ شتێك بكه‌م وسه‌رنجیان بۆ خۆم رابكێشم

گه‌یلان تاهیر:توانیومه‌ شتێك بكه‌م وسه‌رنجیان بۆ خۆم رابكێشم
بەهرەمەندی نەوجەوانی بە توانا (گەیلان تاهیر) لە رۆژانی رابردوو لە وڵاتی توركیا بەشداری فیستیڤاڵی پێشبڕكێی ئۆڵۆمپیاتی بەهرەمەندان لە ئاستی نەوجەوانان كرد كە تێیدا نوێنه‌ری (140) وڵات بەشداربوون لە نێوان (2000) بەهرەمەند گه‌یلان توانیی پلەی چوارەم به‌ده‌ست بهێنێت و سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ك بۆ لای خۆی رابكێشێت، له‌ هه‌مان كاتدا توانیی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا وه‌ك رێزلێنانێك هه‌ستێته‌ سه‌ر پێی و به‌ چه‌پڵه‌ پێشوازیی لێ بكات. گه‌یلان له‌ پێوه‌ندییه‌كدا به‌م شێوه‌یه‌ باسی له‌ به‌شداری كردنی خۆی له‌ پاڵه‌وانیه‌تی ئۆلۆمپیادی به‌هره‌مه‌نده‌ لاوه‌كان كرد.




ئامانجی هه‌ر كه‌سێك له‌ به‌شداری كردن له‌ هه‌ر پاڵه‌وانیيه‌تی و پێشبڕكێیه‌كدا به‌ ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن یان ئامانجێكی دیاریكراوه‌، به‌ڵام گه‌یلانی چاوگه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌م نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئامانجی ناساندنی به‌هره‌ی كورده‌ و ده‌ڵێ: مەبەستی یەكەمم ناساندنی توانای بەهرەی لاوی كورد بوو به‌ ده‌ره‌وه‌ به‌وه‌ی ئێمه‌ش خاوه‌ن به‌هره‌ و تواناین، پاشانیش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌م ده‌دا كه‌ بتوانم پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم بۆ ئه‌وه‌ی سەری كورد و كوردستان بەرز بكه‌مه‌وه‌.
گه‌یلان دوای ئەوەی كەناڵی ئاسمانی كۆڕەك پێشبڕكێیەكی بۆ منداڵە بەهرەمەندەكانی كوردستان رێكخست، گەیلان، یەكێك بوو لەو 65 منداڵەی بەشداری تێدا كرد و بە كۆكردنەوەی 9962 دەنگ پلەی یەكەمی بە دەستهێنا، هه‌روه‌ها پێشوو لەسەر ئاستی عێراق و توركیا پلەی یەكەمی بە دەستهێنا، گه‌یلان به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م پله‌یه‌ له‌و ئۆلۆمپیاته‌ و نه‌بوونی به‌ یه‌كه‌می ئۆلۆمپیات بۆ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێنێته‌وە و ده‌ڵێ: سه‌باره‌ت به‌ ئەنجامەكە دەتوانم بڵێم دوو هۆكاری سەرەكی هەبوون كه‌ رێگر بوون له‌وه‌ی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم، یەكەمیان هۆكاری تەكنیكیی بوو، دووەمیشیان باری تەندروستیم جێگیر نەبوو بەهۆی نەخۆشیی لە قوڕگم، ئەوەش دەرفەتێك بوو بۆیان كە لە رۆژی فیناڵەكە لێنەگەڕێن بەشێوەی پلەی باك گۆرانی بڵێم، بۆیە سەرەتا بەبێ مایك گۆرانیم چڕی پاشان مایكیان ئامادە كرد.
گه‌یلان ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی ئه‌نقه‌ست بوو بۆ ئه‌و و ده‌ڵێ: بەڵێ بێگومان هەتا ئەو مایكەی وەرمگرت مایكی پێشكەشكار بوو وابزانم جیاوازییەك هەیە لە نێوان مایكی گۆرانی گوتن و پێشكەشكاری.
گه‌یلان به‌شێوه‌یه‌ك گۆرانی چڕی كه‌ بووه‌ هۆی گریانی دوو لە ئه‌ندامانی لێژنەكه‌ و هۆكاری گریانی ئه‌م دوو كه‌سه‌ بۆ ئاشنا بوون و تێگەیشتنیان له‌ ئاستی هونەری من كه‌ كوردییه‌ و بە هەستێكی بێگەردانە گۆرانییەكەم چڕی.
پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان هونەرمەندان و هونەردۆستان و نووسەران و كەسایەتییە جیاوازەكانی وڵاتی توركیا به‌ ئیبراهیم تاتلیساسیشه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌بوو، به‌ڵام گه‌یلان پێیوایه‌ بێجگە لە لێدوانی چەندین كەس و هونەرمەند تەنیا لێدوانی ئیبراهیم تاتلیساس بەسە كە زۆر كاری تێكردبوو و گوتی توانی بمگریێنێ.
له‌ شەوی كۆتاییدا گه‌یلان به‌شداری كرد له‌ ئاهه‌نگێك كه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی ئۆلۆمپیاته‌كه‌ ساز كرا بوو ، له‌و ئاهه‌نگه‌دا وه‌ك رێزلێنان به‌هۆی ئاماده‌ نه‌بوونی ئه‌و گه‌نجه‌ی پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ گۆرانیی وت وگۆرانییەكەی بەناوی (خوا هەیە) بوو،له‌ كاتی وتنیدا رووی كردە ئەردۆگان و پێی وت مەغرور مەبە پاشاكەم تۆش وەك من خوایەكت هەیە ئه‌م گۆرانییه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر ئه‌ردۆگانه‌وه‌ هه‌بوو بۆیه‌ یەكسەر بە چەپڵە هەستایە سەر پێ.
دوای ته‌واو بوونی ئۆلۆمپیاته‌كه‌ خه‌ڵاتێك پێشكه‌ش به‌ گه‌یلان كرا، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ له‌ رۆژی ئاهه‌نگی كۆتایی مەدالیایەكی زێڕیان پێبەخشیم، هه‌روه‌ها دوای ته‌واوبوونی فیستیڤاڵه‌كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەست و باسی منی كرد بوو و وتی وام هەست كرد ئیبراهیم تاتلیس گۆرانی دەڵێ، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من توانیومه‌ شتێك بكه‌م و سه‌رنجیان بۆ خۆم رابكێشم.
ئه‌گه‌رچی رۆژی هاتنه‌وه‌ی گه‌یلان له‌ توركیا دیاربوو و هه‌موو لایه‌ك ده‌یزانی، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك له‌ پێشوازی كردنی ئاماده‌بوون، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: لەكاتی هاتنەوە لەلایەن بەرپرسان و هونەرمەندان یان ئەدیبان و كەسایەتیەكان پێشوازیم لێنه‌كرا نەخێر تەنیا كەسوكارم و دۆست و برادەرانم به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن به‌ڕێزان نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و تاهیر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگاره‌وه‌ پێشوازیم لێكرا، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی ئاسمانی له‌ پێشوازی كردنمدا ئاماده‌بوون و دەمەوێ سوپاسیان بكەم بەتایبەتی كەناڵە سەتەلایتەكانی (كوردستان و گەلی كوردستان و كەی ئێن ئێن و زاگرۆس) كە ئامادەبوون، سوپاسی هەموو ئەوانەش دەكەم كە هەردەم لەگەڵم بووینە تا ئێرە بە تایبەتی باوكی ئازیزم كە هەردەم خەمخۆرم بووە.
گەیلان تاهیر هه‌ر زوو زۆر حەزی لە مۆسیقا و گۆرانی گوتن ده‌كرد، چونكه‌ خاوه‌ن دەنگێكی خۆش بووە، بۆیه‌ باوكی دەیبرده‌ كەناڵی ئاسمانی نەورۆز، لەوێ لە گرووپی پەپولەكان بەشداری لە خولی فێربوونی مۆسیقا كردووە.
گەیلان، لەلایەن ئەڤین ئاسۆ و ئارامۆ، له‌ كه‌ناڵی 4 هاوكارییان كرد بوو بۆ چۆنیەتی گۆرانی گوتن و راوەستان لەسەر شانۆ.
یەكەم گۆرانی گەیلان كە كلیپ كراوە بە ناوی (پشیلەكەم) بووە، «گرووپی پەپولەكان ئەو كلیپەیان بۆ به‌رهه‌مهێنا، ئەو منداڵە بەهرەمەندە زۆر بە گۆرانییەكانی هونەرمەندان ئەیوب عەلی و زەكەریا عەبدوڵڵا سەرسامە و بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرێ و زۆریش حه‌ز ده‌كات لە داهاتوودا بگاته‌ ئاستی یەكێك لەو دوو هونەرمەندە، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ لە زۆربەی ئاهەنگەكانی منداڵان بەشداری كردووەو زۆر حەزی لە كاری هونەرییە و دەڵێ: هەرگیز واز لە هونەر ناهێنم «لە زۆربەی ئاهەنگەكانی منداڵان گۆرانیم گوتووە و باوكی گەیلان كه‌ ئه‌ویش یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانی ژه‌نینی سازبووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك وازی لێ هێناوه‌، ده‌ڵێ: گه‌یلان‌ لە تەمەنی 3 ساڵیدا هونەرمەند بوو، له‌و ته‌مه‌نه‌دا هەستم بە بوونی بەهرەو دەنگ خۆشی گەیلان كرد، ئاوازی گۆرانییەكانی زۆر بەجوانی دەردەبڕین. هه‌روه‌ها به‌پێی قسه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ گه‌یلانیان ناسیوه‌ یەكێك ده‌بێت لەو كەسە سەركەوتوانەی كە لە بواری گۆرانی گوتندا زیاتر سەردەكەوێت ئه‌گه‌ر بارودۆخی له‌بار بێت وبه‌رده‌وام بێت و ده‌ڵێن: یەكێكە لەو منداڵە بەهرەمەند و بلیمەتانەی دەكرێ زۆر پێشبكەوێت، دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە ئەستێرەیەكی دیار، كەسێكی جوانە بە دەنگ و رووخساریش، بەو منداڵییەی خۆی كەسێكە دەتوانێ لەگۆرانیدا داهێنان بكات.






Top