نارین فەقێ:ئاساییە هونەرمەند گۆرانی نوێ وسەردەمیانە بڵێ، بەڵام بە رۆحێكی كوردی
لە لێدوانێكیدا بۆ گوڤاری گوڵان نارین فەقێ سەبارەت بە لایەنە گرنگ و پێویستەكانی هونەر و ئەو مەرجانەی كە پێویستە لە هونەرمەنددا هەبن دەڵێ: زۆر مەرج هەیە پێوەندییان بە هونەرمەندو سەركەوتنی هەیە كە پێویستە هەموو هونەرمەندێك ئەم مەرجانەی تێدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە گۆرانی وتن لەوانە: پێویستە هونەرمەند هەمیشە شانازی بە كەلتوور و فۆلكلۆری نەتەوەكەی بكات و پشتگوێیان نەخات، چونكە فۆلكلۆر بناغەی هەموو كارێكی رەسەن و سەركەوتووە، بەڵام زۆریش ئاساییە كە هونەرمەند لەپاڵ گۆرانی فۆلكلۆر گۆرانی سەردەمیانە و نوێش بڵێت بێ ئەوەی رۆحیەتی هونەری رەسەنی كوردی لە بیر بكات و لە گۆرانییە نوێیەكاندا هەستی پێ بكرێت بۆ ئەوەی لە پێشكەوتن دانەبڕێت.
نارین پێیوایە بۆ پێشخستنی هونەری كوردی كارێكی ئاساییە سوود لە هونەری كلاسیكی بیانی وەربگیرێت و نابێ ئەمە بكرێتە مەسەلەیەك كە نەتوانرێ باسی بكەین یان و دەڵێ: ئێمە خۆمان هونەری بیانیمان كردۆتە شتێكی زۆر گرنگ، كە شایەنی ئەو گرنگی پێدانە زۆرە نییە، من پێموایە زۆر ئاساییە شتێك لە موزیكی كلاسیك فێر بین یان پارچەیەك لە موزیكی نەتەوەكانی دیكە لە كارەكانی خۆماندا بەكاربهێنین، بەڵام با بە شێوەیەكی سروشتی بێت و روحی كوردی تێدا بێت.