هونەرمەندی لاو هەڤاڵ ئیبراهیم لە لێدوانێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی هونەرمەندان هەست بە نائومێدی و بێزاری بكەن، بەهۆی زۆر ئاستەنگ و گرفتەكان هونەرمەندان لە پێشكەش كردنی كاری نوێ بەردەوامن و هونەریش لە پێشكەوتندایە، ئەگەرچی وەك پێویست بەپیر بانگەوازی هونەرمەندانەوە نایەن. لەم بارەیەوە هونەرمەند هەڤاڵ ئیبراهیم دەڵێت: لەبەر ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە هونەرمەندان زۆر جار دەگەنە ئەو رادەیەی كە هەست بە بێزاری بكەن و بێ ئومێدیان بۆدروست دەبێت بگرە هەندێك جار گەیشتووەتە ئەو رادەیەی كە بیر لە دووركەوتنەوەی یەكجاری دەكەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەردەوام بارودۆخی هونەری خراپتر دەبێت، هیچ پلان و بەرنامەیەك بۆ ئەو هونەرمەندانە دانەنراوە كە داهێنان دەكەن و كاری جوان پێشكەش دەكەن و هەوڵی پێشخستنی موزیكی كوردی دەدەن، هەڤاڵ ئیبراهیم بوونی بازاڕێكی هونەری لە كوردستان بە كارێكی پێویست دەزانێت و دەڵێت: جێگای داخ و نیگەرانییە كە تا ئێستا لە وڵاتەكەمان هیچ شتێك بە ناوی بازاڕی گۆرانی و موزیك بوونی نییە بە جۆرێك هونەرمەندە بە تواناكان ئەگەرچی دەتوانن هونەری كوردی پێش بخەن، بەڵام ناتوانن ئەم كارە بكەن، چونكە نەبوونی بازاڕێكی هونەری گرفت و رێگرە لەبەردەم، بەڵام ئێمە لەكاری بەردەوامین بۆ دروستكردنی بازاڕێكی هونەری كە بەهۆی ئەو بازاڕەوە بتوانین پەرە بە كارەكانی خۆمان بدەین و پێشیان بخەین. سەبارەت بە كەناڵە كوردییەكان كە ئێستا ژمارەیان زۆرە و بەشێكیان تایبەتن بە بواری هونەرییەوە و ئایا تا ئێستا توانیویانە وەك پێویست خزمەت بە هونەری كوردی بكەن، هەڤاڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوە كرد كە وەك پێویست شارەزایی لە كاری كەناڵە كوردییەكان نییە، بەڵام بوونی كادری بە توانا و لێهاتوو لەو كەناڵانە بە كارێكی پێویست دەزانێت بۆ بەرەو پێشبردنیان و خزمەت كردنی زیاتری هونەری كوردی، هەڤاڵ دەڵێت: كەناڵە كوردییەكان تا رادەیەك باش و سەركەوتوون، بەڵام ئێمەی هونەرمەند هیوادارین كە بتوانین كاری باشتر و جوانتر پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی لە رێگای ئەم كەناڵانەوە هونەری كوردیش پێش بكەوێت ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو بەرنامە و پلانەی كە كاربەدەستانی كەناڵەكان پەیڕەوی دەكەن لە كارەكانیاندا، چونكە ئێمە ئەو توانایەمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە كەناڵەكان بدرێت و بگەنە ئاستێكی پێشكەوتووتر و بەرزتر لەوەی ئێستا هەیە. هەڤاڵ ئیبراهیم پێیوایە بەشداری كردن لە ئاهەنگەكان كارێكی ئاساییە بۆ هەر هونەرمەندێك بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕێك بۆخۆیان و بۆ هونەری كوردی دروست بكەن ولە رێگای ئەم ئاهەنگانەوە پەرە بە هونەری خۆیان بدەن و بەردەوام بن، لەم بارەیەوە هەڤاڵ دەڵێت: بەشێوەیەكی گشتی دەمانەوێ بازاڕێكی هونەری پەیدا بكەین، نەك هونەرمەند بە دەست پان كردنەوە و سواڵكەری پارە كۆ بكاتەوە و كاری هونەری بكات، چونكە تا بە داهاتی سیدی و بەرهەمەكانی هونەرمەند پارە كۆ نەكاتەوە، هونەر پێش ناكەوێت، من وەك هەڤاڵ دەتوانم كاری بازرگانی بكەم، بەڵام بازرگانی كردن كاری من نییە، هونەرمەند دەبێ بازرگانی بە هونەری خۆی بكات بۆ پێشخستنی هونەری كوردی.