دهۆك گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵی سینه‌مایی له باوەش ده‌گرێت
سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای فیستیڤاڵی دهۆك ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه یه‌كێك له ئامانجه‌كانیان بریتییه له به‌رده‌وامی دان به فیستیڤاڵه‌كه ده‌ڵێ: به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت پاڵپشتی له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كان ده‌كات ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باش و جێگای ده‌ستخۆشییه بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ماكارانیش هه‌وڵی خۆیان بده‌ن بۆ پێشخستنی سینه‌مای كوردی، په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی دووه‌م فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆكیش یه‌كێكه له نیشانه‌كانی گرنگیدانی به‌ڕێزیان به بواری سینه‌ماو پێشخستنی، ئێمه‌ش هه‌وڵمانداوه له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی كه له خولی یه‌كه‌م هه‌ستی پێده‌كرا نه‌هێڵین، له هه‌مان كاتدا خاڵه به‌هێزه‌كان به‌هێزتر بكه‌ین، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ماوه‌یه‌كی زۆره كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، وه‌ك خۆئاماده‌كردنێك تا فیستیڤاڵێكی پرۆفیشناڵ ساز بكه‌ین به پێی ستاندارده جیهانییه‌كان و به‌پێی قه‌باره‌ی شاری دهۆك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین گرووپی تایبه‌تی خۆمان ره‌وانه‌ی فیستیڤاڵه جیهانییه‌كان كرد، بۆ نموونه فیستیڤاڵی ناشڤیڵ له ئه‌مریكا ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی سوودیان لێ وه‌ربگرن له بواری چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی فیلمه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كانیان به‌شداری بكه‌ن له فیستیڤاڵی دهۆك، جگه له ناشڤیڵ به‌م دواییه چه‌ند كادیرێكی خۆمان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست نارد بۆ فیستیڤاڵه‌كانی (كان)ی نێوده‌وڵه‌تی و (به‌رلین)و (ئه‌سته‌نبول) و (دیاربه‌كر) ئه‌مه له‌لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كادیرانی ئێمه شاره‌زایی زیاتر وه‌ربگرن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌و فیستیڤاڵانه كه‌سایه‌تی سینه‌مایی ناودار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له چۆنیه‌تی ئاماده‌بوون و بانگهێشت كردنیان فێربین و لێره ئێمه‌ش هه‌مان شت دووباره بكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و كا‌دیرانه‌ی ئێمه كه ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن و شاره‌زاییان له سینه‌مادا هه‌یه هێنامان و لێره وۆركشۆپی تایبه‌تمان بۆیان كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كادیرانی ئێمه كەلتووری فیستیڤاڵ و چۆنیه‌تی سازكردنیان به‌رز بێته‌وه‌و له‌كاتی ئه‌نجامدانی فیستیڤاڵ، رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و گرفت نه‌بێته‌وه‌و بزانێت چۆن چاره‌سه‌ریان بكات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێستا ئێمه خه‌ریكی كار كردنین له‌سه‌ر لایه‌نی كوالیت و ستاندارد به هه‌مانگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای(میتۆس فیلم) له دهۆك و له خولی دووه‌می فیستیڤاڵه‌كه به‌شی فیلمی ناوخۆ و بیانی ده‌بێت و لێره‌وه هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه خولی ئه‌مساڵ، ئاستی به‌رزتر ده‌بێت له خولی یه‌كه‌م. سه‌باره‌ت به بوونی سپۆنسه‌ر له خولی دووه‌م سه‌رۆكی فیستیڤاڵ ده‌ڵێت: ئێمه له سه‌ركه‌وتنی فیستیڤاڵه‌كه دڵنیاین، هه‌ر بۆیه‌ش پشتمان به سپۆنسه‌ر نه‌به‌ستووه، چونكه رێزدار نێچیرڤان بارزانی به سوپاسه‌وه ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئێمه داوامان كردبوو بۆی دابینكردین بۆیه پێویستمان به سپۆنسه‌ر نابێت، چونكه بودجه‌ی پێویستمان هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی كەلتووری سپۆنسه‌ری به‌هێزتر بكه‌ین، له خولی یه‌كه‌م ژماره‌یه‌ك سپۆنسه‌ر لۆگۆكانیان هه‌بوو و ته‌نیا بڕی نزیكه‌ی شه‌ست هه‌زار دۆلاریان بۆ فیستیڤاڵ دابینكرد، بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك سپۆنسه‌رم هه‌بێت به‌سه و نابێ له 20.000 دۆلار كه‌متر بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگێكی زیاتر به فیستیڤاڵ بدرێت و زۆر نه‌كه‌وینه ژێر ركیفی سپۆنسه‌ره‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سپۆنسه‌ریش هه‌ست به رۆحیه‌تی ركابه‌رێتی بكات له فیستیڤاڵه‌كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هێزێكی زیاتر بۆ هه‌ردوولا فیستیڤاڵ و سپۆنسه‌ره‌كه‌ش، ئه‌گه‌ر تا ئێستا سپۆنسه‌رێكی به‌هێز نه‌هاتبێت كه له ئاستی داخوازییه‌كانی ئێمه‌دا بێت نابێ رێگا به سپۆنسه‌ره لاوازه‌كانیش بده‌ین به‌شدار بن و لۆگۆی فیستیڤاڵ ون بكه‌ن، وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد له‌به‌ر بوونی بودجه‌ی پێویست ئه‌گه‌ر ئه‌م سپۆنسه‌ره نه‌شبێت زۆر ئاساییه و هیچ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌وه نابێت.
ئه‌یوب ره‌مه‌زان سه‌باره‌ت به بانگهێشت كردنی كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی سینه‌مای جیهانی بۆ فیستیڤاڵی دهۆك وتی: بێگومان ئه‌مه یه‌كێكه له كاره‌كانی فیستیڤاڵ و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دامه‌زراوه، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر ناوه‌كان به ته‌واوی رێك نه‌كه‌وتووین و بڕیاریان له‌سه‌ر نه‌دراوه، هه‌ر سه‌باره‌ت به كاری لیژنه‌كانی له 15ی ئه‌م مانگه‌وه رۆژنامه‌ی فیستیڤاڵ ده‌رچووه كه مه‌به‌ستمان لێی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری سینه‌مایه له نێو خه‌ڵكه‌وه و له دوای فیستیڤاڵیش ئه‌م رۆژنامه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت له ده‌رچوون.
سه‌باره‌ت به لیژنه‌ی دادوه‌رانی فیستڤاڵه‌كه سه‌رۆكی فیستیڤاڵ ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه لیژنه‌كه ده‌ستی به وه‌رگرتنی فیلمه‌كان كردووه و له‌رووی ته‌كنیكییه‌وه تا ئێستا نزیكه‌ی 200 فیلمیان وه‌رگرتووه كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی دادوه‌رانه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت و لیژنه‌كه‌ی له دادوه‌ری كوردی و بیانی پێكهاتووه، چونكه بڕیارمانداوه 70%ی فیلمه‌كان بیانی و 20%ی كوردی بن، بۆ كاره‌كانی لیژنه‌ی دادوه‌ران و لیژنه‌كانی دیكه‌ش ئێمه پشتمان به سینه‌مای ئه‌وروپی به‌ستووه بۆ ساز كردنی، چونكه كۆمپانیای (میتۆس فیلم) كه هاوبه‌شی ئێمه‌یه زیاتر شاره‌زاییان له ئه‌وروپا وه‌رگرتووه.
سه‌باره‌ت به ئامانجه‌كانی فیستیڤاڵی دهۆك به‌ڕێز ئه‌یوب ره‌مه‌زان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ر له دهۆك وسه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای دووه‌م فیستیڤاڵی سینه‌مایی دهۆك وتی : بێگومان هه‌ر فیستیڤاڵ و گردبوونه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌یه و هه‌وڵی به‌دی هێنانیان ده‌دات، ئامانجه‌كانی ئێمه خۆیان له‌مانه‌دا ده‌بیننه‌وه:
1- ناساندنی هه‌رێمی كوردستان به گشتی و شاری دهۆك به‌تایبه‌تی له رێگای ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه.
2- له پاشه‌ڕۆژدا شاری دهۆك بكه‌ین به ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به جیهانه‌وه گرێ بدات.
3- دروستكردنی پردی پێوه‌ندنی له‌نێوان سینه‌مای كوردی و سینه‌مای جیهانی.
4- ناساندن و له یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی سینه‌ماكارانی كوردی و جیهانی.
5- سینه‌ماكارانی كورد بتوانن له رێگای ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه سوود له ئه‌زموونی سینه‌ماكارانی جیهان وه‌ربگرن.
دووه‌م فیستیڤاڵی سینه‌مای نێوده‌وڵه‌تی له رۆژی 9/9/2013 له شاری دهۆك ساز ده‌كرێت و ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته ده‌خایه‌نێت، پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه خه‌ڵاته‌كانی خولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵی دهۆك به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بوو:
خه‌ڵاته‌كانی فیستیڤاڵه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه بوون:
1- خه‌ڵاتی باشترین فیلمی درێژ بۆ فیلمی (ئه‌گه‌ر بمری ده‌تكوژم) له ده‌رهێنانی هونه‌ر سه‌لیم.
2- خه‌ڵاتی باشترین كورته فیلمی یه‌كه‌م بۆ فیلمی (بێده‌نگ) له ده‌رهێنانی رێزان یه‌زلباش.
3- خه‌ڵاتی باشترین دووه‌م كورته فیلم بۆ فیلمی (وڵاتی قاره‌مانان) له ده‌رهێنانی سه‌هیم عومه‌ر.
4- خه‌ڵاتی باشترین سێیه‌م كورته فیلم بۆ فیلمی (دالیا) له ده‌رهێنانی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا.
5- خه‌ڵاتی باشترین فیلمی دیكیومێنتاری بۆ فیلمی (میلۆدی به‌رده‌كان) له ده‌رهێنانی په‌روێز رۆسته‌می.
6- خه‌ڵاتی رێزلێنانی یه‌كه‌م بۆ فیلمی دیكیومێنتاری بۆ فیلمی (كوڕی پێشمه‌رگه) له ده‌رهێنانی زانیار رۆسته‌می.
7- خه‌ڵاتی رێزلێنانی دووه‌م بۆ فیلمی (پایسكل) له ده‌رهێنانی رزگار حوسێن.