گرنگی درامای رادیۆیی و ئەو بابەتانەی كەپێشكەشی دەكات

گرنگی درامای رادیۆیی و ئەو بابەتانەی كەپێشكەشی دەكات
ئێستا كوردستان خاوەن‌ دەیان رادیۆ و ئێزگەی جیاجیایە، بەڵام وەك پێویست گرنگی بە دراما رادیۆییەكان نەدراوە، بۆیە بە پێویستمان زانی چەند كەسێكی شارەزا لە بوارەكە بهێنینە ئاخافتن سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە درامایە و ئەو بابەتانەی پێویستە پێشكەش بكرێن لە رێگای رادیۆ.


سەرەتا خانمە هونەرمەند فرمێسك مستەفا كە هاوكات بەرپرسی بەشی درامایە لە رادیۆی هێلین وتی:
درامای رادیۆیی پێویستە بەدوای چارەسەركردنی كێشە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگەی ئێستامان بکەوێت، بە هەموو چەمک و بابەتەکانییەوە، کە بوونەتە هۆی گرفت و کەلێن دروست کردن و ون بوون و سەرلێشێوان. بەتایبەت ئەو بابەتانەی سەربوردەی تاکەکان خۆیانن و چۆن بتوانرێت لە رێگای ئەو درامایەوە، ئاگاییەکی هۆشمەندانەی بداتێ، هەروەها لە باسکردن و شرۆڤەکردنی چیرۆکەکانی ئەوانیترەوە بەرچاو روونییەکی وای بدەیتێ و بەدوای کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بکەوێت. درامای رادیۆ دەبێت زۆر بە هەستیارییەوە بخرێتە باس و داڕشتنێکی وریاییانەی دەوێت. ئەمە بێ لە لایەنی تەکنیکی و هونەری نواندن تێیدا دەبێت هێندە بەرز و موقنیع بێت، کە گوێبیستەکان بە چێژێکی تایبەتییەوە گوێ رادێری بن و چاوەڕوانی بن، لەلایەكی دیكەوە دەبێ دووی رووداوەکانی بکەون و لەگەڵ خۆیاندا کێشەو گرفتەکان باس بکەن و بکەونە دیالۆگ بەستن. خودی تاکەکان بهێنیتە ناو رووداوەکانی كە تەنیا بە گوێ دەبیسترێن، لەبەر ئەوە پێویستت بەوەیە هەستی بجووڵێنیت، گرفتەکانی بۆ چارەسەر بکەیت، کاری بەیەکسانی بوون، گەشە پێدانی مرۆیی، ئەمڕۆکە زەرورەتێکی زۆری هەیە بۆ باس کردن بە گشت شێوازە جوداکانی کە هەن.
حەیدەر عەبدولرەحمان وەك رەخنەگرێكی هونەری بەم شێوەیە رای خۆی دەربارەی درامای رادیۆیی دەربڕی:
زۆرینەی رادیۆكانی كوردستان جگە لە تاك و توكییان نەبێت، لە ستایلدا هاوشێوەن و لە ناوەڕۆكدا تەقلیدین، زۆرینەی رادیۆكانی ئێمە یا حزبین و بەو ئاراستەیە كار دەكەن كە خزمەتی حزبەكان بكەن، یاخود كەرتی تایبەتین و پرسی بازرگانییان خستۆتە سەرووی هەموو شتێكەوەو هەمیشە حیسابی بازاڕ دەكەن، نەك ئەو پرسانەی كە سەنگ و بەهایەك بە رادیۆ دەبەخشن، لەو نێوەندەدا دراما و ئەگەر نیو سەدە بگەڕێینەوە دواوە، هەست دەكەین درامای رادیۆیی ئەو كات لە ئێستا زێتر حزوری هەبوو. رەنگە ئەو حزورەش هۆكاری زۆری لە پشتەوە بووە، بەر لە هەمووشیان
ئەوە بووە كە ئەو دەمە تەكنەلۆژیا لەو ئاستەدا نەبوو، ئەو هەموو كەناڵە تەلەفزیۆنییانە نەبوون، كە رۆژانە بە دەیان زنجیرە درامای دۆبلاژكراو پەخش بكەن و تەلەفزیۆن ببێتە بەشێكی هەرە گەورەی ژیانی خەڵكی. بۆیە هەر شتێك ئەلتەرناتیڤی هەبوو ئەو بەهایەی نابێت كە بەرابەری نەبێت وەك رادیۆی ئەو كات. ئێمە كاتێك لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان گوێبیستی دراما رادیۆییەكانی رادیۆی تاران و كرماشان دەبووین قەت نەماندەتوانی بۆ تەنیا شەوێكیش لەو دراما رادیۆییانە هەڵبكەین. لەو ساڵانەدا هونەرمەندانی وەك شەماڵ سائیب و عەلی مەردان و زۆرانی تریش لە رادیۆی كوردی بەغدا ئەرشیفێكی دەوڵەمەندیان هەبووە، بۆ درامای رادیۆیی، بەڵام لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم وردە وەردە وەزیفەكانی رادیۆش گۆڕان.
بەڵام هەتا نووكەشی لەگەڵدابێت رادیۆ گوێگری خۆی هەیە، بەرنامە هەیە، چونكە چۆتە قاڵبی دراما، گوێگری زۆرەو خەڵكی بە دوایدا دەگەڕێت، بەڵام نەتواندراوە پەرە بەو ئەزموونە درامییە رادیۆییانە بدرێت، من دڵنیام ئەگەر هەندێ لەو رادیۆیانە كە بەرنامەی كرچ و كاڵی گەنجانە پێشكەش دەكەن و ئاستی رادیۆكانیانی پێ دادەبەزێنن، وا چاكترە خۆیان لە قەرەی درامای رادیۆیی بدەن، یان بەلانی كەمەوە هەندێ رۆمانی كوردی بۆ رادیۆ ئامادە بكەن و گروپێكی نواندن رابێنن، رەنگە ئەزموونەكە سەركەوتنی باش بە دەست بێنێت.
هونەرمەندی بە ئەزموون ئەحمەد رەئوفیش رای تایبەتی خۆی هەیە سەبارەت بەمجۆرە درامایانە دەڵێ: من پێموایە درامای رادیۆیی جگە لە پارە بە هەدەر دان زیاتر هیچی تر نییە، چونكە باوەڕ ناكەم ئەو بەڕێزانەی كە خۆیشیان كاریان بۆ كردووە گوێی لێبگرن، بۆیە دەڵێم كەس گوێی لێناگرێت و تەنیا گۆرانی وتن و كەمێك هەواڵیشی تێدایە.
هونەرمەند محەمەد تاهیر دەڵێ: بابەت زۆرە بۆ ئەوەی لە درامای رادیۆییدا باس بكرێت، بەڵام باشترینیان بە بۆچوونی من پێویستە بابەتی رەخنە ئامێز بن كە بەشێوەیەكی كۆمیدی و ئەكادیمی پێشكەش بكرێن، دەكرێت بابەتی كۆمەڵایەتی بن كە پەیوەندییان بە هەموو كۆمەڵگاوە هەیە‌ وەك: سواڵكردن و قەرز وەرگرتن، كاركردنی منداڵان لە وەرزی هاوین، یان بابەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، هەروەها هەندێك كێشە هەیە كە رۆژانە بەرۆكی هاووڵاتیان دەگرێت لەوانە ساختە كردن لە كڕین و فرۆشتن، دووركەوتنەوەی منداڵان لە خوێندن و روو كردنە ئەنتەرنێت و فەیسبوك یان ئیكسپایەر بوونی خواردەمەنییەكان، بۆیە دەبینین بابەت زۆرە بۆ ئەوەی باس بكرێت، بەڵام چۆنیەتی گەیاندنی بە بیسەر ئەمە دەگەڕێتەوە سەر نووسەر و نواندن كە پێویستە كەسانی شارەزا و پسپۆر و خاوەن ئەزموون و سەلیقە بن و توانای نواندنی ئیرتیجالییان هەبێت، واتە ئەكتەر توانای زیاد كردنی حیواری هەبێت لەكاتی نواندندا بێ ئەوی تووشی هەڵە و وەستاندن و دوور كەوتنەوە لە بیرۆكەی دەرهێنەری ببێتەوە.
خانمە هونەرمەند مەروا محەمەد دەڵێ: من دەستخۆشی لە گشت ئەو هونەرمەندانە دەكەم كە لە درامای رادیۆییدا كار دەكەن، هیوادارم دراما رادیۆییەكان زیاتر گرنگی بە كێشە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بدەن، چونكە ئەو بابەتانە ئێستا گرنگیی خۆیان هەیە و پێویستە خەڵك لێی ئاگادار و وشیار بكرێنەوە.
كاروان شەمسەدینی ئەكتەریش دەڵێ: بێگومان درامای رادیۆیی گرنگی خۆی هەیە، چونكە چینێك لە خەڵكی ئێمەمانان گوێگر و بیسەری رادیۆن، بەڕای من ئەو بابەتانەی كە پێویستە درامای رادیۆیی چەند بابەتێك لە خۆ بگرێت كە بە كێشە هەنوكەییەكانی كۆمەڵگا وەك كێشەی گەنجان و ئافرەتان و بە رێگای كۆمیدیایەكی بە ئامانج كە رەخنە لە دیاردە نەشیاوەكانی كۆمەڵگا بگرێت و خەڵكیش لە دیاردە باش و خراپەكان وشیار بكاتەوە.
ئاسۆ سوارەی هونەرمەندیش بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی: پێموایە هەموو ئەو دراما رادیۆییانەی ئێستا باشن كە بەشێوەی ئاراستەیی بن واتە ئاراستەی نەوەی ئێستا بكرێت و كار بكەن لەسەر كێشەی ئافرەت و گەنج و كەموكورتییە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئامانجدار دوور لە قسەی بێ مانا و باس كردنی، هەروەها پێم باشە بابەتی رەخنەیی بن بێ ئەوەی هەستی هیچ كەسێك ئیحراج نەبێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەم بابەتە زۆر گرنگە و پێویستی بە كاتی زۆر هەیە تاكو بە وردی بخرێتە روو.
لە كۆتاییدا دەرهێنەری سینەماكار تەنیا كەریم دەڵێ: درامای رادیۆیی بۆ هەموو سەردەمێک گونجاوە، چونکە زۆربەی خەڵک لە زۆربەی کاتەکان گوێی لێدەگرێ، من پێم باشە دراما رادیۆییەکان پەروەدەیی و، رەخنەیی لەگەڵ ئەوەش رێنمایی تەنز ئامێز بن بەبێ لەکەدارکردنی هیچ كەسێك و دووریش بن لە سیاسەت.
Top