دڵشاد نێروه‌یی:پێویسته‌ كلیپ به‌ سه‌مای كچان پڕ نه‌كرێته‌وه‌

دڵشاد نێروه‌یی:پێویسته‌ كلیپ به‌ سه‌مای كچان پڕ نه‌كرێته‌وه‌
یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ لاوانه‌ی كه‌ خاوه‌ن ده‌نگ و سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ریی زۆر به‌رزه‌، له‌ گۆرانیی نیشتمانی و سروود و گۆرانیی ئه‌ڤینداریدا به‌هه‌ستێكی راستگۆیانه‌ و دڵسۆزانیه، ئه‌گه‌رچی ده‌رچووی هیچ په‌یمانگا و كۆلێژێكی هونه‌ریی نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ وردی له‌ گۆرانییه‌كانی بڕوانێت، هه‌ست ده‌كات كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی به‌ ئه‌زموونه‌ و ته‌نیا كار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێك یان سیدییه‌ك ناكات بۆ ئه‌وه‌ی پێی بناسرێت، به‌ڵكو له‌ روانگه‌ی دڵسۆزی بۆ كاره‌كه‌ی و هه‌وڵدان بۆ خزمه‌ت كردنی هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی ده‌یه‌وێ شتێكی نوێ پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر بكات له‌لایه‌ك هونه‌ری كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی به‌ زیندوویی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ر بمینێته‌وه‌.
دڵشاد نێروه‌یی یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌ كلیپ ده‌دات و به‌ به‌شێكی سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر گۆرانییه‌كی ده‌زانێت، له‌م باره‌یه‌وه‌ دلشاد ده‌ڵێت: چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی كۆ ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كلیپ سه‌ركه‌وتوو بێت، مه‌به‌ست لێره‌ ئه‌و كلیپه‌یه‌ كه‌ وا ده‌كات جه‌ماوه‌ر لێی تێبگات و هونه‌رمه‌ند به‌ رێگای كلیپه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یامی سه‌ره‌كی گۆرانییه‌كه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر بگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ته‌نیا ئه‌ركی سه‌ر شانی ده‌رهێنه‌ر و گۆرانیبێژ نییه‌، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و ستافه‌ی له‌ كلیپدا كار ده‌كه‌ن ڕۆڵی خۆیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی واته‌ كارێكی هه‌ره‌وه‌زی به‌ كۆمه‌ڵه‌، سوپاس بۆ خوا كادری زۆر سه‌ركه‌وتوومان هه‌یه‌ له‌ بواری كلیپ له‌ ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌گر، تا ئێستا كلیپی زۆر جوان هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ده‌بینین هه‌ندێك له‌ كلیپه‌ كوردییه‌كان دوور له‌ چیرۆك و ناوه‌ڕۆكی گۆرانییه‌كان كلیپ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆریان پشت به‌ نیشاندانی كچ و جوانییه‌كانی ده‌به‌ستن، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام به‌شێكیان ده‌یانه‌وێ لایه‌نه‌ خراپه‌كانی گۆرانییه‌كانیان جا له‌ ئاواز بێت یان له‌ تێكست به‌ كلیپ بشارنه‌وه‌، هه‌ندێك كلیپی دیكه‌ ده‌بینین كه‌ ناوه‌ڕۆك و تێكستی گۆرانییه‌كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ كلیپه‌كه‌، گۆرانییه‌كه‌ باس له‌ غه‌م و ناخۆشی و دووره‌ وڵاتی ده‌كات كه‌چی له‌ كلیپه‌كه‌دا ده‌بینین كچ پێده‌كه‌نێت یان سه‌ما ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوو شتی زۆر جیاواز و دوور له‌ یه‌كترین و بینه‌ریش زۆر به زه‌قی هه‌ستی پێده‌كات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر گۆرانییه‌كه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ گۆرانییه‌كه‌ زۆر خۆش بێت و ئاواز و تێكستی زۆر جوان بێت، به‌ڵام به‌ كلیپێكی بێ به‌رنامه‌ ده‌یكوژن.
دلشاد نێروه‌یی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێویسته‌ گۆرانیبێژ و ده‌رهێنه‌ر بیر له‌وه‌ بكه‌نەوە كلیپێك پێشكه‌ش به‌ بینه‌ر بكه‌ن كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م بتوانێت لایه‌نێكی جوانی هونه‌ری كوردی نیشان بدات و نابێ ته‌نیا پشت به‌ كچێكی جوان ببه‌ستن و كلیپه‌كه‌ به‌ نیشاندانی كچ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و وابكه‌ن كه‌ بینه‌ر زۆر سه‌رنجی له‌سه‌ر گۆرانییه‌كه‌ نه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یری دیمه‌نی كچه‌كه‌ بكات، چونكه‌ زۆر جار گۆرانییه‌كانمان له‌ كه‌ناڵه‌ جیهانییه‌كان یان له‌ فیستیڤاڵه‌كان نمایش ده‌كرێت، زۆر كه‌س ره‌نگه‌ زمانی كوردی نه‌زانن، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ رێگای ئه‌و كلیپانه‌وه‌ حوكم له‌سه‌ر هونه‌ری كوردی بده‌ن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مه‌ش زیانی ده‌بێت بۆ هونه‌ری كوردی.
پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا و گۆڕانكارییه‌ سیاسیی و ئابوورییه‌كان وایانكردووه‌ كه‌ هونه‌ری كوردی ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی كوردستانی نه‌مێنێت و جۆرێك له‌ تێكه‌ڵاوی و پێوه‌ندی له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان به‌ ئاسانی و له‌ كاتێكی زوودا بڵاوبێته‌وه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ دلشاد نێروه‌یی ده‌ڵێ: له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ هونه‌ری كوردی پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئازادییه‌ی باشووری كوردستان ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ هونه‌رمه‌ندان ره‌خساندووه‌ كه‌ كاری جوانتر به‌ ئازادی پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌موو پارچه‌كاندا هونه‌رمه‌ندی وا هه‌ن كه‌ توانیویانه‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ر و كلتووری نه‌ته‌وه‌یی كورد بكه‌ن له‌ هه‌مان كاتدا كاری نوێخوازیشیان پێشكه‌ش كردووه‌ و بۆ پێشخستن و به‌رز كردنی ئاستی هونه‌ر و كلتووری میلله‌تی كورد كاریان كردووه‌ و جێی په‌نجه‌یان دیاره‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ره‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بن له‌ بواری هونه‌ریدا كار بكه‌ن و گۆرانی بڵێن كه‌چی كاره‌كانیان وه‌ك پێویست نییه‌ یان له‌ ئاستێكی نزمدایه‌، پێموایه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی ئاساییه‌، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر شتێك پێشكه‌ش بكرێت له‌ ئاستێكی به‌رزدابێت .
بۆ به‌رده‌وامی و پێشخستنی هونه‌ری كوردیش دلشاد ده‌ڵێت: به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی هونه‌ری پێویسته‌ ئێمه‌ لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی مۆركی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان بپارێزین و گرنگی پێ بده‌ین، ته‌نیا بیر له‌وه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ كارێكی جوان پێشكه‌ش بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن كارێك پێشكه‌ش بكه‌ین لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری تێدا ره‌چاو بكه‌ین و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان له‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی دابنێین، پێویسته‌ له‌ روانگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بڕوانینه‌ كاره‌كانمان و یه‌كڕیزی میلله‌تی خۆمان بپارێزین و پته‌وتری بكه‌ین و دڵسۆز بین بۆ وڵاته‌كه‌مان و به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت بوون هه‌نگاو بنێین، وه‌ك هونه‌رمه‌ند ئه‌مانه‌ هه‌موویان كاریگه‌ریان به‌سه‌ر منه‌وه‌ هه‌بووه‌ و ده‌مویست هونه‌ره‌كه‌م له‌ خزمه‌تی شۆڕشی میلله‌تی كورددا بێت، له‌ به‌رامبه‌ردا پێویسته‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هونه‌رمه‌ندان بكاته‌وه‌ و كارێك بكات كه‌ مافیان له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بتوانین كاری جوانتر پێشكه‌ش بكه‌ین و داهێنان بكه‌ین له‌ هونه‌ری خۆماندا كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هونه‌ری كوردی به‌ گشتی ده‌شكێته‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ رێگا له‌ دیارده‌ی كۆپی كردن بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین كاری جوانتر پێشكه‌ش بكه‌ین و مافی كۆمپانیا هونه‌رییه‌كانیش پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان و له‌ رێگای چاپ و بڵاو كردنه‌وه‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌كانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری كوردی بكه‌ن.
Top