به‌كر ره‌شید: له‌به‌ر هه‌رزانی نرخی درامای دۆبلاژ كراو كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان گرنگی به‌ درامای كوردی ناده‌ن

به‌كر ره‌شید: له‌به‌ر هه‌رزانی نرخی درامای دۆبلاژ كراو كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان گرنگی به‌ درامای كوردی ناده‌ن
به‌كر ره‌شید ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ خزمه‌تی هونه‌ری كوردیدا بوونی هه‌یه‌و خاوه‌ن توانستێكی به‌رزی هونه‌رییه‌. له‌ هه‌ردوو بواری نواندن و كاری ده‌رهێناندا، له‌ شانۆ و دراما، رۆڵی خۆی بینیوه‌، مرۆڤێكی‌ ساده‌ وساكاره‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌ خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی‌ خۆیدا ده‌ژی‌ به‌رده‌وام بەدوای داهێناندا ده‌گه‌ڕێت، ئێستا خه‌ریكی درامایه‌كی نوێیه‌ به‌ ناوی (تارمایی تاوان) كه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، له‌ ده‌رفه‌تێكدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی گۆڤاری گوڵانی دایه‌وه‌.




*ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رده‌وامی له‌ كاری نواندن، له‌م ماوه‌یه‌دا چ سه‌رده‌مێك یاخود چ ساڵانێك به‌ لای به‌ڕێزتانه‌وه‌ هونه‌ری نواندنی كوردی به‌ گشتی (شانۆ، دراما، سینه‌ما) تێیدا گه‌شه‌ی كردووه‌؟
- به‌ڕای من ساڵانی شه‌ست تاحه‌فتاكان سه‌رده‌مێكی زێڕین بوو، چونكه‌ كورد خاوه‌نی زۆر شت بوو كه‌ لێیان سه‌ندۆته‌وه‌ و داگیریان كردبوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ چه‌ند كه‌سێكی به‌ توانا و به‌هره‌مه‌ند له‌ بواری شانۆ و دراما و ئه‌ده‌بیات كارێكی زۆریان ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كەلتوور و فه‌رهه‌نگه‌ی كورد له‌ناو نه‌چێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سوودمان له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بینیوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی شانۆیی و دراما.
* باست له‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌وروبه‌ر وه‌رگرت، به‌ڵام له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ به‌شێك له‌ شانۆكاران روویان له‌ ئه‌وروپا كرد، ئایا ئێمه‌ی كورد ده‌توانین له‌ چ روویه‌كه‌وه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی شانۆی ئه‌وروپی ببینین؟
-ئه‌وانه‌ی كه‌ توانیویانه‌ سوود له‌ هونه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببینن ده‌توانین به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست بیانژمێرین، ئه‌وه‌ی كراوه‌ زیاتر ئه‌زموون بووه‌ نه‌ك سوود وه‌رگرتن، به‌ جۆرێك شارستانیه‌ت و كلتووری ئه‌و وڵاته‌ تێكه‌ڵ به‌ كلتووری خۆمانی بكه‌ین، كوردانی ده‌ره‌وه‌ زیاتر سه‌رقاڵی بژێوی ژیانیان بوون كه‌م بوون ئه‌وانه‌ی له‌ بواری ئه‌ده‌ب كاریان كرد، چونكه‌ كار كردن و خوێندنی باڵا له‌ بواری هونه‌ر زۆر گران و زه‌حمه‌ته‌ و ئه‌وانه‌ ده‌یه‌ها ساڵه‌ له‌ بواری شانۆ و سینه‌مادا كار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ناتوانم بڵێم سوودی لێ وه‌رگیراوه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ بواره‌شن زیاتر ئاڵوگۆڕی بازرگانی ده‌كه‌ن و نه‌یانتوانیوه‌ تێكه‌ڵییه‌ك دروست بكه‌ن له‌نێوان هونه‌ری كوردی و بێگانه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ پێشكه‌وتنی هونه‌ری كورد و تا ئێستا ئه‌و بواره‌ هونه‌رییه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ هیچ سوودێكی نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شتێكیش كرابێت له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆفیشناڵی و هێنانی هونه‌ری بیانی نه‌بووه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی هونه‌ری كوردی له‌ وڵاته‌كه‌مان، به‌ڵكو به‌ داخه‌وه‌ زیاتر كاری كه‌سی و بازرگانی به‌ هونه‌ره‌وه‌ ده‌كرێ، ئه‌و وۆركشۆپانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بكرێنه‌وه‌ زۆر كه‌من و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌چن وه‌ك پێویست سوودی به‌ هونه‌ری شانۆ و درامای كوردی نه‌گه‌یاندووه‌ و زیاتر كاتیی و كه‌سین، وۆركشۆپ زۆر پێویسته‌ و مه‌عریفه‌یه‌كی زیاتر به‌ هونه‌رمه‌ند ده‌به‌خشێت بۆ دروستكردن و بونیادنانی بواری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
*له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ نێو بواری نواندندا بوونت هه‌بووه‌، ئایا نوێكاری له‌ نه‌وه‌كاندا (هونه‌رمه‌ندان) وه‌ك پێویسته، واته‌ گه‌نجه‌كان وه‌ك پێویست رێز له‌ كاری پیره‌كان ده‌گرن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پیره‌كان هانده‌ر و پاڵپشتی باشن بۆ گه‌نجه‌كان؟
- كاری هونه‌ر له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت شانۆ، دراما، سینه‌ما پیربوونی تێدانییه‌ واته‌ شتێك نییه‌ پێی بڵێین پیریه‌تی، ئه‌نتۆنی كوین تا مرد به‌رده‌وام بوو و هونه‌ره‌كه‌ی جوانتر بوو، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هونه‌رمه‌ند چه‌ند راستگۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌ره‌كه‌ی و تا چه‌ند راستگۆیه‌ كه‌ به‌ ساڵاچوو شوێنی گه‌نجه‌كان بكاته‌وه‌ و رێیان پێ بدات به‌هره‌كانی خۆیان ده‌ربخه‌ن و هانیان بدات كه‌ كاری باش بكه‌ن، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر گه‌نجێك هاته‌ بواره‌كه‌وه‌ داهێنان بكات، به‌ڵام له‌ هه‌موو كاتێكدا پێویسته‌ ده‌رگای هونه‌ر له‌ هه‌موو كات به‌رووی هه‌موو لایه‌ك و هه‌موو ته‌مه‌نه‌كاندا بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موومان بتوانین داهێنان بكه‌ین، پێویسته‌ مێژووی ئه‌وانی پێش خۆمان بپارێزین و بۆخۆشمان كار بكه‌ین و ئه‌وانه‌ی له‌ ئاینده‌شدا شوێنی ئێمه‌ ده‌گرنه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ درووستكردنی ئاینده‌یه‌كی جوان بۆ هونه‌ری كوردی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد رێز له‌ مێژووی خۆی ناگرێت، ئێستا هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ سه‌رده‌مێكی ماددی و نێرگسیدان و خۆده‌رخستن شوێنی داهێنانی گرتۆته‌وه‌، هیچیان ئیعتیرافی به‌ یه‌كتری ناكه‌ن، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ مێژوو نه‌ده‌یته‌وه‌ ناتوانی ئاینده‌یه‌ك دروست بكه‌یت، ئه‌گه‌ر بڕوام به‌ گه‌نجێك نه‌بێت چۆن داوای داهێنان ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهان و ره‌وڕه‌وه‌ی ژیان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات له‌وانه‌یه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ شتی نوێ و جوانی پێ بێت، به‌ رێزگرتن له‌ یه‌كتر و هاندان و پاراستنی مێژووی هونه‌ری كوردی، ده‌توانین هونه‌ری خۆمان پێش بخه‌ین، چونكه‌ هونه‌ر به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ره‌وشت و رێزه‌ شتێك نییه‌ وه‌ك یاری كردن به‌ سۆزی یه‌كتری.
*ئه‌گه‌ر درامایه‌كی كوردی نوێ پێشكه‌ش بكرێت چه‌ندین ره‌خنه‌ و كه‌موكوڕی بۆ ده‌بینرێته‌وه‌، كه‌چی كه‌ناڵه‌كان پێشبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر نمایشكردنی دراما دۆبلاژ كراو و خه‌ڵاتیش ده‌كرێن، ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه‌؟
- دراما له‌ كوردستان تا رادده‌یه‌ك تازه‌یه‌ و زۆر جیاوازه‌ له‌ شانۆ، كورد تا ئێستاوه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات و هه‌نگاوی بۆ ده‌هاوێت، كاری لاواز و كاری باشیش له‌م بواره‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هیچ نه‌كه‌ین و دانیشین، پێویسته‌ كار بكه‌ین، كارێك كه‌ جێگای خۆی بكاته‌وه‌ و ره‌خنه‌شی لێ بگیرێت، به‌ڵام نه‌ك ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر له‌ كاره‌كان بكه‌، هونه‌ری نواندن له‌ جیهان سه‌ره‌تا له‌ شانۆ ده‌ستی پێكردووه‌ ئینجا دراما و سینه‌ما هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، جیهان ئه‌م قۆناغانه‌ی بڕیوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌م بواره‌دا تازه‌ین، له‌ وڵاتێكدا كه‌ ته‌كنۆلۆژیا و سینه‌ما نییه‌ هونه‌رمه‌ند ته‌نیا ته‌له‌فزیۆنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ میدیای كه‌ كاری بۆ بكات و زۆر جار ئه‌و میدیایه‌ش زیانی پێده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كوردستان ده‌قی كوردی باش و كادری به‌ توانا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سیناریۆنووسی باشمان نییه‌ كه‌ له‌م ده‌قانه‌ سیناریۆی باش دروست بكات و دیاره‌ كه‌ گرنگترین شت له‌ كاری نواندن سیناریۆیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و نووسین كار ده‌كه‌ن و وۆرك شۆپی تایبه‌تیان بۆ بكرێته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان یان له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاشنا بن.
*ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ دۆبلاژ چی ده‌ڵێیت؟
- كاری دۆبلاژ له‌ هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ ئایا له‌ كلتووری وڵاته‌كه‌ت نزیكه‌ و ده‌قه‌كه‌ چ سوودێكی هه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی؟، به‌داخه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كانی كوردستان ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ گرنگی به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ناده‌ن هه‌ر شتێك هه‌بێت نمایشی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ بواری شانۆ و دراما كار ناكه‌ن و روویان كردۆته‌ دۆبلاژ، چونكه‌ مادده‌ له‌سه‌رووی مه‌عریفه‌وه‌ دێت ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت درامای كوردی پێش بخرێت و تێكستی كوردی گرنگی زیاتر پێ بدرێت و ئه‌و كاره‌ دۆبلاژانه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت هه‌وڵ بدرێت له‌ كلتوور و فه‌رهه‌نگی رۆژهه‌ڵاتی خۆمانه‌وه‌ نزیك بێت بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگرین نه‌ك ته‌نیا ته‌ماشایان بكه‌ین، به‌ڵام كه‌ناڵه‌كان ئه‌م كارانه‌یان لا هه‌رزانتر و ئاسانتره‌ بۆیه‌ گرنگی به‌ درامای كوردی و هونه‌ری كوردی ناده‌ن.

پرۆفایل:
ساڵی‌ 1957 له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌ خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌ و ناوه‌ندی‌ و ئاماده‌یی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ته‌واو كردووه‌.
له‌ساڵی‌ 1976وه‌ ده‌ستی به‌ كاری نواندن كردووه‌، سه‌ره‌تا به‌ كاری‌ شانۆیی‌ هاتۆته‌ دنیای‌ هونه‌ره‌وه‌و له‌و ئه‌زموونانه‌ی‌ كه‌ هه‌یبووه‌ زیاتر كۆمبارس بووه‌ شانۆیی‌ «ئابڵۆقه‌ «سه‌ره‌تای‌ كاره‌كانی‌ بووه‌ كه‌ له‌ده‌رهێنانی‌ غازی‌ بامه‌ڕنی‌ بووه‌، ئه‌ندامی‌ تیپی‌ نواندنی‌ سلێمانی‌ بووه‌و پاشان به‌شداری‌ شانۆیی»‌ كه‌للە‌ ‌سه‌ری‌ كردووه‌.
له‌ساڵی‌ 1989 توانی‌ خه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق وه‌رگرێت له‌ ده‌رهێنانی‌ شانۆگه‌ری‌« قه‌ره‌ج»دا.
ساڵی‌ ١٩٩٦ رووی‌ كردۆته‌ ئه‌وروپاو له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێ‌ بووه‌‌و له‌وێ‌ شانۆیی‌«له‌چاوه‌ڕوانی‌ شه‌مدا»ی‌ پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ئاماده‌كردن‌و ده‌رهێنانی‌ خۆی‌ بووه.
وه‌كو ئه‌كته‌ر له‌ درامای‌ ژاڵه‌ به‌كاراكته‌ری‌ (شوانه‌)و له‌درامای‌ گه‌رده‌لوولیش به‌ كاراكته‌ری‌ (شێركۆی‌ محامی‌) به‌شداری‌ كردووه‌.
له‌گه‌ڵ‌ كاوه‌ی‌ ئه‌حمه‌د میرزا پێكه‌وه‌ كاریان له‌ ده‌قی‌ درامای‌«وه‌سێتنامه‌»دا كردووه‌، كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی‌ بووه‌ .
له‌ بواری‌ ده‌رهێنانی‌ درامادا دواتریش درامای‌ «ژیله‌مۆ» بوو، دواین كاری‌ ده‌رهێنانی‌ شانۆییشی‌ شانۆگه‌ری‌ «ماری‌» بوو كه‌ له‌ڕۆژی‌ جیهانی‌ شانۆدا نمایش كرا‌.




Top