بڵند ئیبراهیم: هەر گۆرانییەك كاریگەریی بەسەر خودی هونەرمەندەوە هەبێت سەركەوتووە

بڵند ئیبراهیم: هەر گۆرانییەك كاریگەریی بەسەر خودی هونەرمەندەوە هەبێت سەركەوتووە
بڵند ئیبراهیم بەوە ناسراوە كە لە هەڵبژاردنی گۆرانییەكانیدا زۆر سەركەوتووە، ئەمە جگە لەشێوەی ئەدا كردنی، بڵند كە خەڵكی دەڤەری شنگالە، لە تەمەنێكی زووەوە هاتۆتە نێو بواری گۆرانی و موزیكی كوردییەوە و بە هەردوو زاراوەی كرمانجی و سۆرانی گۆرانی گوتووە، بەشێكی زۆری گۆرانییەكانی، خۆی ئاوازی بۆ داناون، ئێستا مامۆستای هونەرە جوانەكانی دهۆكە، لە دیمانەیەكدا وەڵامی چەندین پرسیاری گوڵانی دایەوە.



*تۆ یەكێكی لەو هونەرمەندانەی كە لە سەرەتای هاتنە نێو بواری هونەرییەوە جۆرێك لە سەقامگیری لە كەسایەتیت بەدی دەكرێت چ وەك هونەرمەند یان وەك كەسێكی ئاسایی و، ئەمەش هۆكارێكی گرنگی سەركەوتنی هونەرمەندە، ئەمە زیاتر بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-ئەمە بۆ من مایەی رێز و شانازییەكی گەورەیە و هەست بە خۆشی و ئارامییەكی زۆر دەكەم ئەگەر تێڕوانینی جەماوەر بۆ من بەم شێوەیە بێت، مرۆڤ ناتوانێت هۆكاری سەركەوتن و سەقامگیری خۆی بۆ شتێكی دیاریكراو بگەڕێنێتەوە، بەڵام من سوودم لەزۆر شت وەرگرت بۆ ئەوەی بگەم بەم ئاستەی ئێستا. یەكێك لەوانە خوێندنم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و ئەو مامۆستایانەی بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت منیان پەروەردە كردووە، هەروەها پاڵپشتی و هاریكاریی خانەوادەكەم بەتایبەتی باوكم كە هاندەرێكی زۆرم بووە، هۆكاری سێیەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە من كوڕی پێشمەرگەیەكی ئەیلوولم، ئێمە نەفی كراوین بۆیە پەروەردە كردنی باوكم و مامەكانم بەتایبەتی لەلایەنی كوردایەتییەوە لە سەرەتادا كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر منەوە هەبووە كە هەستی نەتەوەییم بەهێزتر بێت و ئەركەكانی سەرشانم بزانم و بەباشترین شێوە بەجێیان بگەیەنم.

* ئەمە لەلایەنی پەروەردەیی و كەسایەتییەوە، ئەی لەلایەنی هونەرییەوە ئەم سەقامگیرییەت چۆن دروست كرد، بۆ نموونە تا ئێستا بە دەگمەن گوێمان لە شتێكی تایبەت بووە دەربارەی بڵند ئیبراهیم كە سلبی بێت، یان لێدوانێك خرابێتە پاڵ بڵند ئیبراهیم كە وا نەبێت؟

-سەركەوتنی لایەنی هونەریم بۆ ئەو بەهرەیە دەگەڕێتەوە كە من هەر لە منداڵییەوە خاوەن بەهرەیەكی هونەری بووم و حەزم لە گۆرانی و موزیك دەكرد، بێگومان خانەوادەكەم لەمەش كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە، چونكە كاتێك لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئێمە هاتین بۆ شاری دهۆك بە دەگمەن ماڵ هەبوو لە شنگاڵ كە ئامێرێكی تەمبوریان تێدا نەبێت و هەموویان حەزو خولیایەكیان بۆ گۆرانی هەبوو، بێگومان ئەم حەز و خولیایە بۆ گۆرانی و موزیك كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە، چونكە هەر لە تەمەنی منداڵیدا من لە ماڵەوە گوێم لە گۆرانییەكانی شڤان پەروەر و محەمەد شێخۆ دەبوو ئەمانە زیاتر منیان هاندا بۆ ئەوەی بچمە نێو بواری هونەرییەوە، هەروەها ئەو بەهرە هونەرییەی كە خوا پێی بەخشیوم لەگەڵ خوێندنم لە پەیمانگا و ماندووبوونی خۆم توانیم شێوازێكی تایبەت بۆ خۆم درووست بكەم و بەو شێوەیە بەردەوام بم.

* ئەوەی گوێ لە گۆرانییەكانت بگرێت هەست بەوە دەكات كە ماندووبوونێكی زۆری پێوە دیارە لە هەڵبژاردنی تێكست و ئاواز ئایا لەم هەڵبژاردنانە تۆ تەنیا پشت بە خۆت دەبەستیت یان بە كەسانی دیكەش ؟

- لە رووی ئاوازەوە زۆربەی ئاوازەكان خۆم دایاندەنێم، چونكە پێشتر ئاوازم لە هەندێك هونەرمەند وەرگرتوون بەڵام ماوەی چەند ساڵێك دەبێت بەشی هەرەزۆری ئاوازی گۆرانییەكانم هی خۆمە، من تێكست و شیعر نانووسم، چونكە ئەمە كاری من نییە و لە چەند كەسێكی نزیكی خۆم وەریاندەگرم، بەڵام شیعرەكان خۆم هەڵیاندەبژێرم لەمەشدا ئەو تێكستانە هەڵدەبژێرم كاتێك گەنجێك گوێی لێ بێت وا هەست بكات بۆ ئەو گوتراوە، چونكە هیچ گەنجێك یان نییە دڵی بە كەسێكەوە نەبەسترابێتەوە، بۆیە دەبێ شتێك بزانرێت چۆن لەگەڵ هەستی ئەم گەنجانە دەگونجێت و گوێی لێدەگرن بەجۆرێك هەست بكەن بۆ ئەوان گوتراوە و خۆی تێدا ببینێتەوە.

* زۆر هونەرمەند هەن لە بواری هونەریدا ونن بەو مانایەی بە چەند ساڵ ئینجا بەرهەمێك پێشكەش دەكەن، كەچی هەست دەكەین تۆ جیاوازیت لەگەڵ ئەوانە و لە ساڵێكدا دوو بەرهەمت پێشكەش كرد، ئەم بیرۆكەیە چۆن لای تۆ درووست بوو ئەگەرچی بەرهەمێكیان زیندووكردنەوەی چەند كارێكی كۆن بوو؟

- دوای ئەوەی من شێوازی خۆم دۆزییەوە و قۆناغێكی هونەریم بڕی و توانیم پشت بە خۆم ببەستم و بەرچاوڕوونییەكم هەبوو لەوەی چۆن هەنگاو بنێم، بۆ من ئاسایی بوو كە ساڵانە بەرهەمێك یان زیاترم هەبێـت، ئەگەر لە سەركەوتنیان دڵنیا نەبوومایە پێشكەشم نەدەكردن، من هونەرمەندێكی گۆرانیبێژم بۆیە پێویستە بەردەوام بەرهەمی نوێ پێشكەش بە جەماوەر بكەم، چونكە كاری من گۆرانی گوتنە، ئێستا هەندێك هونەرمەند لە كوردستان هەن سەرقاڵی كاری دیكەن وەك بازرگانی جگە لە هونەر یان بەرهەمیان نییە، بە بڕوای من ئەگەر هونەرمەند بەرهەم پێشكەش نەكات یان نەچێتە ئاهەنگ تەنانەت شایی و زەماوەندیش و لە جەماوەرەوە نزیك نەبێت بە ئەركی راستەقینەی خۆی هەڵناستێت و رەنگە ئامانجی لە گۆرانی گوتن هونەر و پێشكەوتنی هونەر نەبێت، چونكە كەسانێك هەن گۆرانی دەڵێن تەنیا ناو دەركردن و ناسراوی یان بۆ ئەوەی لای ئەم و ئەو خۆشەویست بێت، پێویستە هونەرمەند بزانێت بۆچی گۆرانی گوتووە و حەز لە گۆرانی و موزیك دەكات.

* سەركەوتنی هەر هونەرمەندێك لە پێشكەش كردنی بەرهەمێكی نوێدا پێویستی بە دیراسە و لێكدانەوە، هەیە ئایا تۆ دڵنیا بوویت لە سەركەوتنی دوو بەرهەم لە یەك ساڵدا یان جۆرێك لە موجازەفە بووە؟

-ئەگەر لە هەنگاوەكانی خۆم دڵنیا نەبم كارێك ناكەم واتە ئەگەر بزانم بەرهەمێك سەركەوتوو نابێ پێشكەشی ناكەم، ئەگەر بۆ ساڵی دواتریش دڵنیا بووم لە سەرنەكەوتنی دیسان پێشكەشی ناكەم، تەنانەت ئەگەر گەیشتمە ئاستێكی وا بزانم ناتوانم هیچی دیكە پێشكەش بكەم ئامادەم بێم لەسەر تەلەفزیۆن رایبگەیەنم كە ئیتر من تەواو ناتوانم هیچی دیكە پێشكەش بكەم، چونكە هونەر لای من سەرمایەكە كە پێویستە بەردەوام بەرهەمی جوانتر و نوێتر پێشكەش بكەم، ئەگەر نەمتوانی بەرهەمی نوێ و جوان پێشكەش بكەم، لای من زۆر ئاساییە كە ئیتر بوەستم، بەڕای من ئەوە ناخۆشە كە بەرهەم پێشكەش بكەیت جوان نەبێت و خەڵك حەزی پێ نەكات، كاتێك بەرهەمێك یان زیاتر پێشكەش دەكەم دڵنیام لە سەركەوتنی، چونكە لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمدا خاڵێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر گۆرانییەكە كاریگەریی بەسەر خودی هونەرمەندەكەوە هەبوو ئەوا بێگومان گۆرانییەكەی سەركەوتوو دەبێت.

*كۆنسێرت زۆر بە كەمی بۆ هونەرمەندان ساز دەكرێت، لە بەرامبەردا بەشێكی هونەرمەندان بەشداری دەكەن لە ئاهەنگی تایبەتی ئایا بەشداری كردن لە ئاهەنگ بۆ بەردەوام و دابڕانە لە جەماوەر یان بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانە؟

- هەر هونەرمەندێك بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە و من ناتوانم حوكم لەسەر كەس بدەم، من بەردەوام بەشداری دەكەم لە ئاهەنگ وكۆنسێرت و مانگانە چەند ئاهەنگێكی تایبەت ساز دەكەم، هەروەها لە ئاهەنگ و بۆنە نیشتیمانییەكاندا، ئاگاداری هونەرمەندانی دیكەش نیم، بەڵام بەشداریكردنی من لە ئاهەنگەكاندا بۆ مەبەستی ماددی نییە، چونكە من بەردەوام كار دەكەم.



Top