ئەنوەر سندی: زەحمەتە بتوانرێ داستانێكی كوردی بكرێتە فیلمی سینەمایی
ئەنوەر سندی هەروەها دەڵێت: وەك كورد ناكرێ ئەم هەموو كارەساتە لە بیر كەین، بەڵام ئێستا رەنگە ئەمانە بۆ رۆمان یان چیرۆك زیاتر بگونجێت لەوەی وەك فیلمێك پێشكەش بكرێت، هەروەها لەرووی تەكنۆلۆژیاشەوە رەنگە نەگەیشتبینە ئەو ئاستەی یان ئەو تەكنۆلۆژیایەمان دەست نەكەوێت كە تراژیدیا و كارەسات و داستانە نەمرەكانمان لە رێگای فیلمێكی سینەماییەوە زیندوویان بكەینەوە، بۆ نموونە زەحمەتە بتوانین فڕۆكە و كۆپتەر و تانك و چەكی گەورە لە فیلمێكی سینەمایی كوردیدا بەكار بهێنین لەو سەردەمەی ئێستاماندا، رەنگە لە داهاتوودا ئەمە بكرێ، بەڵام لە ئێستادا ناكرێ، هەروەها لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە دەرهێنەر ناتوانێت داستانێكی خۆشەویستیی كوردی پێشكەش بە جەماوەر بكات بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت یان پێویستە بكرێت، لەم رووەوەش رێگری زۆر هەیە ئەمانە هەموویان دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی كە نەتوانرێ كارەسات یان داستانێكی مێژوویی كوردی بكرێتە فیلمێك و پێشكەش بە جەماوەر بكرێت ئەگەرچی رەنگە زۆر پێویستیش بێت.
سندی سەبارەت بە كاریگەریی سینەمای بیانی بەسەر سینەمای كوردییەوە و ئایا لایەنی سلبی یان ئیجابی زیاترە گوتی: پێیوایە سینەمای دەوروبەر كاریگەرییەكی زۆر سلبی كردۆتە سەر سینەمای كوردی و بووەتە هۆكارێك بۆ پێش نەكەوتنی سینەمای كوردی، ئەنوەر سندی لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەگەر باسی سینەمای وڵاتانی دەروووبەر بكەین بۆ نموونە سینەمای ئێرانی دەبینین سینەمایەكە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی هەیە كە ناتوانێت لێی دەرباز بێت و جۆرە داخرانێكی پێوە دیارە كە بە ئاسانی هەستی پێدەكرێت، سینەمای ئێرانی زیاتر جەخت لەسەر دیاردە و كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكاتەوە و وەك خۆی پێشكەشی دەكات بەتایبەتی ئافرەت و منداڵ، لەبەر ئەوەی بەشێكی سینەماكارانی كورد كاریگەری ئێرانیان بەسەرەوەیە تا رادەیەك لە كارەكانی ئەوانیش ئەمە بە دی دەكرێت، ئەمە تەنیا لە سینەمای كوردیدا نییە، بەڵكو لە سینەمای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ناوچەی دەوروبەری ئێمە بە تەواوی دیارە و هەستی پێدەكرێت، بۆیە ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی كە بڵێین سینەماكەمان گەیشتووەتە ئاستی سینەمای جیهانی.
بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشە ئەنوەر سندی وای بۆ دەچێت كە نەبوونی سیناریۆی باش بەشێكی سەرەكی گرفتەكەیە و دەڵێ: یەكێك لە بەشە هەرە سەرەكییەكانی سینەما بریتییە لە سیناریۆ هەر سینەمایەك سیناریۆكەی باش بوو ئەوا بە سینەمایەكی سەركەوتوو وەسف دەكرێ، ئێمە سیناریۆ نووسی باشمان لە سینەما نییە ئەوانەی كە سیناریۆ دەنووسنەوە یان چیرۆك نووس یان رۆماننووسن، بۆیە پێویستە سیناریۆ بكرێتە بەشێكی گرنگ لە خوێندنی بەشی سینەما.