زۆیا : دوایین كلیپم شێوازه‌كه‌ی قه‌ره‌جی بوو نه‌ك عه‌ره‌بی

زۆیا : دوایین كلیپم شێوازه‌كه‌ی قه‌ره‌جی بوو نه‌ك عه‌ره‌بی
چاڤێ ته‌ یه‌كێك بوو له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ زۆیای كچی قامیشلۆی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ناساند و له‌ دوای ئه‌م گۆرانییه‌ جه‌ماوه‌ر ئاشنای ده‌نگ و به‌هره‌كانی ئه‌م كچه‌ بوون، سه‌ره‌تاكانی ده‌ستكردنی به‌ كاری هونه‌ری بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رهه‌می (چاڤێ ته‌ له‌ ساڵی 2006 بڵاوكرده‌وه‌ و تا ئێستا چه‌ندین ئه‌لبووم و گۆرانی پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی شاری هه‌ولێردا كۆنسێرتێكی گۆرانی پێشكه‌ش كرد ، زۆیا له‌ دیمانه‌یه‌كدا به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی گوڵانی دایه‌وه‌.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆیا یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداربووه‌كانی حه‌وته‌مین فیستڤاڵی، زۆیا جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین كاری هونه‌ری له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامداوه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ بڕیاریداوه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ژیان به‌سه‌ر به‌رێت، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا زۆیا به‌مشێوه‌یه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی پارێزگای هه‌ولێر هاته‌ دوان.
• تۆ ماوه‌ ماوه‌ سه‌ردانی كوردستانت ده‌كرد واته‌ له‌ كوردستان دانه‌بڕاوی، به‌ڵام ئێستا به‌ یه‌كجاری لێره‌ گیرسایه‌وه‌، هه‌ست به‌ چی ده‌كه‌ی ئێستا له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازاددا ده‌ژی؟
- ئێمه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌میشه‌ به‌ حه‌سره‌ت بووین كه‌ رۆژێك بێت ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌م پارچه‌ی كوردستان ئازادی و رزگاربوون له‌ ده‌ست داگیركه‌ر به‌ چاوی خۆمان ببینین، كاتێك له‌ سنوور ده‌هاتین چاومان به‌ پۆلیس و سه‌ربازی كوردی ده‌كه‌وت و ئه‌و ئه‌من ئاسایشه‌ به‌رقه‌راره‌مان به‌چاوی خۆمان ده‌بینی، خه‌ڵك به‌و په‌ڕی ئازادی و به‌بێ ترس به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن و ئاڵای كوردستان ده‌شه‌كێته‌وه‌، ئه‌م دیمه‌نانه‌ هه‌ستێكی خۆشیان له‌لای ئێمه‌ درووست ده‌بوو ده‌مانگوت تۆ بڵێی رۆژێك له‌ رۆژان ئێمه‌ش له‌ رۆژئاوای كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌ش هاوشێوه‌ی باشوور رزگار ببین و ئه‌م ئازادییه‌ به‌چاوی خۆمان ببینین، من خۆم یه‌كێك بووم هه‌میشه‌ بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئاخۆ هه‌ستمان چی ده‌بێت كه‌ رۆژئاوای كوردستان وه‌ك هه‌ولێر به‌ ئازادی ببینین.
*بارودۆخی سوریا چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر هونه‌ری زۆیا به‌تایبه‌ت و هونه‌ری كوردانی رۆژئاوا به‌ گشتی هه‌بووه‌؟
• -بێگومان كاریگه‌ری به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، چونكه‌ كاری هونه‌ری به‌ گشتی وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر خۆشی و شادی خه‌ڵك، ئه‌و بارودۆخه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ مایه‌ی خۆشی یان ئاهه‌نگ گێڕان، خه‌ڵك به‌ گشتی به‌ هونه‌رمه‌ندانیشه‌وه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ وردی سه‌یری رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكیش زۆر زه‌حمه‌ت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر هونه‌ر ده‌بێت.
• وه‌ك هونه‌رمه‌ند شاری هه‌ولێر هیچ ڕۆڵێكی هه‌بووه‌ له‌ ناسین و ده‌ركه‌وتنی زۆیا وه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌؟
- ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی من ده‌رباره‌ی هه‌ولێر وه‌ك هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی هونه‌ردۆستن و رێز له‌ هونه‌رمه‌ندانی خۆیان ده‌گرن، بۆیه‌ ده‌بینین بزاوتێكی هونه‌ری به‌هێز له‌ باشووری كوردستان به‌ گشتی و شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تی هه‌ستی پێده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ڕۆڵێكی باشی هه‌بووه‌ له‌ خزمه‌تكردن وبه‌ره‌و پێش بردنی هونه‌ری كوردی له‌م پارچه‌یه‌، من ماوه‌ دوو ساڵ ده‌بێت هه‌ستم به‌و بزاوته‌ هونه‌رییه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خزمه‌تێكی زۆر به‌ هونه‌رمه‌ندانیش بكرێت و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام بن له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هونه‌ری كوردی تێیكه‌وتووه‌ تاراده‌یه‌ك خاو بێته‌وه‌ و كاریگه‌ری كه‌متر بێته‌وه‌، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد پێویستیان به‌ پشتگیری و هاوكار زۆر هه‌یه‌ و بارودۆخ بۆ هونه‌رمه‌ند فه‌راهه‌م ده‌كرێت و ماندووبوون قوربانیدانی هونه‌رمه‌ندان له‌ هه‌ولێر له‌به‌رچاوگرتنی ده‌كرێ، بۆیه‌ به‌ ئاشكرا ده‌توانم بڵێم ئه‌م پێشتگیری و هاوكارییه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان هه‌یه‌ و هه‌ستی پێده‌كرێت له‌ شاری ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ لێره‌ وله‌وێ كه‌موكوڕیش هه‌بێت، به‌ڵام خزمه‌ت كردنیش به‌ هونه‌رمه‌ندان هه‌یه‌.
* تۆ یه‌كێكی له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ به‌ ستایلی جیاجیا گۆرانی ده‌ڵێی و له‌ هه‌مووشیاندا تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووی، ئه‌م تێكه‌ڵ بوونه‌ی ستایل بۆچی؟
- من خۆم زیاتر به‌ ستایلی گۆرانی هێمن حه‌ز له‌ گۆران وتن ده‌كه‌م، به‌ڵام جه‌ماوه‌ر و گوێگر حه‌ز له‌ ستایل و شێوازی جیاجیا ده‌كه‌ن بۆیه‌ ده‌بێ هونه‌رمه‌ندیش بتوانێت جه‌ماوه‌ری خۆی رازی بكات، وه‌ك گوتم من حه‌ز له‌ گۆرانی خێرا و ‌ جوڵه‌ی به‌رده‌وام ناكه‌م له‌ كاتی گۆرانی وتندا، به‌ڵام یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی من ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆنسێرته‌كاندا پێویسته‌ گۆرانییه‌كان جوڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بێت، به‌ڵام له‌و جۆره‌ ستایله‌شدا سه‌ركه‌وتووم، ده‌مه‌وێ لێره‌ ئاماژه‌ به‌ شتێك بكه‌م ره‌نگه‌ هه‌موو كه‌سێك بتوانێت گۆرانی خێرا و ده‌هۆڵی بڵێت، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ هه‌موو كه‌سێك بتوانێت له‌ گۆرانی هێمندا سه‌ركه‌وتوو بێت.
* تۆ جگه‌ له‌ گۆرانی رووخسارێكی جوانت هه‌یه‌ كه‌ بۆ كاری مۆدێل و راگه‌یاندن به‌تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆن گونجاوه‌، بیرت له‌م كارانه‌ نه‌كردۆته‌وه‌؟
- بێگومان زۆر داواكاری له‌م شێوه‌یه‌م پێشكه‌ش كراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م جاره‌ش له‌ هه‌ولێر وه‌ك پێشكه‌شكار داوام لێكراوه‌ كار بكه‌م، به‌ڵام پێموایه‌ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ناكرێ به‌رده‌وام به‌رچاو و دیاربێت له‌سه‌ر شاشه‌ ته‌نانه‌ت حه‌ز ده‌كه‌م دیمانه‌كانی ته‌له‌فزیۆنیش كه‌م بكه‌مه‌وه‌، پێویست ناكات خه‌ڵك ئاگاداری ورد و درشته‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند بن.
* له‌ دوایین كلیپتدا ڕۆڵی كچێكی عه‌ره‌بی به‌ده‌وێ ده‌بینی ئه‌مه‌ چۆن بوو؟
- كلیپ خۆی بیرۆكه‌یه‌ له‌م كلیپه‌دا كه‌ بیرۆكه‌كه‌ هی خۆم بوو، حه‌زم كرد ڕۆڵی كچه‌ قه‌ره‌جێك ببینم واته‌ شێوازێكی كۆن و جیاواز بێت له‌ كلیپه‌كه‌ی پێشووم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك زۆر به‌ هه‌ڵه‌ له‌ كلیپه‌كه‌ گه‌یشت و لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یان بۆی هه‌بوو گوای شێوازه‌كه‌ عه‌ره‌بی بوو، به‌ڵام شێوازێكی قه‌ره‌جی بوو، ئه‌گه‌ بمزانیبایه‌ خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه‌ لێكی ده‌داته‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ درووستم نه‌ده‌كرد.
*وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ئێستا تۆ له‌ چ ئاستێكدای؟
- من ناتوانم حوكم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان یان له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان ئێستا تا رادده‌یه‌كی زۆر به‌ (زۆیا) ئاشنان وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك، بۆیه‌ من هه‌ست ده‌كه‌م په‌یامێكم گه‌یاندووه‌ كه‌ په‌یامی هونه‌رییه‌ بۆجه‌ماوه‌ر و نه‌وه‌ی داهاتوو، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م ئێمه‌ بووین به‌ قوربانی زۆر دیارده‌ و نه‌ریت كه‌ باو بوو، چونكه‌ كاتێك من له‌ رۆژئاوای كوردستان وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ده‌ركه‌وتم و گۆرانیم وت و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ناسرام ئه‌و كات كچ زۆر كه‌م بوون له‌و بواره‌ یاخود ده‌توانم بڵێم هه‌ر نه‌بوون، دوای من زۆر كچی دیكه‌ هه‌بوون كه‌ جۆرئه‌تی ئه‌وه‌یان كرد ئه‌وانیش گۆرانی بڵێن و ده‌یانوت بۆ زۆیا گۆرانی بڵێ و ئێمه‌ خۆمان بێده‌نگ بكه‌ین، ته‌نانه‌ت به‌ منیان ده‌وت: تۆ ده‌رگات له‌ ئێمه‌ كردووه‌ و هاوكاریت كردین بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش به‌ ئازادی گۆرانی بڵێین، من خۆم رووبه‌رووی زۆر ده‌رده‌سه‌ری و رێگری بوومه‌ته‌وه‌ تاكو توانیم ئه‌و رێچكه‌ی بشكێنم وبه‌رده‌وام بم له‌ گۆرانی وتن، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا و ئێستا له‌ خزمه‌تی میلله‌تی خۆم و هونه‌ره‌كه‌یدا به‌ره‌ده‌وام ده‌بم.
• له‌ كوردستان چ شتێك زیاتر سه‌رنجی راكێشای؟
- خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جا له‌ هه‌ر شارێك بن زۆر رێزیان له‌ من و هونه‌ری من و هه‌موو هونه‌رمه‌ندان گرتووه‌، ده‌رگای هه‌ولێر هه‌میشه‌ واڵا بووه‌ بۆ كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌وانه‌ش كوردانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كاتێك ئێمه‌ روومان له‌ هه‌ولێر و باشووری كوردستان كرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ستمان به‌ غه‌ریبی نه‌كرد و هیچ كاتێكیش خۆمان به‌ بێگانه‌ نه‌زانیوه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ خۆمان به‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ زانیوه‌ و و هه‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ وڵاتی خۆمانین و له‌ نێو خزم و كه‌سوكاری خۆمانین، ئه‌مه‌ش ته‌نیا قسه‌ی من نییه‌ به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی روویان له‌م شاره‌ كردووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی بۆ كرێكاریش هاتوون هه‌مان هه‌ستیان هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ مایه‌ی رێزو ته‌قدیره‌ و نموونه‌ی پته‌وی پێوه‌ندی نێوان كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانه‌.
* بۆچی هه‌ولێرت هه‌ڵبژارد بۆ به‌سه‌ر بردنی ژیان؟
- بۆ من هه‌موو شارێكی كوردستان هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌، هه‌‌ولێر پایته‌ختی كوردستانه‌ و مه‌ڵبه‌ندی ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری و شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر دڵپاك و مرۆڤ دۆست و میوان دۆستن، بۆیه‌ بڕیارمدا له‌ شاری هه‌ولێر بمێنمه‌وه‌.

پرۆفایل
- خەڵكی شاری قامیشلۆیه‌ لە ساڵی 1986 لە دایكبووه‌.
- لە دانزە ساڵیەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، لەسەرجەم چالاكیەكانی قوتابخانەكان ئه‌و كات بەشداری كردووە.
- له‌ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری خۆیدا له‌ ساڵی 2003 بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی رەسمی گۆرانی وتووه‌.
- لە ساڵی 2006 یەكەم بەرهەمم كرد بەناوی (چاڤی تە) سێ‌ كلیپیشم لەو بەرهەمە كردوە كە لە 10 تراك پێكهاتبوو، لە ساڵی 2010 بەرهەمێكی دیكەم تۆماركرد بەناوی (هێڤی مە) لەو بەرهەمەش چەند كلیپێكم كردووە.
-به‌شداری له‌ فیستیڤاڵی شه‌شه‌م و حه‌فته‌می رزگار كردنی هه‌ولێردا كردووه‌.
-هاوسه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی موزیك ژه‌نه‌ و زۆر هاوكاری كردووه‌ له‌ كاره‌كانی و به‌رده‌وام هانده‌ری بووه‌.
-ئێستا له‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌
Top