به‌هار حوسێنی:گۆرانیبێژەکانی ئێستا، شیعری کوردی لە موزیکی تورکی و فارسی و عەرەبی موتوربە دەکەن
*پێتوایه شاعیره پیاوه‌كان جگه له غه‌زه‌ل و باس كردنی لایه‌نه غه‌ریزییه‌كانی تایبه‌ت به ئافره‌ت، ئایا وه‌ك شۆڕشگێڕێك وێنای ئافره‌تی كوردیان كردووه له شیعره‌كانیاندا؟
- بەڵێ. لە شاعیرانی کلاسیکی ئێمە، کەسانێکی وەک هێمن و قانع و هێدی و چەندین کەسی دیكە ئەو کارەیان کردووە. بۆ وێنە شیعری «ئەختەر کچە کوردی چاومەست»ی مامۆستا هێمنی مهابادی نموونەیەک لەم جۆرە شیعرەیە. لە شاعیرانی نوێخوازیش ژمارەیەک لە شاعیرانی کورد لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ئەو کارەیان کردووە، بۆ نموونە شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و رەفیق سابیر و چەندین شاعیری دیكە، وەک شۆڕشگێڕیش باسی ئافرەتیان کردووە. لە سەردەمی ئێستاشدا شیعری «کچە ئەویندارەکانی قەندیل»ی قوبادی جەلیزادە نموونەی ئەو جۆرە روانینەیە بۆ ئافرەت.
* بۆچی به ده‌گمه‌ن شیعری ئافره‌تان (به‌تایبه‌تی شیعری ئه‌ڤینداری) ده‌كرێته گۆرانی جا له‌لایه‌ن ئافره‌ت یان پیاوی گۆرانیبێژه‌وه بێت؟
- پێم وایە دەبێ ئەو پرسیارە لە گۆرانیبێژەکان بكەن.
* زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت كه هونه‌ری گۆرانی وتن له كوردستان له قه‌یراندایه و هونه‌ری بێگانە تێكه‌ڵ به هونه‌ری كوردی كراوه، نه‌بوونی شیعر یاخود بڵێین تێكستی گۆرانی یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی ئه‌م بارودۆخه؟
- نا بە بڕوای من ئەم دووانە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. بۆ نموونه گۆرانیبیژێکی کورد ئاوازەکەی لاسایی کردنەوەیەکی تەواوی گۆرانیی فارسی، تورکی یا عەرەبییە، چ پەیوەندییەکی بە بوون یا نەبوونی دەقی شیعرەوە هەیە؟ خۆ ئەو گۆرانیبێژانە لە ئەنجامدا هەر دێن دەقێکی کوردی دەڵێنەوە، بەڵام جگە لە دەقەکە و ئەو وشانەی دێتە سەر زاریان هیچ شتێکی دیكەی گۆرانییەکەیان کوردی نییە. کێشەکە لەوە دایە کە گۆرانیبێژەکانی ئێستا، شیعری کوردی و دەقی کوردی لە موزیکی تورکی و فارسی و عەرەبی موتوربە دەکەن و شتێک دەخوڵقێنن کە لە ئەنجامدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانین پێی بڵێین مۆسیقای کوردی.
*یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی شیعری گۆرانی ئه‌وه‌یه كه گوزارشت له هه‌ستێكی ئینسانیی پاك بكات به‌رامبه‌ر به هه‌ر رووداوێك خۆشی بێت یان تراژیدیا، ئایا له‌م بواره‌دا شاعیرانی كورد تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون؟
- من پێم وایە شاعیرانی ئێمە زۆر بە سەرکەوتوویی توانیویانە تەعبیر لە خۆشی و تراژیدیا‌کانی میللەتەکەیان بکەن، بەڵام ئایا ئاوازدانەرەکانمان توانیویانە ئاوڕ لەو شیعرە باشانە بدەنەوە و بیانکەن بە گۆرانی؟
*ئێستا هه‌ست به بوونی ره‌وتێك ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له ئافره‌ته شاعیره‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خۆیان له جیاتی پیاو وه‌سفی جوانی و له‌ش و لاری خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جار زیاتر له پیاوه‌كان، تۆ ئه‌مه به جۆرێك له جورئه‌ت ده‌زانیت یان خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌مانه چییه؟
- بە رای من شاعیر بەر لە هەر شتێک دەبێت لە پێشدا لەگەڵ خۆی و پاشان لەگەڵ بەردەنگەکانی و خوێنەری شیعرەکانی راست بێت و درۆیان لەگەڵدا نەکات. شاعیر بۆی هەیە باس لە هەر شتێک بکات بە تایبەت باس لە خۆی و لەشی خۆی. بەڵام گرنگ ئەوەیە دەربڕینەکەی چەندە داهێنەرانە بێت. شاعیری ژن دەبێت روانینی بۆ جەستەی خۆی روانینێکی ژنانە بێت نەک لە روانگەیەکی پیاوانەوە و تەنیا وەسفی لایەنە سێکسییەکانی لەش و جەستەی خۆی بکات.
*ئایا له‌شیعردا هه‌ر شاعیرێك شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه؟
- نه‌خێر مەرج نییه، بەڵام ئەو شاعیرانەی بتوانن لە شێوازدا داهێنان بکەن و شێوازی خۆیان هەبێت، ئەوا تەمەنی شیعرەکەیان درێژتر دەبێتەوە. چونکە داهێنان لە هونەردا مەرجێکی زۆر سەرەکییە. بەڵام دەکرێت شاعیر لە شێوازدا داهێنەر نەبێت و لە سەر شێوازی نووسینی شاعیرێکی دیكەیش داهێنان بکات و بەرهەمی زۆر جوانیش دابهێنێت. بۆ وێنە هەتا ئێستاش بەشێکی زۆر لە شاعیرانی لاو نەیانتوانیوە لە شێواز و دەربڕینی شاعیرانی پێش خۆیان داببڕێن. کێ هەیە بڵێت رۆژێک لە رۆژان کاریگەریی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسی بە سەرەوە نەبووە.