هاوسه‌ری ساركۆزی ته‌نیا له‌ ماڵه‌وه‌ نوكته‌ ده‌ڵێ

هاوسه‌ری ساركۆزی ته‌نیا له‌ ماڵه‌وه‌ نوكته‌ ده‌ڵێ
كارلا ساركۆزی یه‌كێك له‌ سه‌رنجرِاكێشترین ئافره‌تانی جیهانه‌، زیاتریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌ كه‌ هاوسه‌ری سه‌رۆكی وڵاتێكی پێشكه‌وتووی جیهانه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشتر نمایشكاری جلوبه‌رگ بووه‌.
كارلا له‌ دیمانه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ هیچ كاتێك بێ نوكته‌ و قسه‌ی خۆش ناتوانێت بژیت، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات زیاتر ئه‌م نوكته‌ و قسه‌ خۆشانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی دیواره‌كانی ماڵی ده‌رنه‌چن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌رووی سیاسییه‌وه‌ گرفت بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی دروست نه‌كه‌ن، كارلای گۆرانیبێژ له‌ دیمانه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، كه‌وا ئێستا زۆر به‌ وریایی كار له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كات، چونكه‌ ده‌ركردنی یه‌ك رسته‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر مانا هه‌ڵبگرێت و دوور نییه‌ له‌ جیهانی سیاسه‌تدا كاره‌ساتێك بنێته‌وه‌، منیش یه‌كێكم له‌وانه‌ی كه‌ زۆر رێز له‌ پرۆتۆكۆله‌كان ده‌گرم و ناكری سه‌رم ببه‌م بۆ بن گوێی سه‌رۆك وڵاتێك و نوكته‌یه‌كی بۆ بڵێم. ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌ش كارلا گوتی: كاتێك مرۆڤ ده‌گاته‌ پله‌ و پایه‌یه‌كی گرنگ و به‌رز ئه‌گه‌ر خۆی گرنگیشی پێ نه‌دات ئه‌وا زۆر ئاساییه‌ ده‌بێ ره‌خنه‌ قبوڵ بكات. من هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ راستییه‌وه‌ نزیك بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كارلا رایگه‌یاند كه‌وا حه‌ز ناكات له‌ فه‌ره‌نسا ئاهه‌نگ بگێرِێت، چونكه‌ رێوشوێنی ئه‌منی توند ده‌گیرێته‌ به‌ر، ئه‌ویش له‌م رێوشوێنانه‌ بێزاره‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كاره‌كه‌ جیاوازه‌، بۆیه‌ زۆر حه‌ز ده‌كه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئاهه‌نگ ساز بكه‌م.
Top