هیوا سوعاد: تیپ هەیە نازانێت لە كوێ پرۆڤە بكات
* بۆچی ڕۆژی شانۆ لەكوردستان بەو شێوەیە بەڕێوە نەچوو كە چاوەڕوان دەكرا؟
- بەشێوەیەكی گشتی هۆكارەكەی پەسند نەكرانی بودجە بوو، ئێمەش بووینە قوربانی ئەو ململانێیەی كە لەسەر بودجە دەكرێت. بۆیە نەمانتوانی بڕگەكانی ئەو بەرنامەیەی هەمانبوو جێبەجێی بكەین. هۆكارێكی تریش ئەوەیە كە دەبووایە ئەگەر هیچ نەبێت تیپەكان یادی ئەو ڕۆژە بكەنەوە، هەر یەكەیان دیمەنێكیان هەبێت یاخود شانۆگەریەكی پەردەییان لەو ڕۆژەدا ئامادە بكردایە یان لەناو خۆیان ئاهەنگێكیان ئەنجامدابا، مەرج نییە لەڕۆژی جیهانی شانۆدا ئێمە فیستیڤاڵی گەورە سازبكەین. هەر لەسەرەتاوە ڕۆژی جیهانی شانۆ بە وتار خوێندنەوە یادی كراوەتەوە، خوێندنەوەی وتارەكە بۆتە نەریت، گرنگ ئەوەیە یادی ئەو ڕۆژە بكرێتەوە تەنانەت ئەگەر بە وتارێكیش بێت. كە ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئیشی باشتر بكەیت و شانۆگەرییەكان بەرەو پێشەوە ببەیت، ئێمە لە هەولێر ئاهەنگێكی خێزانی فراوانمان ساز كرد، ڕێز لە چەندین ئافرەت گیرا، ڕێزلە هونەرمەند سەفوەت جەراح گیرا و هەروەها ڕێز لە ڕۆژنامەنووسیش گیرا، ئەمە زۆر دڵخۆشكەر بوو هونەرمەندانی كورد بە جلوبەرگی كوردییەوە شاییان كرد و كاتێكی خۆشیان بردە سەر.
* ئەگەر بودجە پەسند كرا ئێوە بەرنامەتان چی دەبێت؟
- گرنگ ئەوەیە سوود لەهەڵەی ڕابردوو وەربگرین، دامان ناوە و بەنیازین بانگەواز بكەین بۆ تیپە شانۆییەكان و ئەو دەرهێنەرانەی پڕۆژەیان هەیە بیهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتی شانۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر، بۆ ئەوەی ئێمە لە پلان و بەرنامەی خۆمان دای بنێین و ئەو كاتەی بودجە پەسند كرا بە پێی توانا كاریان لەسەر بكەین و زەمینەیەكی وەها بڕەخسێت كە بە باشترین شێوە پێشكەش بكرێت. بۆ ئەمساڵ بەرنامەمان هەیە ئەگەر لەوەزارەتی ڕۆشنبیری هۆڵی شانۆیی دابین بكرێت، هەوڵ ئەدەین پەرەیان پێ بدەین بۆ ئەوەی هۆڵێكی تایبەتمان هەبێت بە نمایشی شانۆیی، بۆ ئەوەی شانۆی جەماوەری و سێ پەردەیی پێشكەش بكەین. دواتر ئەوەی میلۆدراما و شانۆگەری دوو كەسی یان یەك پەردەیی دەكرێت لەناو هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ پێشكەش بكرێت یان لەناو هۆڵی تر.
* بیرتان لەسازدانی فیستیڤاڵێكی شانۆیی لە سەرتاسەری كوردستان نەكردۆتەوە؟
- بەڵێ بەرنامەمان هەبوو فیستیڤاڵێكی سەرتاسەری بكەین بەڵام هەندێ گۆڕانكاری ڕوویدا لەبەڕێوەبەرایەتی شانۆی سلێمانی كە بەڕێوەبەرەكەیان گۆڕی، لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشتر ئەو بیرۆكەیەمان دانابوو ویستمان شتێكی لەو جۆرە بكەین و لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگای كوردستان فیستیڤاڵێكی لەو جۆرە ساز بكەین. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە ئیتر دەوەستین، بەڵكو ئەو بیرۆكەیە هەر بەردەوامە و لەوانەیە كۆنفرانسێكی شانۆیی بكەین و لەدوای ئەوەش فیستیڤاڵێكی سەرتاسەری ئەنجام بدەین.ئەمە بەشێكە لە پلانەكەمان هەروەها بەنیازین فیستیڤاڵی شانۆیی لاوان و منداڵان ڕێكبخەین، ئەگەر بودجە پەسند بكرێت لەكاتێكی گونجاودا ئەوا فریای ئەو چالاكیانە دەكەوین.
* لەڕاگەیاندنەكاندا تەنها لەبۆنەكاندا باس لە شانۆ دەكرێ، ئایا كەمتەرخەمییەكە لە ئێوەیە یان ڕاگەیاندنەكان بە ئەركی خۆیان هەڵناستن؟
- ئێمە كاتێك بەرهەمی زۆرمان هەیە ڕاگەیاندنەكان دەڵێن مەرج نییە بەرهەمی زۆر ببێتە هۆی پێشكەوتنی شانۆ لە كوردستان، بەڵكو دەبێت پوخت بێت و لەڕووی چۆنایەتییەوە بێت نەك چەندایەتی، ئەو كاتەی بەرهەممان كەمە دەڵێن ئێوە بەرهەمتان نییە و كار ناكەن بۆ زیاد كردنی چالاكیەكانتان. ڕاستە بەڕێوەبەرایەتی شانۆ هەیە، بەڵام دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن مەرج نییە وەكو كارگەیەك بەرهەمی شانۆیی پێشكەش بكات، كاری ئەو بەڕێوەبەرایەتیە زەمینە خۆشكردنە بۆ تیپەكان و هونەرمەندان، جگە لەمەش ساڵانە فیستیڤاڵ ساز بكات و پێشبڕكێ ئەنجام بدات سەڕەرای ئەمانەش ڕێزگرتن و خەڵاتكردنی هونەرمەندان ئەمانە كاری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆییە نەك تیپەكان تەنها چاویان لە بودجەی ئێمە بێت و پارەیان پێ بدەین. دەبێت تیپەكان چالاكتر بن و ئیشوكارەكانیان پوختتر بكەن و بە پلانێكی سەركەوتووانە كارەكانیان ئەنجام بدەن، پێویستە تیپەكان سوود لەو بارودۆخە ببینن كە ئێستا هەیە كار بۆ ئەوە بكەن سیستەمی بلیت پەیڕەو بكەن، ئێستا جەماوەری شانۆ زۆرە دەكرێت زیاتر سوود لەوە وەربگرن نەك تەنها چاوەڕێی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ بكەن.
* تا چەند ئاستی ئەو تیپانەت بە دڵە و پێشبینی داهاتوویەكی چۆنیان لێ دەكەی؟
- ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت هیچ گەشبین نیم پێیان، وەك گوتم دەبێت پلانی ساڵانەیان هەبێت و بەرهەم پێشكەش بكەن. من دەزانم تیپ هەیە نازانێت لە كوێ پرۆڤە بكات شوێنی پڕۆڤەی نییە، تیپ هەیە گرفتی دارایی زۆرە و گرفتی تریش هەن، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەوان بوەستن و تەنها بۆ دانیشتن بارەگا بكەنەوە، ئەو یارمەتییەی ئێستا پێیان دەدرێت ڕۆژانێك نەبوو كەچی كاری زۆر جوان لەو كاتانەدا پێشكەش دەكرا بە بێ هاوكاری كردن و یارمەتی دان، كەچی ئێستا یارمەتیان دەدرێت و كارەكانیان لەئاستی پێویست نییە. سەیر دەكەن ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی شانۆ پارەیان پێ بدات ئیش دەكەن ئەگەر پارەیان پێ نەدرێت كار ناكەن. پێویستە تیپەكان بە شێوەیەكی گەرموگوڕتر بێنە مەیدانەوە و كاری جوان پێشكەش بكەن و بینەری شانۆ زۆرە دەتوانن بەهۆی پارەی بلیتەكانەوە چالاكیەكانیان ئەنجام بدەن.
* نمایشی شانۆیی سەركەوتوو دەبینرێت و هەیە، بۆچی بینەر وەك پێویست ئاگادار نییە؟
- ئەگەر بێینە سەر باسی بینەر ئەوا دەبێت ئاماژە بە دوو خاڵ بكەین، شانۆگەری هەیە لەبەر ژمارەی زۆری ئامادەبووان و بینەران نازانی چۆن پێشكەشی بكەی لەهەمان كاتیشدا شانۆگەری هەیە نازانی چۆن بینەر بهێنی بۆ ئەوەی سەیری بكات. ئەمانە دوو شتی جیاوازن. ئێمە شانۆگەری (فێڵەكانی جەمۆ) و (شا هەر شایە ) مان پێشكەش كرد، نمایشەكەمان وەستاند لە بەر جەماوەر، لەبەر ئەوەی جەماوەرەكە ئەوەندە زۆر بوو، شانۆگەریش هەیە نیو كاتژمێر دوا دەخرێت بۆ ئەوەی هۆڵەكە هەندێك پڕببێتەوە. ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، یەكەمیان لە ڕاگەیاندنەكاندا بەشێوەی پێویست باس ناكرێت و ڕاگەیاندنێكی باشی بۆ ناكرێت، دووەمیان ئەو ستافەی لەشانۆگەریەكەدا بەشدارن نەیانتوانیوە سەرنجی خەڵك بۆ خۆیان ڕابكێشن، نەیانتوانیوە شانۆیەكی وا پێشكەش بكەن جەماوەر جارێكی ترلەشانۆگەریەكەیان ئامادەبێت، سێیەمیان ئەو ستافەی سەرپەرشتی دەكەن و كارەكەیان لەئەستۆیە لەوانەیە كات و شوێنێكی گونجاویان هەڵنەبژاردبێت. لەبەر ئەوەی شانۆگەری هەیە ناتوانیت لەهۆڵی گەل پێشكەشی بكەی هەیە ناكرێت لەهۆڵی ڕۆشنبیری پێشكەش بكرێت، وەرز هەیە یان مانگ هەیە ناتوانرێت شانۆگەریەكی تێدا پێشكەش بكرێت كە نەگونجێت ئەمانە هەمووی كاریگەریان هەیە. نزیكەی سێ هەفتە پێش ئێستا شانۆگەری (شا هەر شایە) پێشكەش كرا، كاتژمێر هەشت و نیوی شەو پێشكەشمان دەكرد پێشتر هەندێك كەس دەیان گوت ئێوە چۆن ئەو كاتەتان داناوە، كێ كاتژمێر هەشت و نیوی شەو دێت بۆ بینینی شانۆ، كەچی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ پێشكەشمان كرد و لەبەر زۆری جەماوەر و بینەر نەمان ئەتوانی بە باشی كارەكانمان بەڕێوە ببەین. بەڵام هەندێك لەوانەی كە دێن بۆ سەیر كردنی شانۆ پێویستە پەروەردە بكرێن، هەست ئەكەم كۆمەڵێك گەنج تەنها بۆ فیكە لێدان ئامادە دەبن كە ئەوەش یان بۆ تێكدانی شانۆگەریەكەیە یان لە پیرۆزی شانۆ نەگەیشتووە، هەندێك لە جەماوەر پێویستییان بەوە هەیە پەروەردە بكرێن لەسەر نەریتێكی هونەریانە.
* بەشی شانۆ لە پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان تا چەند كاریگەریان لە بەرەو پێشچوونی شانۆ لەكوردستاندا؟
_ چەندین ساڵە پەیمانگا هەیە، هەندێك لەقوتابیان تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بوونە و كەشێكی وایان لا درووست بووە كە هەوڵ بدات خزمەت بە هونەر بكات، هەندێكی تریش تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە چوونەتە كۆلێژ و پەیمانگا. دەتوانم بڵێم بەشێوەیەكی گشتی كاریگەریان هەبووە، بەڵام بەپێی پێویست نا. پەیمانگای هونەرە جوانەكان نەیتوانیوە گۆڕانكاریەكی گەورە لە ڕەوتی شانۆدا درووست بكات هەروەها كۆلێژی هونەرە جوانەكانیش نەیتوانیوە ئەو گۆڕانكاریە بكات كە لێی چاوەڕوان دەكرا. خۆی دەبووایە لەڕۆژی جیهانی شانۆدا پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان دوو شتی زۆر گەورە بكەن، بەڵام ئەوەشیان نەكرد. دەكرا ساڵانە لەپەیمانگا یان كۆلێژ فیستیڤاڵێكی شانۆییان ڕێكخستبا، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كە هیچیان نەكردووە بەڵكو هەندێ كاری باشیان كردووە.
* چ بەرنامەیەكتان بۆ پێشخستنی شانۆی منداڵان هەیە؟
- بۆ شانۆی منداڵان هەوڵمان داوە فیستیڤاڵێكی شانۆیی ئەنجام بدەین و پەیوەندیمان لەگەڵ چالاكی قوتابخانەكان هەیە، ئێمە هەموو كاتێك پێشوازیمان لەهەر بەرهەمێكی شانۆیی كردووە كە بۆ منداڵ بێت.دوو ساڵ لەمەوبەر بەرهەمی شانۆیی منداڵانمان پێشكەش كردووە بەهەمان شێوە ساڵی پاریش بەرهەمی لەو جۆرەمان پێشكەش كرد.ئەمساڵیش جگە لە فیستڤاڵەكە هەوڵ ئەدەین ئەوانەی لەبواری چالاكی منداڵاندا كاریگەرن یان بەرهەمیان بۆ منداڵان نووسیوە و خزمەتیان كردووە، خەڵاتیان بكەین.