کریستیانۆ بەسەرهاتێکی قەشەنگ لەسەر هاوڕێیەتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە

کریستیانۆ بەسەرهاتێکی قەشەنگ لەسەر هاوڕێیەتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ گەورە ئەستێرەی تۆپی پێی پرتوگال باس لە بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی دەکات لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی ئەلبێرت فانتراو کە بووە هۆی ئەوەی ڕۆناڵدۆ ببێتە ئەو ئەفسانەیەی ئێستای جیهان

کریس لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت

دەبێت سوپاسی هاوڕێیەکی ئازیزم بکەم بۆ ئەو سەرکەوتنانەی کەبەدەستم هێناوە. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا هەردووکمان خراینە ژێر تێسی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە دواتر کە ڕاهێنەرانی یانەکە هاتن پێیان وتین تەنیا یەک یاریزان هەڵدەبژێرن و هەڵبژاردنەکەش بەگوێرەی ئەوە دەبێت کە کێ گۆڵ زیاتر تۆماردەکات. یارییەکەمان بە ئەنجامی ٣-٠ بردەوە، من یەکەم گۆڵم تۆمارکرد و ئەلبێرتی هاوڕێشم دووەم گۆڵی تۆمارکرد. پێش کۆتایی یارییەکە لە هێرشێکی پێچەوانەدا ئەلبێرت بەتەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزدا مایەوە و منیش لەگەڵیدا ڕامدەکرد، توانی لە گۆڵپارێزیش دەربچێت و گۆڵەکەی بەبەتاڵی لەبەردەمدابوو بەڵام لەبری ئەوەی خۆی گۆڵ بکات تۆپەکەی دابەمن و من گۆڵی سێیەمم کرد. پاش ئەوە من لە سپۆرتینگ وەرگیرام و ئەویش گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

ڕۆناڵدۆ لەدرێژەی گێڕانەوەکەدا وتی

لێم پرسی بۆ خۆت گۆڵت نەکرد؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی چونکە تۆ لە من باشتریت.

پاش ئەوەی ڕۆناڵدۆ ئەم بەسەرهاتەی گێڕایەوە ژمارەیەکی زۆر میدیاکاری وەرزشی سەردانی ئەلبێرتیان کرد بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەسەرهاتەکە، ئەلبێرتیش ئەو باسەی دووپاتکردەوە و هەروەها ئەوەش زانرا پاش ئەو یارییە هاوڕێ دڵسۆزەکەی ڕۆناڵدۆ وازی لەیاریکردن هێناوە و هیچ کارێکیشی نیە.

ڕۆژنامەنووسەکان لێیان پرسی “کەهیچ کارێک ناکەیت ئەی ئەو ئۆتۆمبێلە جوان و گران بەهایەت لەکوێ بوو؟

ئەویش لە وەڵامدا وتی “ئەوە دیاری کریستیانۆیە”
Top