زەبرێکی کوشندە بۆ ڕیاڵ: مارسێلۆ سێ مانگ دووردەکەوێتەوە

زەبرێکی کوشندە بۆ ڕیاڵ: مارسێلۆ سێ مانگ دووردەکەوێتەوە
یانەی ڕیاڵ مەدرید تووشی کێشەیەکی گەورەهات پاش ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە بەرگریکاری یانەکە مارسێلۆ لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکەیدا تووشی پێکان هاتووە و بەوهۆیەوە سێ مانگ دووردەکەوێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە مارسێلۆ لە کاتی مەشقەکاندا لە پۆڵەندا بەمەبەستی خۆئامادەکاری بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر ژاپۆن ئێسکی پەنجە گەورەی قاچی شکاوە و ئەو پێکانەش پێویستی بە سێ مانگە بۆ چاکبوونەوە.

ڕۆژنامەنووس فرناندۆ دوارتی کە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی بەڕازیلدا یەکەم کەس بوو هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و لەسەر پێگەی خۆی لە تویتەر نوسیوییەتی :مارسێلۆ سێ مانگ دووردەکەوێتەوە بەهۆی شکانی ئێسکی پەنجە گەورەی قاچی ڕاستی ، هەواڵێکی ناخۆشە بۆ هەردوو تیپی بەڕازیل و ڕیاڵ مەدرید.

پاشانیش لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پزیشکی فەرمی هەڵبژاردەی بەڕازیل پێکانەکەی مارسێلۆ و دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ پشتڕاستکردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدا فابیۆ کوێنتراو بەهەمان شێوە پێکانی هەیە و وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان ڕانەگەیەندراوە.
Top