ژیاننامە: بالاک ئەو یاریزانەی ئەڵمانییەکان لە یادی ناکەن
بالاک کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن ڕاگەیاند پاش ئەوەی لەگەڵ بایەرن لیڤەرکوزن نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرزی ڕابردوو. ئەستێرە ٣٦ ساڵەکە کۆتایی هێنا بە کاروانە ١٧ ساڵییەکەی لەنێو یاریگا، کە لەو ماوەیەدا یاری بۆ یانەکانی بایەرن میونشن و بایەرن لیڤەرکوزن و کایسەرسڵاوتن و چێڵسی ئەنجامدا.
ناوبراو لە وتەی ماڵئاواییدا وتی «ئەم چەند مانگەم کە بەبێ یانە تێپەڕی نیشانیدام کاتی ئەوە هاتووە بڕیاری وازهێنان بدەم،دەمەوێت ژیانێکی تازە دەست پێبکەم و سوپاسی خێزانەکەم و گشت ئەو کەسانە بکەم کە پاڵپشتییان کردم و هاوڕێ و هاوکارم بوون، ئەوان هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنەکانم بوون».
بالاک گرێبەستی لە وڵاتەکانی قەتەڕ و ئوستراڵیا و ئەمریکاوە پێگەیشت بەڵام وازهێنانی هەڵبژارد لەبری یاریکردن لە دەرەوە ئەوروپا.
بیۆگرافی
ناوی تەواوی مایکڵ بالاکە لە دایکبووی ٢٦/٩/١٩٧٦ ـە. لە شاری گۆرلیتزی وڵاتەکەی لە دایکبووە کە دەکەوێت هەردوو ناوچەی ئەپەر لوساتیا و سیلێسا. بالاک تاقانەی ستیفان و کارین بوو. ستیفان ئەندازیاربوو، دایکیشی سکرتێرە بوو. دواتر خێزانەکەی ڕوویکردە کارل مارکس ستاد ئەوێش ئەو شوێنەبوو بالاک تێیدا دەستی بە یاریکردن کرد.
سەرەتاکان
کاتێک چوونە شارە تازەکە باوکی بالاکی نارد بۆ ئەکادیمیای کارل مارکس ستاد کە دواتر لە ساڵی ١٩٩٠ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ چێمینتزەر، لەبەر ئەوەی ستیفانی باوکی پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بوو وە تاوەکو خولی پلە دوو ڕۆیشتبوو ئارەزووی دەکرد کوڕەکەشی ببێتە یاریزان.
لە ساڵی ١٩٩٥ بالاک بەفەرمی لەلایەن چێمینتزەر گرێبەستی پێشکەشکرا تاوەکو لە خولی پلە دووی ئەڵمانیا یاری بۆ ئەو یانەیە بکات . بالاک لە هێڵی ناوەڕاست یاریکرد و یانەکەی ١-٢ دۆڕا بە لێپزیگ. لە کۆتایی ئەو وەرزەدا یانەکەی بالاک دابەزی بۆ ڕیزی پلە سێ ئەوەش یەکەم بێبەختی ئەو یاریزانەبوو لە تۆپی پێ دا کە بەدرێژایی ژیانی وەرزشی ئەو بێ بەختیەی لەگەڵدابوو. لە ساڵی ١٩٩٦ ئەو یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای خوار ٢١ ساڵ کرا ئەوەش چانسێکی گەورەبوو بۆ ئەو تاوەکو خۆی و تواناکانی بسەلمێنێت.
مایکڵ لەو وەرزەی چێمینتەرز دابەزی بۆ پلە سێ بەشداری لە ١٥ یاریداکرد، بەڵام بۆ وەرزی دوای ئەو بووە یاریزانێکی پێکهاتەی سەرەکی ئەو یانەیە و توانی لەو وەرزەدا سەرەڕای بچوکی تەمەنی ١٠ گۆڵ بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد، هەرچەندە ئەوە بەس نەبوو تاوەکو بتوانێت یانەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ پلە دوو.
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی دووەمدا پێشکەشیکرد، لە هاوینی ١٩٩٧ ئۆتۆ ڕیگاهڵ ڕاهێنەرە ناودارەکەی ئەڵمانیا و ئەو پیاوەی بالاکی بە جیهان ناساند بانگهێشتی ئەو یاریزانەی کرد بۆ کایسەرسڵاوتێرن کە ئەو وەرزە سڵاوتێرن بە ڕابەرایەتی ڕیهاگڵ سەرکەوتبوو بۆ خولی پلە یەکی بۆندزلیگا.
لەگەڵ کایسەرسڵاوتێرن
پاش تێبەڕبوونی ٧ هەفتە لە یارییەکانی بۆندزلیگای وەرزی ١٩٩٧-١٩٩٨ بالاک لە یەکەم یاری بۆندزلیگا بەشداریکرد بەڵام لە سەرەتا بۆ چەند هەفتەیەک تەنیا لە ١٠ خولەکی کۆتایی یارییەکەدا یاری پێدەکرا تاوەکو لە مانگی سێی ساڵی ١٩٩٨ بالاک یەکەم یاری خۆی بۆ کایسەرسڵاوتێرن ئەنجامدا وەک یاریزانی سەرەکی، یارییەکە بەرامبەر بایەرن لیڤەرکوزن بوو. لەو ساڵەدا بەشداری لە ١٦ یاریدا کرد و توانیان نازناوی خولی ئەڵمانی بەدەست بهێنن کە سڵاوتێرن بووە یەکەم یانە لە مێژووی بۆندزلیگا بەدەست بهێنێت لە وەرزی سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکدا.
بۆ ساڵی دوای ئەوە بالاک بووە یاریزانی سەرەکی یانەکە و وە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکان، توانیان بگەنە قۆناغی چارەگی کۆتایی خولی پاڵەوانەکان بەڵام لەلایەن بایەرن میونشن کرانەدەرەوە.
لەگەڵ بایەرن لیڤەرکوزن
لە هاوینی ساڵی ١٩٩٩ لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بالاک بەرامبەر بە ٤ ملیۆن یۆرۆ لە کایسەرسڵاوتێرنەوە گوێزرایەوە بۆ لیڤەرکوزن. کاتێک چووە ئەو یانەیە لەلایەن ڕاهێنەران کریستۆف داوم و کلاوم تۆپمولەر شوێنی یاریکردنی لە ناوەڕاستەوە گۆڕدرا بۆ هێرشبەری دواوە. ئەوەش ڕووێکی دیکەی ئەو یاریزانەی دەرخست و لە سێ وەرزدا لەگەڵ ئەو یانەیەدا ٢٧ گۆڵی تۆمارکرد لە بۆندزلیگا هەروەها نۆ گۆڵی لە پاڵەوانێتیە ئەوروپییەکان تۆمارکرد.
لە ساڵی ٢٠٠٠ لە دواین هەفتەدا لیڤەرکوزن پێویستی بە خاڵێک بوو تاوەکو نازناوی خولی ئەڵمانی بەدەست بهێنێت بەرامبەر بە ماینۆوس ئینتەرهاخین بەڵام بالاک لەو یارییەدا بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان تۆمارکرد و سەرەنجام ٢-٠ یارییەکەیان دۆڕاند، ئەوەش یەکێک بوو لە ناخۆشترین یادگارییەکانی ئەو یاریزانە لە یاریگاکاندا و بایەرن میونشن نازناوەکەی بردەوە.
نەهامەتییەکانی ٢٠٠٢
ساڵی ٢٠٠٢ بەدبەختییەکی گەورە بوو بۆ بالاک و لیڤەرکوزن. یانەکە بە سێ هەفتە پێش کۆتایی خولەکە بە جیاوازی پێنج خاڵ لە پێش گشت یانەکانەوە بوو بەڵام لەدوا سێ یاریدا نازناوەکەیان لەدەستدا و دۆرتموند جامەکەی بەرزکردەوە. هەر لەو ساڵەدا لە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکاندا دۆڕان بە ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی ١-٢. لێرە نەهامەتییەکان بەکۆتا نەهات و ٤-٢ لە یاری کۆتای جامی ئەڵمانیا دۆڕان بەشاڵکێ.
لە هاویندا جامی جیهانی ٢٠٠٢ ئەنجامدرا و ئەڵمانیا و بالاک ٢-٠ لە یاری کۆتاییدا دۆڕان بە بەڕازیل کە بالاک لە یاری کۆتاییدا بەهۆی کارتی سوور یارینەکرد بەڵام هاوڕێکانی لە لیڤەرکوزن بێرند شنایدەر و کارستن ڕۆمیلۆو و ئۆلیڤەر نیوڤڵ لەگەڵ ئەڵمانیا دۆڕان و بە چاوی فرمێسکەوە چوارەم یاری کۆتایی ئەو ساڵەیان دۆڕاند.
لەگەڵ بایەرن میونشن
سەرەڕای گرنگی پێدانی لەلایەن ڕیاڵ مەدرید بەڵام بالاک ڕوویکردە بایەرن میونشن بەرامبەر بە ١٣ ملیۆن یۆرۆ. لە یەکەم وەرزدا نازناوی بۆندزلیگا و جامی ئەڵمانیایان بەرزکردەوە، هەرچەندە لە دووەم وەرزدا بە دەست بەتاڵی ڕۆیشتنەوە بەڵام لە وەرزی سێهەم و چوارەمدا نازناوی زۆریان بەدەستهێنا و بالاک و میونشن لە سێ ساڵدا چوار نازناوی بۆندزلیگایان بەرزکردەوە.
بالاک لە ١٠٧ یاریدا لەگەڵ باڤارییەکان ٤٤ گۆڵی تۆمارکرد.
لە ٢٠٠٦ لە یارییەکی زۆر گرنگدا بۆ بایەرن لە خولی پاڵەوانەکاندا ، بالاک بە ئاستێکی زۆر خراپەوە دەرکەوت و بە هۆکاری یەکەمی دۆڕاندنەکەیان دانرا، دوای ئەو یارییە لە سەرۆکی یانەکە و بەڕێوبەری گشتی و ڕاهێنەر بە جیا هێرشیان کردە سەری و ئەوەش ناکۆکی لە نێوان بالاک و بایەرندا دروستکرد.
لەگەڵ چێڵسی
پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان بالاک گرێبەستەکەی تازەنەکردەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ بێ بەرامبەر ڕوویکردە یانەی چێڵسی کە یەکەم یانەبوو لە دەرەوەی وڵاتەکەی یاری بۆ بکات. ئەوکاتەی چێڵسی هەڵبژارد هەریەکە لە ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد و ئەیسی میلان و ئینتەرمیلان هەولیان بۆ ئەو یاریزانەدەدا بەڵام سەرەنجام ستامفۆرد بریجی هەڵبژارد و هەرزووش وتی دەیەوێت لەو یانەیە واز لە یاریکردن بهێنێت بەڵام دواتر بالاک ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی لەو یانەیە بەسەربرد.
هەر لەو هاوینەدا چێلسی ئەو یاریزانەی بە میدیاکان ناساند و بە درێسە بەناوبانگەکەی خۆی کە ژمارە ١٣یە دەرکەوت، ژمارە ١٣ لە چێڵسی هی ویلیام گالاس بوو کاتێک ئەو ژمارەیە درا بە بالاک گالاس وەک سوکایەتییەک لێکیدایەوە و بەوەش ئەو یاریزانە چێڵسی جێهێشت.
یەکەم وەرزی بالاک لە چێڵسی بە باشی ڕۆیشت، بەشداری لە زۆر یاریداکرد و چەندین گۆڵی تۆمارکرد بەڵام بۆ ساڵی دوای ئەوە چێلسی لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرایکرد بالاک لە میونشن نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدراوە لە پاژنەی پێیدا و بەوەش زنجیرە پێکانەکانی ئەو یاریزانە دەستیپێکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ چێلسی بانگهێشتی بالاکی نەکرد بۆ خولی پاڵەوانەکان. بالاک هەشت مانگ بەهۆی پێکان دوورکەوتەوە و کاتێک گەڕایەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی زۆر بە کەمی یاری پێدەکرا.
لە مانگی چواری ٢٠٠٨ بالاک وەک باشترین یاریزانی یاری نێوان چێڵسی و مانچستەر یونایتد دەستنیشانکرا کە تێیدا گۆڵێکی تۆمارکرد و گۆڵێکی دیکەشی دروستکرد. لە وەرزی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ بالاک بە ئاستێکی بەرزەوە بینرا لە سەرەتاکاندا بەڵام دواتر دووبارە پێکرا و دووبارە بە کەمی لە یارییەکەندا بینرا.
لە ٢٠٠٩ گرێبەستەکەی بۆ ساڵێک لەگەڵ چێلسی تازەکردەوە کەدوا وەرزی ئەو یاریزانەبوو لەو یانەیەدا. لە ٢٠١٠ ڕاگەیەندرا چێڵسی گرێبەستی هیچ کامێک لە بالاک و جۆی کۆڵ و جولیانۆ بیلێتی تازەناکاتەوە و دەتوانن یانەکە جێبهڵن، نەوەش ژیانی بالاک لە لەندەن بەکۆتاهات بە ئەنجامدانی ١٠٥ یاری و تۆمارکردنی ١٧ گۆڵ.
دوا مەنزڵگا و وازهێنان
بۆ وەرزی دواتر بالاک گەڕایەوە وڵاتەکەی و جارێکیتر یاری بۆ بایەرن لیڤەرکوزن ئەنجامدا، بالاک بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەشبکاتەوە کە لە ڕابردوو نیشانی هاندەرانی ئەو یانەیەیدابوو. لە دوو وەرزدا بەشداری لە ٣٥ یاریداکرد و تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکرد. لە هاوینی ٢٠١٢ لیڤەرکوزن گرێبەستی بالاکی تازەنەکردەوە و بالاکیش بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە یاریگاکان کرد.
سەروەری و کەوتنەکان
* بالاک لە ساڵی ٢٠٠٧ بووە تاکە یاریزان لەگەڵ چوار یانەی جیاواز بگاتە چارەگی کۆتایی خولی پاڵەوانەکان
*بالاک بەوە ناسرابوو یاریزانێکی زۆر بەدبەخت بوو ، لە هەشت پاڵەوانێتی گەورەدا لەگەڵ ئەو یانەنەی یاری بۆکردوون و هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یاری کۆتاییدا دۆڕاون (یاری کۆتایی خولی ئەلمانی ٢٠٠٢، یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا ٢٠٠٢،یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان ٢٠٠٢،یاری کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٠٢، یاری پێش کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٠٦،یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان ٢٠٠٨،یاری کۆتایی یۆرۆی ٢٠٠٨، یاری پێش کۆتای خولی پاڵەوانەکان٢٠٠٩)
*جگە لە کایسەرسڵاوتێرن بۆ گشت ئەو یانانەی یاری بۆ کردوون درێسی ژمارە ١٣ی پۆشیووە
*لە ٢٠١٠ بەهۆی کێشە لەسەر کاپتنایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەگەڵ فیلیپ لام کێشە کەوتە نێوانیان و بەوهۆیەوە وازی لە یاری نێودەوڵەتی هێنا.