یاریزانی گۆڕەپان ومەیدان دالیا ئەحمەد:هیوادارم گرنگی بەپاڵەوانیەتییەكانی تەمەن بچووك بدرێت
*چۆن بوو، هاتیتە نێو دنیای یاریی گۆڕەپان ومەیدان؟
-من هەر لە منداڵییەوە بۆ ئەم یارییە خولیام هەبوو، چونكە زۆر حەزم بە ڕاكردن دەكرد، هەستیشم دەكرد كە پێم دەكرێت لەم یارییەدا توانای خۆمی لێبدۆزمەوە، بۆیە ئەم یارییەم هەڵبژارد و بوومە یاریزانی گۆڕەپان ومەیدان.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان لە كوردستاندا چۆن دەبینیت ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان لە ئێستادا لەگەشەدایە، چونكە زۆربەی یانەكان گرنگی بە یاریی گۆڕەپان ومەیدان دەدەن وتیپی جۆراوجۆریان درووستكردوە ئەوەش بەڵگەی بەرەو پێشچوونی یارییەكەیە لە كوردستان .
* ئەم یارییە لە سلێمانی لە چ ئاستێكدایە ؟
-شاری سلێمانی هەر لە مێژەوە بە یاریی گۆڕەپان و مەیدان بەناوبانگە، ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی زۆرگرنگیمان پێ دەدرێت، بۆیە ئەنجامە باشەكانمان بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە یارییەكەش بەردەوام لە پێشڤەچووندایە.
* درەنگ كردنەوەی پاڵەوانێتی هۆكار نابێت بۆدابەزینی ئاستتان؟
- پاڵەوانێتی زۆر دەرنگ دەكرێتەوە لەمانگی چوارەوە تا ئێستا ئەوە مانگی 10یە یەكجار كراوەتەوە، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستمان وامان لێ دەكات ئاستمان دابەزێت، تۆ چەند ڕاهێنان بكەیت، پاڵەوانێتی نەبێت ئاستت دادەبەزێ.
* بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت ؟
- پێم باشە لە هەموو شارێك یاریگایەكی تایبەت هەبێت بە یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان، یانەكانیش گرنگی بە تواناكانی ئاستە تەمەن بچووكەكان بدەن، پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر پێشبكەوێت،ئەگەر ئەم كارانە ئەنجام دران، بێ گومان ئاستی یارییەكە بەرز دەبێتەوە.
*ئەنجامە باشەكانت وەكو یاریزان چین ؟
-خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەم لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق .
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چین ؟
-ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هیچ كێشەیەكمان نییە كە تایبەت بێت بەخۆمان، بەڵام تارتانی یاریگاكەمان تەواو نییە، هیوادارین بە زووترین كات بۆمانی چاك بكەن.
*خانەوادەكەت رێگری لە وەرزش كردنت ناكەن ؟
-بەپێچەوانەوە زۆر هاوكارمن، هاوكاری ئەوان منی گەیاندۆتە هەڵبژاردەی عێراقی، لێرەوە سوپاسیان دەكەم بۆهاوكاری كردنی بەردەوامی من.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەدا، ئەنجامێكی شایستە بەدەستبهێنم و بگەمە لووتكەی ئەم یارییە .
* خاوەنی چەند ژمارەیی پێوانەیی؟
- لە راكردنی 3000هەزار مەتری و 1500 مەتری ژمارەیی پێوانەیی بەناوی خۆم تۆماركرد.
* چی بەو كچانە دەڵێیت كە وەرزش ناكەن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بێن خزمەتی وەرزش بكەن، با بە چاوی خۆیان وەرزش ببین، ئەوە نییە كە ئەوان بەهەڵە تێگەیشتوون.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان وهیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هیوادارم بەردەوامبن لە خزمەت كردنی وەرزش لە شارەكانی كوردستان.