تیپی بالەی یانەی پێشمەرگە بە یاریزانێكی ئێرانی خۆی بەهێزدەكات
لەبارەی بانگێشتكردنی ئەم یاریزانە (نەهرۆ حەمە عەزیز)ی ڕاهێنەری تیپی بالەی كچانی یانەی پێشمەرگە گوتی: تیپەكەمان یەكێكە لە تیپە بەشدارەكانی خولی نایابی بالەی یانەكانی عێراق و ئامادەكاریی تەواومان بۆ ئەو خولە كردووە و لەگەڵ یاریزانەكانی خۆمان و شان بەشانی ئەو یاریزانانە بڕیارمان دا كە یاریزانێكی بەهێزی پیشەگەر بانگێشت بكەین كە خۆش بەختانە توانیمان دلئارام بابان دەست نیشان بكەین كە یاریزانێكی پڕ لە ئەزمون و بەهێزەو ماوەیەكی زۆرە یاری بالە دەكات، نەهرۆ هیواشی خواست بەم یاریزانەو بە یاریزانەكانی خۆیان بتوانن لە خولی نایابی بالەی كچانی یانەكانی عێراق ئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێن و لە پلەكانی پێشەوەی خولەكەوە بێن .
دواتر ( دلئارام بابان )ی یاریزان گوتی : من لە بنەچا و پشتم بەبابانیەكان دەگەمەوە، بۆیە هیواو ئاواتی من بوو بێمە شاری سلێمانی و خزمەتی وەرزش بكەم و لە ئێستاشدا كە هاتوومەتە یانەی پێشمەرگە و لە شاری سلێمانیم زۆر خۆشحاڵم و بە هیوام بتوانم خزمەتێكی بچووكی ئەم یانەیە بكەم، لە درێژەی وتەكانیدا دلئارام گوتی: من بۆ پارەو بۆند نەهاتووم بەڵكو بۆ خزمەتی وەرزش و شاری سلێمانی و یانەی پێشمەرگە هاتووم .
شایانی باسە دلئارام بابان یەكێكە لە یاریزانە دیارەكانی شاری سنەو ماوەی 15 ساڵە لە تیپی بالەی كچانی یانەی سنە یاری دەكات و بەشداری چەندین یاری و خولەكانی وڵاتەكەی كردووە .