ڕەیان ڕەشاد: من بە پێشكەوتنی تێنسی سەرمێز لە هەولێر گەشبینم
*ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز لە كوردستان چۆن دەبینیت ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا زۆر باشە و كە رۆژ لە دوای رۆژیش بەرەو پێشتر دەچێت، تەواوی یانەكانی شارەكانی كوردستان گرنگیی زیاتر بە یاریی تێنسی سەرمێز دەدەن، ئەمەش وایكرد كە ئاستی یارییەكە لە شارەكان بەرزتربێت .
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر لە چ ئاستێكدا دەبینیت؟
- من وەكو كچە یاریزانێك گەشبینم بە ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز لە شاری هەولێر، چونكە یانەكان گرنگیی باش بە ئاستی كچان دەدەن لەم یارییەدا، رۆژ بەرۆژیش ژمارەی كچە وەرزشوانانی ئەم یارییە لە زیاد بووندایەو چەندین ڕاهێنەری بەتواناش لەم شارەدا هەن.
*بە بۆچوونی تۆ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت باشە ؟
- ئەوەی ڕاستی بێت كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەكان زۆر پێویستە، بۆئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێش بكەوێت، هێنانی ڕاهێنەری بەئەزموون بۆگشت ئاستەكانی تەمەن ومەشقی بەردەوامی یاریزانان.
* هەست ناكەیت یاریزانی كچ كەم بەشداری لەم یارییەدا دەكەن ؟
-پێشان ژمارەی كچی یاریزان وەكو پێویست نەبوو، ئێستا لە جاران زۆر باشترە
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چیە ؟
- لە یانەی ئەكاد هۆڵی تایبەتمان هەیە و مەشقی بەردەوام دەكەین، سوپاسی دەستەی كارگێڕی وڕاهێنەرەكەمان دەكەم كە زۆر هاوكارمانن لە یاری كردن.
*لە هەڵبژاردەی عێراق داوانەكراویت ؟
- نەخێر بەڵام لەداهاتوو هەوڵی باشی بۆدەدەم، تاكو ببمە یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە.بۆئەوەی ناوی خۆم بەرز بكەمەوە.
*چی بەو كچانە دەڵێیت كە لە وەرزشكردن دوورن ؟
-بەهیوای ئەوەم كچانیش بەشداریی وەرزش بكەن وبتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن و ببنە كەسانی بەسوود بۆ كۆمەڵگا لە رووی وەرزشەوە، بە وەرزش كردن ناوی خۆیان و وڵاتەكەیان بەرز بكەنەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك لەم یارییەدا چییە ؟
- هیوام وایە بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەم یارییە بەدەست بهێنم.
*یانەی ئەكاد هاوكاریتان دەكات؟
- بەسوپاسەوە لەگشت روویەكەوە بەردەوام هاوكاریمان دەكەن، منیش لێرەوە سوپاسیان دەكەم
*ئەگەر شتێكت ماوە ؟
- دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوكەسانە بكەم كەرۆڵیان لە پێشخستنی تواناكانی مندا هەبووە، بەهیوای ئەوەشم بتوانم گرنگیی زیاتر بە ئاست و توانای خۆم بدەم و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم. سوپاسی خانەوادەكەشم دەكەم كە زۆر هاوكاری منن .
رۆناڵدۆ تاكو هەشت ساڵی دیكە هەر لە ریال دەمێنێتەوە
چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانیی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەوەیان بڵاوكردۆدتەوە كە ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كریستانۆ رۆناڵدۆ تا هەشت ساڵی دیكە لە ریزی یانەی شاهانەی ئیسپانی دەمێنێتەوە، لەم ناوەشدا رۆژنامەی ماركەی ئیسپانی نزیك لە یانەی مەدرید ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە یانەی ریال مەدرید هەموو ئەو مەرجانەی نوێ كردنەوەی گرێبەستی رۆناڵدۆی پورتوگالی ئاشكراكردووە بۆ ئەوەی كریستانۆ لە یانەی مەدرید درێژە بە ژیانی وەرزشی خۆی بدات، هەمو كارەكان بەكۆتایی هاتوون بۆ قسە كردن لەگەڵ یاریزانی ناوبراو رۆنالدۆ، چەند جارێكیش لەگەڵ ڕاهێنەری یانەكە و كاربەدەستانی یانەی مەدرید بۆ ئەم مەبەستە كۆبۆتەوە، ماركا لە زاری چەند بەرپرسێكی یانەی شاهانە ئەوەی گوتووە كە یانەی مەدرید گرێبەستێكی گرانبەها پێشكەشی كریستانۆ دەكات و پاپەندی دەكات تاكو ساڵێ 2020 و تا كۆتایی ژیانی وەرزشی هەر لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە، رۆژنامەی ماركا ئەوەشی راگەیاندووە كە یانەی شاهانە مووچەی ساڵانەی كریستیانۆی بۆ 15 ملیۆن دۆلار زیاد كردووە لە وەرزێكدا،لە كاتێكدا كە ئێستا مووچەكەی كریستانۆ تەنیا 10ملیۆن دۆلارە ئەم زیاد كردنەش رۆیشتنی كریستیانۆی بۆ یانەكانی دیكەی ئەوروپا بە ڕووی هەموو یانەكان داخست.
مۆرینیۆ تا 20 ساڵی دیكە كاری راهێنەرایەتی دەكات
مۆرنیهۆ پێی وایە دەتوانێت تاكو بیست ساڵێ دیكە لەكاری ڕاهێنەرایەتی بەردەوام بێت، لە ئێستاشدا خۆزی مۆرینیۆ دەیەوێت بەهەر نرخێك بێت بۆ یانەی ریال مەدرید وەكو ئەلیكس فێرگسۆنی ڕاهێنەری یانەی شەیتانە سورەكان بێت، مۆرینیۆ سێ مانگی ماوە بۆ ئەوەی بچێتە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە، ئارەزووی ئەوەش دەكات تاكو تەمەنی حەفتا ساڵی، وەكو ڕاهێنەر لەوەرزش كردن بەردەوامبێت، هەر چەندە مۆرینیۆ ماوە ی زیاتر لە 20 ساڵ مەشق وڕاهێنانی چەندین یانەی بەناوبانگی ئەوروپای گرتۆتە ئەستۆ و ئەنجامی بەرچاویشی بەدەستهێناوە، لە لێدوانێكیشیدا بۆدەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتی ئیسپانیا مۆرینیۆ گوتی: من بەهۆی خۆشەویستیم بۆ وەرزش و تۆپی پێ دەمەوێ بۆماوەی زیاتر لە 20 ساڵی دی لە كاری ڕاهێنەرایەتی بەردەوام بم، مۆرینیۆ لە ژیانی وەرزشی خۆی خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەگەڵ چەندین یانەی ئەوروپا بەتایبەتی خولی یانەكانی وڵاتان كە ساڵانە ڕكابەریی بەهێزی دەبێت لە نێوان یانەكانی وڵاتان، مۆرینیۆ لەگەڵ هەریەك لە یانەكانی ریال مەدرید و چێڵسی و ئەنتەر میلان توانیویەتی نازناوی خولی یانەكانی ئەو وڵاتانە بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر تەمەن رێگە بدات مۆرینیۆ دەتوانێت تا بیست ساڵی دی چەندین نازناو بەدەست بهێنێت.
كاڤانی ڕكابەری مارادۆنا دەكات
دوای ئەوەی كاڤانی لەگەڵ یانەی ناپۆلی ئاستی بەرەو پێش چووە، لە ئێستاشدا یاریزانی ناوبراو خوازیارە ژمارەی گۆڵەكانی وەكو مارادۆنای ئەرژەنتینی لێ بكات، لەم بارەشەوە نیدیسۆن كاڤانی یاریزانی ئۆرگوایی و یاریزانی یانەی ناپۆلی ئیتالی ئەوەی بۆ ڕاگەیاندكاران ئاشكرا كرد كەوا خوازیارە ژمارەی گۆڵەكانی وەرز بۆ وەرز زیاتر بكات و ببێتە گۆڵكارێكی مێژوویی لە یانەی ناپۆلی ئیتالی لەگەڵ سەرجەم گۆڵكارەكانی دیكەی یانەی ناپۆلی جیاواز بێت، گوتیشی دەمەوێت ژمارەی گۆڵەكانم لە مارادۆنای ئەستێرەی پێشووی یانەكە و ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرژەنتینی زیاتر بێت، ناشمەوێ خۆم لە ئاستی مارادۆنا ببینم و بڵێم دەگەمە ئاستی ئارماندۆ مارادۆنا خۆشم وەكو ئەو ناناسێنم، بەڵام من كە لە شاری ناپۆلی رۆیشتم مێژوویەك لەم شارە جوانە بەجێبهێڵم بە ناوی خۆم تۆماری بكەم، بزانم شتێكم بۆ ئەو شارە كردووەو گوتیشی دەمەوێ بتوانم ژمارەی گۆڵەكانم لەهەر هەموو گۆڵكارەكانی دیكەی یانەی ناپۆلی زیاتر بێت، شایەنی ئاماژە پێكردنە گرێبەستی كاڤانی و یانەی ناپۆلی ئیتالی تاكو پێنج ساڵی دی بەردەوام دەبێت و دووساڵ پێش ئێستا لە یانەی پالیرمۆوە هاتۆتە ریزی یانەی ناپۆلی تاكو ئێستاش خاوەنی 69 گۆڵە لەگەڵ یانەكەی وپێشتریش مارادۆنا لە ماوەی حەوت ساڵی یاری كردن لە ریزی یانەی ناپۆلی تەنیا 115 گۆڵی بۆ یانەكەی تۆماركرد.
لۆفیش
ستایش كرا
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا رۆژ بە رۆژ ئاستی هەڵبژاردەكەی بەرەو پێش دەچێت، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا ستایشی ئاست و تواناكانی لۆفی ڕاهێنەری یەكەمی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای كردو ئەوەشی بۆدەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد كە لۆف یەكێكە لە ڕاهێنەرە بەتواناكانی جیهان و خاوەن كەسایەتییەكی بەرزە و كەسێكی زۆر شیاوە بۆ سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردەیەكی گەورە وەكو ئەڵمانیا هەر چەندە لۆف لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا كە سەرپەرشتیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەكات، بەڵام نەیتوانیوە هیچ نازناوێك بەدەست بهێنێت، بەڵام ئاستی یاریزانانی هەڵبژاردەی مانشافت زۆر بەرەو پێشچووە، لەوەتەی لۆف سەرپەرشتی ئەڵمانیا دەكات تەنیا لە ریزبەندی فیفا، ئەڵمانیا،هەر لە پلەی دووەم دێت، ئەگەر نا تاكو ئێستا نەیتوانیوە نازناوێكی جیهانی بباتەوە، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیاش گوتی: ئەوەش دەستكەوتێكی گرنگە كە ئاستی هەڵبژاردەكەمان زۆر بەرز دەبێـتەوە هەموو وڵاتانی جیهانی بە ئاسۆیەكی گەشەوە سەیری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەكەن، شایەنی ئاماژە پێكردنە لە ئێستادا بەرپرسانی وەرزشی وڵاتی ئەڵمانیا بەگشتی لە ئاست و توانایی لۆف ڕازین و بەكەسێكی زیرەكی دەزانن بۆ وەرزشی ئەڵمانیا و گرێبەستەكەشی لە دوای كۆتایی هاتنی پاڵەوانێـتیی جامی جیهانی 2104ی بەرازیل كۆتایی دێت، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارانی وەرزشی پێشبینی دەكەن گرێبەستەكەی بۆ نوێ بكەنەوە.