بەهۆی پابەندنەبوونی یانەی سلێمانی:دیدار حامد گرێبەستی هەڵوەشاندەوە
بەوتەی سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی سلێمانی لەگەڵ قائید سەدیری برای ساڵح سەدیر و گۆڵچی یانەی نەجەف گفتوگۆكانیان دەستپێكردووەو بڕیارە رۆژی یەك شەممە گۆڵچی ناوبراو بگاتە شاری سلێمانی، پێشتریش یانەی سلێمانی گرێبەستی لەگەڵ هەردوو گۆڵچی عەلا خەلیل لەیانەی كەرخ و ئیسماعیل ئەحمەد لەیانەی پێشمەرگە ئەنجامداوە، كە نرخی گرێبەستی ئەوەی یەكەمیان 23 ملیۆن دینارە و گرێبەستەكەی ئیسماعیلیش 16 ملیۆن دینارە. لە بەرامبەریشدا دیدار حامد گۆڵچی پێشووی یانەی هەولێر بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند «هەر چەندە پێشتر من و یانەی سلێمانی رێكەوتنی فەرمیمان مۆركردبوو كەوا لە خولی بژاردەدا یاریی بۆ یانەی سلێمانی بكەم،بەڵام بەهۆی هەندێك كێشەوە گرێبەستەكەم هەڵوەشاندەوەو زیاترگوتی: یانەی سلێمانی بڕیاری ئەوەیان دابوو بە هەموو شتێكی من ڕازی بن، بەڵام دواتر لە زۆر شت پەشیمان بوونەوە، یانەی سلێمانی بە منیان گوت هەفتەی سێ رۆژ وەرە مەشقەكانمان دواتر پەشیمان بوونەوە گوتیان دەبێ شەش رۆژ بێیتە مەشقەكان،هەروەها گوتیان مووچەی مانگانەمان بۆ تۆ ملیۆنێك و نیو داناوە، كێشەمان بۆ دروست بووە دەبێت كەمی بكەینەوە، بۆیە منیش بەوانە ڕازی نەبووم، بڕیاری واز هێنانم داو گرێبەستەكەم هەڵوەشاندەوە، ئێستاش نەچوومەتە هیچ یانەیەكەوە.