دوای ئەوەی یانەی دهۆك پلیتی بەدەستهێنانی جامی ئاسیای بەدەستهێناو بووە یەكێك لە یانە بەشداربووەكان بۆ وەرزی نوێی جامی ئاسیا، بۆ ئەم مەبەستەش یانەی دهۆك لەئێستادا لە ئامادەكاریدایە بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەردوو خولی بژاردەی یانەكانی عێراقی و جامی یەكێتیی یانەكانی ئاسیا، بۆئەم مەبەستەش لە وڵاتی توركیا لە كەمپێكی مەشق وڕاهێناندان و لە ئێستاشدا دەستەی كارگێڕیی یانەكە لە هەوڵی ئەوەدایە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا لە یانەكەیان كۆبكەنەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە وەزری نوێی خولی بژاردەی یانەكانی عێراقی، لەم ناوەشدا یانەی دهۆك گرێبەستێكی لەگەڵ یاریزانی بەتوانای هەڵبژاردەی عێراق و پیشەگەر لە وڵاتانی عەرەبی عەلا عەبدولزەهرە مۆركرد، لەم بارەشەوە سەعید ئەحمەد سەرۆكی یانەی دهۆك بەگۆڤاری گوڵانی گوت « ئێمە لە ئێستادا لە ئامادەكاریداین بە مەبەستی باشتر خۆئامادەكردنی تیپەكەمان لە وڵاتی توركیا و ئەنجامدانی چەند یارییەكی دۆستانە و ئێمە ئەم وەرزە دەمانەوێ ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەین و ئەنجامان بەرچاو بێت لە خولەكانی عێراقی و ئاسیا، گرێبەستێكمان بەفەرمی لەگەڵ یاریزانی بەتوانای هەڵبژاردەی عێراق عەلا عەبدولزەهرە مۆركردووە و بۆ یەك وەرز یاریكردن لە ریزی یانەی دهۆك لە جامی ئاسیا و خولی بژاردەی عێراقی، گوتیشی : ئێمە بڕیار بوو گرێبەست لەگەڵ یاریزانی بەتوانای هەڵبژاردەی عێراقی دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندا ئوسامە رەشید مۆربكەین، بەڵام دیار بوو باوكی یاریزانی ناوبراو ڕازی نەبوو لەسەر هاتنی بۆ یانەی دهۆك، بۆیە ئێمەش گرێبەستمان لەگەڵ مۆرنەكرد، لە بارەی بڕی گرێبەستی یاریزانی ناوبراو، سەرۆكی یانەی دهۆك ئامادە نەبوو بڕی گرێبەستەكەی ئاشكرا بكات، گوتیشی: لەئێستادا تیپەكەمان هیچ كێشەو گرفتێكی نییە و ئامادەیە بۆخولی عێراقی و ئاسیا.
شایەنی باسە یانەی دهۆك لەم وەرزە لەسەر دەستی ڕاهێنەری بەتوانای عێراقی جەمال عەلی بەشداری هەردوو خولی عێراق و ئاسیا دەكات و ژمارەیەك یاریزانی پیشەگەریشی لە ریزی یانەكە كۆكردۆتەوە.