یانەی پێشمەرگەی هەولێر یەكەمین بەشی گرێبەستی یاریزانانی دابەشكرد
سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر رایگەیاند بەشی یەكەمی پارەی گرێبەستی یاریزانانی تیپی تۆپی پێیان دابەشكرد و بۆندێكی نوێیان لەگەڵ گۆڵپارێزێكی سووریایی ئیمزا كرد.
نیهاد عادل لە لێدوانێكی رۆژنامەوانید گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دەستەی كارگێڕی یانەمان بەشی یەكەمی گرێبەستی یاریزانانی تیپی پێی تۆپی پێی دابەشكرد كە بەبڕی پارەكە 90 ملیۆن دینار بوو.
بڕیار وایە سبەی پێنج شەم یارییەكانی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە نایابەكانی كوردستان بە بەشداریی 14 یانە دەست پێ بكات، یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە یەكەم تاقی كردنەوەی دا دەبێتە میوانی یانەی بروسك.
عادل گوتی، مەبەست لە دابەشكردنی ئەم پارەیە بەهێزكردن و هاندانی یاریزانانمانە بۆ یارییەكانی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە نایابەكانی كوردستانە كە بۆ وەرزی ئەمساڵ ئێمە بەپێكهاتەیەكی بەهێزەوە بەشداریی دەكەین و كێبركێ لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەكەش دەكەین.
تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەمساڵ هەر زوو دەستی بەئامادەكاریی كرد بۆ خولی نایابی كوردستان، كاتێك كەمپێكی راهێنانی تایبەتی بۆ یاریزانانی لە وڵاتی توركیا كردەوە.
سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر روونی كردەوە، بەردەوام سەرۆكی یانەمان پاڵپشتی تەواومان دەكات و لە هەموو لایەنێكەوە دەوڵەمەندین، هەروەها هەر ئەمڕۆ بۆندمان لەگەڵ گۆڵپارێزی سووری عەگید موسا خەلیل مۆركرد كە پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆلۆمپی سوریا یاریی كردووە و ئاستی بەرزە.
یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە ساڵی 2004 دامەزراوە و ئێستا یەكێكە لە یانە گەورەكانی كوردستان لە رووی ناوبانگ ئاست بەرزی تیپەكانی، بارەگای سەرەكیشی لە پیرمامە