یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی تازەی راگەیاند
- یەكێیتی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و تەواوی ئەندامانی ئەنجام دا و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەركرد:
یەكەم: یەكێتییەكەمان سوپاسی سەرجەم بەشداربووانی خولەكانی راهێنەران و راهێنەرانی گۆڵپارێز و ناوبژیوانان دەكات، كە زۆر بەرپرسانە وانەكانی تیۆری و پراكتیكیان وەرگرت و تەواوی رێنمایی و راسپاردەكانیان جێبەجێ كرد و هیوادارین سوودێكی زۆریان وەرگرتبێت و بە كردەنی لە نێو یاریگەكانی كوردستاندا رەنگ بداتەوە و هاوڕێیان و هاوپیشەكانیان بێبەش نەكەن لە زانیارییەكان، كە خولەكە بە شایەتی هەمووان لە ئاستێكی بەرز بوو، وڵاتی سڕبیاش یەكێكە لە وڵاتە بەرچاو و گەورەكانی جیهانی تۆپی پێ.
دووەم: بڕیار درا كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم راگەیاندنكارانی وەرزشی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 26/9/2012 كاتژمێر (3)ی ئێوارە لە بارەگەی یەكێتیی تۆپی پێ ئەنجام بدرێت، پێویستە رۆژنامەنووس نوسراوی فەرمی دەزگەكەی هەبێت كە نوێنەرایەتی دەكات، ئەوەی ئامادەش نەبێت مافی سەرپەرشتیاری راگەیاندنی یارییەكانی نابێت.
سێیەم: بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر یاریزانانی ناوچە دابڕێنراوەكان، نوێنەری یانە و یاریزانەكە بە بەڵگەنامەی پێویست كە نوسخەی ئەسڵی بێت، لە بارەگەی یەكێتییەكەمان ئامادەبێت لە رۆژانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هەفتانە، كە رۆژانی شەممەی هەموو هەفتەیەكە:
(1. فۆرمی خۆراك 2.رەگەزنامەی عێراقی 3. ناسنامەی باری شارستانی 4. كارتی زانیاری).
چوارەم: تەنیا دوو یاریزانی ناوچە دابڕێنراوەكان مافی یاریكردنیان هەیە لە یانەكانی پارێزگەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دوای وەرگرتنی رەزامەندی یەكێتییەكەمان.
پێنجەم: دوایین كاتی پەسەندكردنی گرێبەستی یاریزانانی خولی نایاب رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 26/9/2012 دەبێت، هەر یانەیەك پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت سزا دەدرێت بۆ جاری یەكەم بە بڕی(1،500،000)یەك ملیۆن و پێنج سەدهەزار دینار.
شەشەم: خولەكانی پێشكەوتووان و لاوانی یانە نایابەكان رۆژانی پێنجشەممە و هەینی هەفتانە ئەنجام دەدرێت.
حەوتەم: قوناغی سێیەمی جامی هەرێمی كوردستان رۆژی هەینی رێكەوتی 5/10/2012 كاتژمێر (3)ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
هەشتەم: نوێنەرانی یانەكانی خوارەوە، ئارەزوومەندانە دەتوانن رۆژی شەممە رێكەوتی 29/9/2012 كاتژمێر(11) پێش نیوەڕۆ ئامادەی راكێشانی تیروپشكی یاریگە و یارییەكانیان بن لە جامی كوردستان لە بارەگەی یەكێتییەكەمان: (1. هندرێن 2. زاخۆ 3. بەردەڕەش 4. هەڵەبجەی شەهید
5. پێشمەرگەی سلێمانی 6. پێشمەرگەی هەولێر 7. ئاڵا 8. هەولێر ).