پارە هەڕەشە لە مانەوەی ئیبرا دەكات لە فەرەنسا
زیادكردنی باجەكان لە بودجەی نوێدا زیادكردنێكی ئاشكرای بەخۆیەوە بینیوە كە بەپێی یاسایەكی نوێ، هەر كەسێك داهاتی ساڵانەی لە یەك ملیۆن یۆرۆ زیاتر بێت، 75 لەسەدی ئەو داهاتە دەبێتە باج.
حكوومەتی فەرەنسی ئاشكرای كردووە ئەو باجە نوێیانە بە شێوەی كاتین تا ئەو كاتەی وڵات قەرزە دەرەكییەكانی لەسەر نامێنێت.
یەكێتی یانەكانی فەرەنسا و خولی فەرەنسی لە بڵاوكراوەیەكدا گوتی ئەو باجە زۆرانە كاریگەریی كارەساتاوی لەسەر تۆپی پێی فەرەنسی دەبێت و ماوەی ركابەری ناهێڵێتەوە.
فیلیپی دیالۆی سەرۆكی یەكێتیی یانەكانی فەرەنسا گوتی ئەو بڕیارە نوێیە لە ساڵێكدا 150 ملیۆن یۆرۆ لە یانەكان دەبات.
هەروەها گوتی ئەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر توانای یانەكان و هاتنی یاریزانان دەبێت و ساڵی رابردوو 131 ملیۆن یۆرۆمان لە شێوەی باجدا داوەتە حكوومەنت.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان دەڵێن زڵاتان ئیبراهیمۆڤیجی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی تووشی كێشەی زۆر دەبێت بەهۆی ئەو یاسا نوێیەوە چونكە مووچەی ساڵانەی 9 ملیۆن یۆرۆیە و بەوەش ساڵانە دەبێ 6 ملیۆن یۆرۆ بداتە باج.