لە جامی یەكێتیی ئاسیا بۆ تۆپی پێ:سبەی هەولێرسەركەوتنی بۆچوار گۆشەی زێڕین رادەگەیەنێت
لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەمی جامی یەكێتیی ئاسیا بۆ تۆپی پێ، یانەی هەولێر هەفتەی رابردوو لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی كیلانتان-ی مالیزی كرد لەم یارییەدا یاریزانانی یانەی هەولێر ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و توانیان بە ئەنجامی (5-1) گۆڵ لە یانە مالیزییەكە ببنەوە،گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (هەڵگورد مەلا محەمەد، لوئەی سەڵاح، ئەمجەد رازی، ساڵح سەدیر (2) گۆڵ) تۆمار كران و تاكە گۆڵی یانەی كیلانتان لە رێگەی یاریزان محەمەد بەدری بە لێدانی سزا تۆمار كرا.
سبەی هەولێر رووبەڕووی كیلانتان دەبێتەوە
وا بڕیارە رۆژی سێشەممە (25/9) لە شاری كوتابهارۆ یانەی هەولێر ببێتە میوانی یانەی كیلانتان لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەمی ئەم پاڵەوانێتیە و یارییەكەش كاتژمێر (3.45) خولەك بە كاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
لەم یارییەدا گشت یاریزانانی یانەی هەولێر لە ئامادە باشیدان و هیچ یاریزانێكی رانەگیراوە و پێویستی بە بردنەوە و یەكسانبوون و دۆڕاندن كەمتر لە چوار گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی بۆ قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین سەركەوێت، بە پێی بۆچوونەكان راهێنەر گۆڕانكارییەكی گەورە لە پێكهاتەی سەرەكی ناكات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەم سەركەوتنە گەورەیە بكات، كە لە یاری رابردوو تۆماری كرد.
خەرجی گەشتی یانەی هەولێر بۆ مالیزیا دابینكرا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بڕیاری دا گشت خەرجییەكانی گەشتی یانەی هەولێر بۆ وڵاتی مالیزیا بكەوێتە ئەستۆی ئەو.
لە لێدوانێكیدا د.شاكر ئەحمەد سمۆ بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش رایگەیاند: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش بڕیارمان دا پاڵپشتی یانەی هەولێر بكەین لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ ئەوەی بتوانێت لە جامی یەكێتیی ئاسیا ئەنجامی شایستە بە دەستبهێنێت و دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ كوردستان تۆمار بكات و بەردەوام دەبین لەپاڵپشتكردنی هەر یانەیەك كە ناوی كوردستان لە ركابەرییەكانی ئاسیا و عەرەب بەرزدەكاتەوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆكی یانەی هەولێر خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هەڵوێستە دەربڕی و گوتی: ئێمە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش دەكەین، كە ئەم هەڵوێستەی نیشاندا بۆ پاڵپشتی كردنی یانەی هەولێر، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە فاكتەریك و هاندەرێك بۆ بە دەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر و نزیكبوونەوە لە خەونی بە دەستهێنانی نازناوی جامی یەكێتیی ئاسیا، هیوادارین بەرپرسانی دیكەی كوردستان هەمان هەڵوێستی د.شاكر ئەحمەد وەربگرن بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنین و ناوی كوردستان بەرز راگرین.
سێشەممە و چوارشەممە چوار یاری ئەنجام دەدرێت
وا بڕیارە لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی 8ی جامی یەكێتیی ئاسیا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە چوار یاری ئەنجام بدرێت بەم شێوەیەی خوارەوە.
رۆژی سێشەممە
كیلانتان – هەولێر
وەحدات ئوردن – كوەێت كوەێتی
ئیتفاق سعودیە – ئەریما ئەندنووسیا
رۆژی چوارشەممە
شورتە سوریا – تشۆنبۆری تایڵاند
جێگەی باسە ئەنجامی یارییەكانی چوونی ئەم قۆناغە بەمشێوەیە بوو.
هەولێر – كیلانتان 5-1
كوەێت كوەێتی – وەحدات سفر-سفر
ئەریما – ئیتیفاق 0-2
تشۆنبۆری – شوڕتە 1-2
خشتەی یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین بەم شێوەیە دەبێت:
براوەی یاریی (هەولێر و كیلانتان) رووبەڕووی براوەی یاریی (شوڕتە و تشۆنبۆری) دەبێتەوە.
براوەی یاریی (ئیتفاق و ئەریما) رووبەڕووی براوەی یاریی (كوەێت و وەحدات) دەبێتەوە.