هەولێر خۆی گەیاندە چوار گۆشەی زێرینی جامی یەكێتی ئاسیا
رێبین رەمزی – كۆتابهارۆ - مالیزیا
رۆژی سێشەممە لە یاریگەی سوڵتان محەمەد لە شاری كۆتابهارۆ لە بەرانبەر زیاتر لە 10 هەزار هاندەر یانەی هەولێر رووبەرووی یانەی كیلانتان بووە، لە یارییەدا یانەی كیلانتان هەوڵی دا گۆڵ تۆمار بكەن بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبووی ئەم دۆرانە گەورەیە بكەنەوە، كە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بەرێوەچوو، بەڵام بەهێزی یاریزانانی هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بووە هۆی شكست پێهێنانی گشت هێرشەكان، لە خولەكی 37ی یارییەكەدا یاریزانی ئۆگەندی سلێمان مستەفا ناسراو بە (سۆلە) توانی گۆڵی یەكەم بۆ یانەی هەولێر تۆمار بكات، گێمی یەكەمی یارییەكە بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرانبەر تەواو بوو.
لە گێمی دووەم یانەی هەولێر توانی كۆنترۆڵی یارییەكە بكات و چەندین هەلی ئاسانیان لە دەستدا، یانەی كیلانتان هەوڵی تۆماركردنی گۆڵی بەرانبەر تۆمار بكات، بەڵام گۆڵپارێز جەلال حەسەن و یاریزانانی هێڵی بەرگری توانیان گشت هێرشەكان پوچەڵ بكەنەوە، لە كاتی زیادكراوی یارییەكە یاریزان محەمەد غەدار توانی گۆڵی بەرانبەر بۆ یانەی كیلانتان تۆمار بكات، دواتر ناوبژیوانی یارییەكە فیكەی تەواوبوونی یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو یانە تەواوبوو.
بەم ئەنجامە یانەی هەولێر توانی خۆی بگەینتە قۆناغی چوار گۆشەی زێرین-ی پاڵەوانێتیەكە و چاوەڕوانی براوی یاری نێوان هەردوو یانەی شوڕتەی سوری و تشۆنبۆری تایلاندی دەبێتەوە.
لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا راهێنەری یانەی هەولێر نزار محروس پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر كرد و گوتی: یارییەكەی ئەمڕۆ زۆر بەهێز بوو هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و جەماوەر هەستیان بەخۆشیەكی زۆر كرد لە نێو یاریگە پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر دەكەم و هیوادارم یانەی كیلانتان قەرەبووی ئەم دەرچوونە لە خولی مالیزیا و جامی مالیزیا بكاتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا نزار محروس گوتی: ناوبژیوانی یارییەكە لێدانێكی سزای بە دیاری پێشكەش بە یانەی كیلانتان كرد بۆ ئەوەی جەماوەری یانەكە دڵیان خۆش بێت بەبۆچوونی خۆم ئەمە لێدانی سزا نەبوو.
لە كۆتایی قسەكانیدا نزار محروس گوتی: پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر دەكەم بەبۆنەی ئەم سەركەوتنە گەورەیە و هیوادارم لە یاری پێش كۆتایی ئەم پاڵەوانێتیە لە نێو یاریگە ئامادە بن بۆ ئەوەی بتوانین بۆ یەكەمین جار بگەینە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە.
دواتر راهێنەری یانەی كیلانتان بۆیان هۆداك گوتی: هۆكاری دەرچوونی یانەكەمان بۆ ئەنجامی یارییەكی یەكەم دەگەرێتەوە، كە بە ئەنجامێكی گەورە تووشی دۆران هاتین، بەڵام یاریزانەكان توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و جەماوەر لە نێو یاریگا چێژیان لە بنینی یارییەكە بینی.
جێگەی باسە دوای تەواوبوونی یارییەكە یاریزانان و شاندی یانەی هەولێر ئاهەنگی سەركەوتنیان گێرا و هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە هاندەرانی یانەی كیلانتان پیرۆزباییان لە یانەی هەولێر كرد و ماڵئاوایان لێكردن.
وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 8.40 خولەكی بەیانی شاندی یانەی هەولێر بگرێتەوە پایتەختی هەرێمی كوردستان.