جوان جیهاد : بەهیوام خزمەتی زیاتری تۆپی تێنسی سەر زەوی بكەم
*ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستاندا چۆن دەبینیت ؟
-لە ئێستادا من دڵخۆشم بە ئاستی وەرزشی تێنسی سەرزەوی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، یانەكانی كوردستانیش لە جاران زۆر باشترن و گرنگیی بەم یارییە دەدەن، لەو بڕوایەشدام كە لە ماوەی داهاتوودا ئاستی ئەم یارییە زیاتر لە كوردستان و لە عێراقیشدا پەرەدەسەنێت،لە شارەكەی خۆشمان بەردەوام لە بەرەو پێشچووندایە.
* ئاستی ئەم یارییە لەشاری دهۆك بەردەوام لە بەرەو پێشچوونە، هۆكاری چیە؟
- بەرپرسانی یانەی دهۆك و شارەكە گرنگییەكی زۆر بە یاری تێنسی سەرزەوی دەدەن،بەهەموو ئاستەكانەوە،یانەكەشمان یەكێكە لە یانە هەرە بەتواناكانی عێراق،تەواوی یاریزانەكانمان لاون لەو یانەیە دروست بووینە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستاندا؟
-گرنگیدانی زیاتر بەم یارییە و خزمەت كردنی دەبێتە هۆی بەرەو پێشچوونی بە ئاراستەیەكی باشتر، هەروەها كردنەوەی چەندین قوتابخانە لە شارەكانی كوردستان بۆئەوەی چەند ساڵێك ڕاهێنانیان پێ بكەین،دەبنە نموونەی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی عێراق بەردەوامیش خزمەتی ئاستەكانی تەمەن بكرێت پێم كارێكی تەندروستە .
*ئەو كێشەو گرفتانەی لە یانەی دهۆك بەرەو رووتان دەبێتەوە زیاتر لە چی ڕەنگ دەداتەوە؟
-تاكو ئێستا یانەی دهۆك نەیهێشتووە هیچ كێشە و گرفتێكمان هەبێت، بەردەوام لە پشتگیری كردنی ئێمەدان بۆیە ئێمە رۆژ بەرۆژ ئاستمان بەرەو پێش دەچێت.
* لەسەر ئاستی جیهانی لە یاری تێنسی سەرزەویدا بە چ یاریزانێك سەرسامیت ؟
- لە ئاستی كچاندا ماریا شاراپۆڤا و لە كوڕانیش بە ڕافایل ناداڵ سەرسامم.
*ماڵەوە هاوكاریت دەكەن بۆ وەرزش كردنت كە ئێستا تۆ یەكێكیت لە باشترین یاریزانەكانی عێراقی؟
-دەمەوێ لێرەوە سوپاسی خانەوادەكەمان بكەم، هۆكاری سەركەوتنی من بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، هەردەم پشتگیریم دەكەن، ناهێڵن كێشەم هەبێت و زۆربەی جارانیش لە یارییەكان ئامادە دەبن و هانم دەدەن.
*چەند ساڵە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقیت ؟
-ماوەی شەش ساڵە لەخزمەتی هەڵبژاردەی عێراقدام و چەندین ئەنجامی باشم لەگەڵیدا بەدەستهێناوە.
* وەكو كچە یاریزانێك هیواو ئاواتت چیە ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان و بەدەست بهێنم ناوی خۆم و كوردستان بەرز بكەمەوە.بتوانم لە پاڵەوانێتیەك بەشداربم تا میدالیایەكی زێڕ بەدەست بهێنم.
*چی بەوكچانە دەڵێیت كە لە وەرزش كردن دوورن؟
-بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ وەرزشكردن، چونكە وەرزش سوودێكی زۆر بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت، هیوام وایە خانەوادەكانیش زیاتر گرنگی بە رۆڵەكانیان بدەن.
*دەڵێن یانەی دهۆك هاوكارێكی باش وپشتیوانی تیپی كچانە؟
-بەڵێ ڕاستە یانەی دهۆك، بەبێ دوو دڵی هاوكارێكی بەردەوامی تیپی كچانە لە یاری تێنسی سەرزەویدا، ئێمەش بە ئەنجامە باشەكانمان وەڵامی هاوكاری و پشتیوانییەكانی ئەوان دەدەینەوە، بەڵام یانەی دهۆك گرنگیی بە هەموو تیپەكانی یانەكە دەدەن وئەندامانی یانەكەش هەموویان لەخزمەتی شارەكەدان.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە بیڵێیت ؟
- بەهیوای ئەوەم خزمەتی زیاتری یاریی تۆپی تێنسی سەر زەوی بكەم و مێژوویەكی باش بۆخۆم تۆماربكەم، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش كە بەردەوام یاریزانانی كوردستان لە هەموو شارەكان بەسەر دەكاتەوە.